20.7.19

ویتلاکۆچێ یا کوارگی گەنمەشامی

ویتلاكۆچێ، كارگی گه‌نمه‌شامی، دۆمبەڵانی گەنمەشامی،  كه‌ دومبه‌ڵانی مه‌كسیكی یا دۆمەڵانی گەنمەشامیشی پێده‌گوترێت، جۆرێكه‌ له‌ كه‌ڕوو.  ئەو کەڕووە کە دەبێتە هۆکاری گۆڕانکاری لە گەنمەشامیدا بریتییە لە (ئوستیلاگۆ مەیدیس).  واتە ویتلاکۆچێ بەدەست ناڕوێندرێت؛ به‌ڵكوو كه‌ڕوویه‌كی ده‌گمه‌نه‌ و ‌خۆی به ‌ڕێكه‌وت له‌سه‌ر كوێچكه‌ی گه‌نمه‌شامیی پێگه‌یشتووی ئۆرگانیک دەگیرسێتەوە و لە کەشێکی لەبار و گونجاودا گەشەدەکات و ده‌ڕوێت.  دووای باران بارینی زۆر، له‌سه‌ر كوێچكەی‌ زۆرێک لە گه‌نمه‌شامییه‌كانی وڵاتی مەکسیک ده‌رده‌كه‌وێت.  لە راستیدا کەڕووی ئوستیلاگۆ مەیدیس کەڕوویەکی بیماریزایە و گەنمەشامییەکە تووشی نەخۆشیی کوێڕوو  دەکات و لاوازی دەکات یا گەشەی دەوەستێنێت.  نەخۆشیی کوێروو لە گەنمیشدا هەیە و زیانێکی زۆر بە گەنم دەگەیەنێت.  ئەمە جۆرە کەڕوویەکە لە پۆلی ئوستیلاگینۆمایسیتیس کە کەڕوویەکی مفتەژی\مشەخۆرە و بەگشتی ١٤٠٠ جۆر و ٧٠ جسنی جیاوازی هەیە.

نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوونی گەنمەشامی بەم نەخۆشییە بریتییە لەوە کە گەڵاکانی هێڵی زەردیان لێ پەیدا دەبێت و نەرم و شلییەکەیان نامێنێت.  رەنگە سەوزەکەیان تۆخ دەبێت.  بەرەکەیان خێراتر لە بەری ئاسایی پێدەگەن و کاتێک سەردەردەهێنن رەنگیان لە جیاتی زەرد، سورمەیی و خۆڵەمێشییە. بۆ پێشگیری کردن لە پەرەسەندنی ئەم کەڕووە، پێویستە هەر کاتێک کە هەستت بە هەبوونی کرد، یەک بە یەک ئەو سەرکە گەنمە شامییانە لێ بکەیتەوە و بیانسووتێنیت.  هەروەها لە ئاودانی بارانی خۆ بپارێزیت؛ چونکە ئەمە رێگەیەکە بۆ بڵآوبوونەوەی.  ساڵی دوواتریش ئەو زەوییە نابێ بکرێتەوە بە گەنمەشامی.

لە هەمان کاتدا کە ئەمە نەخۆشییە بۆ گەنمەشامییەکە، بەڵام هەر لەم کاتەدا ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر گەنمەشامییەکەدا دێت، دەیکات بە خۆراکێکی تر واتە لە راستیدا دەیکاتە جۆرێک کوارگی خۆراکی.  پێش ئەوەی زۆر پیر بێت و پێبگات شیاوی خواردنە.  خواردنی ویتلاكۆچێ له‌ مه‌كسیک زۆر باوه‌ و نرخی گرانه‌.  مێژووی خواردنه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شارستانییه‌تی كۆنی ئازتێک؛ واتە ئەمریکاییە رەسەنەکان كه‌ به‌ر له‌ گه‌یشتنی ئه‌وروپاییه‌كان بۆ ئه‌مریكا، له‌وێ هه‌بوو. ئه‌و چاخه‌ به‌ خواردنی پیاوی هه‌ژار ناسرابوو؛ به‌ڵام ئێستا له‌به‌ر ده‌گمه‌نی و گرانییه‌كه‌ی بێشتر بەر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان دەکەوێت و ئەوان ده‌یخۆن.  شایانی باسە کە ویتڵاکۆچێ لە تورکیایش دەخورێت.  ئەم ڤیدیۆیەی سەرەوە رۆژی ٢٧\٦\٢٠٢١ هاوڕێیەکی بەرێز بە ناوی سۆران زرار باپیر لە دەشتی بیتوێنەوە گرتوویەتی و بۆمانی ناردووە.





سەیرکردنی ئەم ڤیدیۆیەیش خراپ نییە بۆ 
زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ویتڵاکۆچێ











سەرچاوە:

فوود ریپەبڵیک