20.7.19

چەند پەیڤێک سەبارەت بە دۆمبەڵان

بەهادین خەڵکی گوندی تۆکل سەر بە ئالیان لە رۆژاڤای کوردستان، دۆمبەڵانێکی
دۆزیوەتەوە کە ٩٠٠ گرامە. ٢٠١٥

دۆمبەڵان رووەکێکی وەرزییە و لە نێوەراستی زستانەوە تا مانگی یەکەمی بەهار لەو ناوچانەدا کە خاکی لمین و قسڵییان هەیە دەڕوێت. وەک جۆرەکانی دیکەی کەڕوو لەلای خەڵکی ئاسایی بە شتێکی سەیر و سەمەرە یا پەرجوویی باسیکراوە و بەجۆرێک لە خەڵکی گەیەندراوە کە رووەکێکی بێ تۆوە و هۆکاری رووانی بریتییە لە هەورەبرووسکە! دەڵێن جاری وا هەبووە دۆمبەڵانێکی بچووک لە بن بەردێکی زل و زبەلاح روواوە و بەردەکەی بەرز کردووەتەوە! دەڵێن ئاوەکەی بتکێندرێتە نێو چاو چارەسەرە بۆ هەموو نەخۆشییەکی چاو!
بەڵام ئەم قسانە هەموویان بێ بەڵگەن و تەنیا قسەی سەر زاری خەڵکن. لە سەرچاوە ئیسلامییەکاندا هاتووە: بوخاری و موسلیم لە سەعیدی کوڕی زەیدەوە گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: "الكمأة من المن وماؤها شفاء للعين". واتە: "دۆمبەڵان لە گەزۆیە و ئاوەکەی چارەسەرە بۆ چاو.
بەگوێرەی ئەم فەرموودەیە دۆمبەڵان کە جۆرێک کەڕوو یا قارچکە دەبێ لە گەزۆ دروست بێت، یا بە هۆی گەزۆوە دروست بێت و بڕوێت. لە کاتێکدا کە گەزۆ بەرهەمی جۆرێک مێرووە. من نازانم شارەزایانی فەرموودەکانی پێغەمبەر چۆن ئەم فەرموودەیەیان لێکداوەتەوە و شرۆڤە کردووە؛ بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە بێت کە من لێی تێگەیشتووم، پێناچێت ئەمە فەرموودەی خودی پێغەمبەر بێت؛ چونکە پێغەمبەر قسەیەکی نەکردووە کە ناتەبا و پێچەوانە بێت لەگەڵ مەنتق و راستی.
جێگای سەرنجە کە شارەزایانی کشتوکاڵ و ژیانزانی و بەتایبەتیش کەڕووزانی دەمێکە دۆمبەڵانیان ناسیوە و تەنانەت تۆوەکەیشیان وەرگرتووە و روواندوویانە. یانی زانست ئەمە رەتدەکاتەوە کە دۆمبەڵان بە هۆی گەزۆوە دروست بێت. هەر ئێستا لە زۆر وڵات مووچە و مەزرای بەرفراوان تەرخان کراون بۆ بەرهەمهێنانی دۆمبەڵان؛ و دومبەڵانیش وەک کوارگ و پزلیک و هەموو جۆرەکانی تری کەڕوو میوەی شتێکە کە پێیدەڵین مایسیلیەم یا ریشاڵ. ئەوە ناچێتە ئەقڵەوە کە رووەک لە زیندەوەر بزێت.
سەبارەت بە بەشی دووەمی فەرموودەکە کە دەڵێت ئاوەکەی چارەسەرە بۆ چاو، دەبێ بگوترێت کە دۆمەڵان وەک هەموو جۆرەکانی دیکەی کەڕوو دەوڵەمەندە بە پرۆتین و دژەئۆکسانەکان و چەوری و کاربۆهایدرەیت و و کانزاکان و تەنانەت خەسڵەتی دژەشێرپەنجەیان تیادایە؛ بەڵام تا ئێستا نەسەلمێندراوە وەک چارەسەر بۆ نەخۆشییەکی دیاریکراوی چاو بەکار هێنرابێت؛ تەنانەت سەرچاوە ئیسلامیەکانیش لەم بارەیەوە بۆچوونی جیاوازیان هەیە و لەبارەی توانای چارەسەرییەکەیەوە کۆک نین. یەکێک لە بۆچوونەکان دەڵێت مەبەستی فەرموودەکە ئەمەیە کە ئاوی دۆمبەڵان لەگەڵ دەرمانی چاو بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەر نەک بە تەنیا.
دۆمەڵانی ٩٠٠ گرامی
سەرچاوە: بوویەر پرێس
لە ماوەی رابردوودا چەند ڤیدیۆیەک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە کە کەسانێک مامۆتک ئاسا خۆیان کردووەتە رێنیشاندەری خەڵکی و فێریان دەکەن چۆن ئاوی دومەڵان بگرن و بیکەنە چاویانەوە؛ گوایە بۆ هەموو دەرد و ئازارێکی چاو دەبێت و بینایی چاو زیاد دەکات و؛ و تەنانەت دەڵێن ئەو کەسانەیش کە هیچ نەخۆشی و گرفتێکی چاویان نییە بیکەن چاویانەوە، سوودی لێدەبینن.. راستییەکە ئەمەیە کە ئەم قسانە هیچی نەسەلەمێندراوە و فڕی بەسەر راستییەوە نییە. بە پێچەوانەوە بەکارهێنانی ئاوی دومبەڵان و قارچک و کەڕووەکان بۆ چاو، بۆی هەیە زیانی زۆر بە کەسەکە بگەیەنێت و دوچاری نەخۆشیی بکات. ئەو ئاوەی کە لە دۆمبەڵان دەگیرێت بۆیە هەیە هەر دڵۆپێک هەزاران دەنکۆڵەی هاگ واتە تۆوی دۆمبەڵانی تیادا بێت. دوای ئەوەی دەکرێتە چاوەوە دەنکۆڵە هاگەکان بە هۆی گەرما و شێی گونجاوی لەشی کەسەکەوە بۆیان هەیە گەشە بکەن و ببنە هۆکاری جۆرێک لە هەوکردنی کەڕوویی لە چاو و روخساردا. رێنوێنیی ئێمە بۆ خەڵکی ئەمەیە کە بە هیچ شێوەیەک ئاوی دۆمەڵان نەکەنە چاویانەوە، مەگەر بە رێنوێنی و چاودێریی پزیشک.



پەیوەست بەم بابەتەوە:
پزیشکانی چاو لەبارەی دۆمەڵان روونکردنەوەیەکی بەپەلە بڵاو دەکەنەوە


سەرچاوە:
بوویەر پرێس