20.7.19

چۆنیەتیی دروستکردنی خاشاکی کارگ

خاشاک یا کۆمپۆست واتە ئەو پەینە یا ئەو خاکە کە لە چەند ماددەیەکی ئۆرگانیک یا نائۆرگانیک دروستدەکرێت تا بکرێتە نشیمەن و نێوپارە بۆ روواندنی قارچک یا هەر رووەکێکی تر.  جۆرەکانی خاشاک زۆر و جیاوازن.  کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی خاشاک بەگوێرەی پێداویستییەکانی بازاڕ و خواستی کڕیارەکانیان رۆژانە خاشاکی جیاواز دەخەنە بازاڕەوە.  جیاوازییەکان بە دوو مەبەستن.
یەکەم: جۆری رووەک یا درەختەکان.  وەرزێڕی وا هەیە تەنیا یەک یا دوو جۆر بەرهەمی هەیە، بۆ ئەو مەبەستەیش دەگەڕێت بە دووای باشترین خاشاکدا کە تایبەت بێ بەو بەرهەمانەی خۆی.
دووەم:  زیادکردنی بەرهەم یا تەندروستترکردنی بەرهەم.  هەندێک وەرزێڕ بە دوای بەرهەمی زۆر و خێرا دادەگەڕێن و گوێ نادەنە لایەنی  سەلامەتی و تەندروستی؛ هەندەکیش بەپێچەوانەوە.  ئیتر هەرکام لەم دووانە جۆری خاشاکی تایبەت بەخۆیان دەوێ.  هەموو ئەمانە بەرهەمهێنەرانی کۆمپۆست ناچار دەکات کە خاشاکەکانیان زیاتر تایبەت بکەن و بەشێوەی جیاجیا بیاننێرنە بازاڕ.

شایانی باسە کە هەندێک لە خاشاکەکان بۆ بەهێزبوون، ماددەی کیمیایی وەک یووریا و هەروەها توخمە سەرەکییەکانی وەک پۆتاسیۆم و نایترۆجین و فۆسفات و.. یان تێدەکرێت.  هەندێکیش لە جیاتی ماددە کیمیاییەکان ماددەگەلێکی جیاوازیان تێدەکرێت کە پێیاندەڵێن (تەواویەر) واتە خۆراکدەر یا یارمەتیدەر؛  بۆ وێنە دۆشاو، پاشەرۆی پەلەوەر، خوێن، هەوێن و تاد..
هەروەها هەندێک جۆریش هەن کە سەداسەد پاشماوەی دار و دەوەن و گیان و هیچ چەشنە ماددەیەکی کیمیاییان تێکەڵ ناکرێت.
   خاشاکی کوارگ جۆرێکی جیاوازە لە هەموو خاشاکەکانی دیکە؛ چونکە کوارگ خۆی ناتوانێت خۆراک بۆ خۆی دابین بکات، هەربۆیە خاشاکەکەی دەبێت هەموو پێداویستیەکانی تێدا بێت.  بۆ ئەم مەبەستە پێویسته‌ سه‌ره‌تا خاشاکێک ساز بکرێت که‌ پێکهاته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی بریتین له‌ قه‌سه‌ڵی گه‌نم یا جۆ، پاشه‌رۆکی په‌له‌وه‌ر، گه‌چی خاو.  پاشه‌رۆکی ئه‌سپ و دۆشاو و یووریا و هه‌ندێک مادده‌ی به‌هێزکه‌ری تریش هه‌ن که‌ هه‌ندێک که‌س به‌کاریان ده‌هێنن.  که‌سانی ئه‌وتۆیش هه‌ن له‌ بری ئه‌م مادده‌ ئۆرگانییانه‌ مادده‌گه‌لی کیمیایی به‌کار ده‌هێنن. هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ری باشن به‌ڵام له‌ ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه‌ کاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر سەلامەتیی به‌رهه‌مه‌که‌ به‌جێده‌هێڵیت.

دروستکردنی خاشاکی کارگی دو‌گمه‌یی ماوه‌ی 21 ڕۆژ ده‌خایه‌نێت و له‌م ماوه‌یه‌دا، هه‌ر سێ یان چوار ڕۆژ جارێک پێکهاته‌کان به‌ شه‌ن ژێر و ژوور ده‌کرێن و ئه‌گه‌ر پێویستیان به‌ ئاو بوو ئاوپڕژێن ده‌کرێن.
-  سەرەتا قەسەڵەکە بۆ ماوەی ٢٤ هنگار لە شوێنێک کۆدەکرێتەوە و تەڕدەکرێت.  چاودێری دەکرێت تا لەم ماوەیەدا وشک نەبێتەوە.
- دوای ٢٤ هنگار پاشەڕۆی مریشکی بەسەردا دەپڕژێندرێت و باش تێکەڵاو دەکرێت.
- ئینجا گەچی خاوی بەسەردا دپڕژێندرێت و لێکدەدرێت  تا بە جوانی گەچەکە بە قەسەڵەکەوە دەنووسێت.
- دوای ئەمە لە شوێنێک دەکرێتە کۆما و دادەپۆشرێت.
هەموو سێ رۆژ جارێک سەرەوبن دەکرێت و ئاوپڕژێن دەکرێت و جارێکی دی دەکرێتەوە کۆما.
- دوای 21 ڕۆژ خاشاکە‌که‌ پێده‌گات و له‌ ژوورێکی تایبه‌تدا (پاستورایز) ده‌کرێت؛ ئینجا ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی گەرا یا تۆوی کوارگی تێدا بوه‌شێندرێت.
خاشاکی کوارگی دوگمه‌یی لە رۆژانی سەرەتادا بەهۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆری ئامۆنیای تێدایە، بۆگەنێکی زۆری لێوە دێت؛ بەڵام  کاتێک که‌ پێده‌گات ڕه‌نگی قاوه‌ییه‌ و چڵه‌ قه‌سه‌ڵه‌کانی نه‌رم و ڕیزاڵ ڕیزاڵ ده‌بن و هیچ بۆگه‌نێکی ئامۆنیای لێوه‌ نایەت.


No comments:

Post a Comment