20.7.19

کارگی فالوس ئندوسیاتوس

فاڵووس ئندوسیاتوس

ئه‌مه‌ جۆره‌ كوارگێكه‌ كه‌ به‌ چه‌ند ره‌نگ و قه‌باره‌ی جیاواز له‌ ناوچه‌كانی ژێرگه‌رمه‌سێریدا ده‌ڕوێت. له‌ زمانی گشتی دا به‌ ئینگلیسی پێیده‌ڵێن (Stinkhorne) واته‌ شاخ یا قۆچی بۆگه‌ن.
ئه‌م قارچكه‌ كاتێک پێده‌گات په‌رده‌یه‌ک یا تارایه‌کی سپی یا زەرد دایده‌پۆشێت. بۆنێكی ناخۆشی هه‌یه‌. تاراكه‌ ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ٨ی به‌یانی دروستده‌بێت و دوای ئه‌وه‌ ته‌مه‌نی ته‌نیا دوو رۆژ ده‌مێنێت.
ئه‌م كارگه‌ وه‌ک زۆر له‌ كوارگه‌كانی دی هه‌زاران ساڵه‌ لای چینیه‌كان ناسراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ هه‌شت پێكهاته‌كه‌ی (شۆرباوی نه‌مری) كه‌ فه‌یله‌سووفی دێرینی چینی (كۆنگ زی) پێشنیاری كردووه‌.  فالوس ئندوسیاتوس له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر ده‌گمه‌ن بوو، خۆراكی شاهانه‌ بوو.  ده‌ڵێن یه‌كێک له‌ شاژنه‌كانی چین له ‌زنجیره ‌پاشای چینگ كه‌ ده‌بێته‌ شه‌ست ساڵان، فه‌رمان ده‌رده‌كات كه‌ ئه‌م كوارگه‌ی بۆ په‌یدا بكه‌ن تا به‌رده‌وام بیخوات و نه‌مرێت.  ماوه‌ی نۆ مانگ، سێ هه‌زار پیاو به‌ وڵاتدا ده‌گه‌ڕێن تا سه‌ره‌نجام یه‌ک كیلۆ و نیو له‌م قارچكه‌یان ده‌سده‌كه‌وێت.
له‌ رووی سوودی خۆراكییه‌وه‌ پرۆتینێكی زۆری تێدایه‌.  له‌ سه‌د گرام گۆشتی مریشک، سه‌دا ٣٩ی پرۆتینه‌؛ به‌ڵام له‌م كوارگه‌دا له‌سه‌دا ٣٣،٦ی پرۆتینه‌؛ واته‌ جیاوازییه‌كه‌ی زۆر كه‌مه‌.  هه‌روه‌ها كۆلێسترۆڵی خوێن داده‌به‌زێنێت و خوێنبه‌ره‌كان له‌ چەوری پاک ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌م قارچكه‌ وه‌ک جۆره‌كانی تری قارچک سپۆره‌كه‌ی ناپرژێنێت؛ به‌ڵكوو به‌شێوه‌ی شیله‌ یا چه‌سپێک ده‌ریده‌دات؛ مێش و مه‌گه‌ز لێیده‌ئاڵێن و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن و به‌مجۆره‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌.  هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێكرا ئه‌م جۆره‌ كارگه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێرگه‌رمه‌سێریدا ده‌ڕوێت؛ به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا 
ده‌كرێ وه‌ک هه‌موو جۆره‌كانی دیكه‌ی كوارگ له‌سه‌ر دار و خاک بڕوێندرێت.