20.7.19

جاران لە کوردەواری دا


جاران له‌ کورده‌واری دا باو بوو که‌ پاییزان و به‌هاران هه‌ر شه‌وێک باران و گرمه‌ و زرمه‌ و چه‌خماخه‌ی هه‌ور و برووسک بووایه‌، به‌ته‌مه‌نه‌کان به‌ منداڵه‌کانیان ده‌گوت ئه‌مشه‌و کارگ هه‌ڵده‌تۆقن، به‌یانی سه‌حه‌ری بڕۆن بۆ ئه‌و ده‌شت و کوێستانانە‌ بۆ کارگ چنینه‌وه‌.


ئه‌وسا باوه‌ڕ وابوو که‌ له‌گه‌ڵ گرمه‌ی هه‌ور و زه‌بری برووسکه،‌ زه‌وی شه‌ق ده‌بێت و قارچکه‌که‌ لێوه‌ی دێته‌ ده‌ره‌وه‌. هەروەها زۆر کەس بڕوای وابوو کارگ سەرەتا کە لە خاک دێتە دەرەوە لە شێوەی کەفێکدایە و پاشان دەمەییێت و تەنراوەکەی پتەو دەبێت.
به‌ڵام زانستی نوێ سه‌لماندی که‌ ئه‌م بۆچوونانه‌ هه‌ڵه‌ن؛ و کوارگیش وه‌ک هه‌موو ڕووه‌کێکی تر تۆوی هه‌یه‌؛ و به‌هۆی ئاو و ژینگه‌ و هه‌وای گونجاوه‌وه‌ ده‌ڕوێت. له‌ هه‌ر کات و هه‌ر شوێنێکدا ئه‌م ژینگه‌ گونجاوه‌ی بۆ دابین بکرێت، کوارگ گه‌شه‌ده‌کات و پێواژۆی ژیانی ده‌ست پێده‌کات.

دیارە بەر لە گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی زانستی ژیانزانی و زیندەوەرزانی، زانایان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە تەنانەت زۆر لە کرم و زیندەوەرە بچووکەکانیش وەکوو کەڕوون؛ واتە وەک چۆن خواردنێک بە هۆی کۆن بوونەوە کەڕوو هەڵدێنێت، هەر بەم جۆرەیش گۆشت کە کۆن دەبێ کرم هەڵدێنێت.  یانی ئەو سەردەمە باوەڕ وابوو کە نە کرم و مێرووە وردیلەکان رەسەن و نەژادێکیان هەیە و بە ڕێگەی زاووزێ زیاد دەبن؛ و نە کەڕوویش تۆوی هەیە و بە ڕێگەی تۆوەکەیەوە زیاد دەبێت.  بەڵکوو لایان وابوو ئەوانە دەرەنجامی کۆنبوون و گەنینی خۆراک یا ماددەکانی ترن؛ باوەڕ نەدەکرا کە کەڕوویەک خۆی چۆن بێت، هەر ئەو کەڕووەی لێ بروێتەوە.

بەهەرحاڵ پاش هەور و برووسک و باران و دوای ئه‌وه‌ی کوڕ و کچه‌ گه‌نجه‌کان به‌ چارۆکه‌ و تووره‌که‌ی پڕ له‌ کوارگه‌وه‌ له‌ کوێستان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ماڵه‌وه‌ ڕووه‌که‌کان له‌ یه‌کتری جیا ده‌کرانه‌وه‌ و دابه‌ش ده‌کران.  ئینجا کاتی ئه‌وه‌ ده‌هات چێشت ئاماده‌ بکرێت. دایک و باوکه‌کان کچه‌کانیان ئامۆژگاری ده‌کرد که‌ قارچکه‌کان له‌ گۆشه‌یه‌ک یان له‌ لایه‌کی حه‌وشه‌ و حەساره‌که‌ بشۆرنه‌وه‌ و پاک بکه‌نه‌وه‌ که‌ زۆر هاتوچۆی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێت. ئه‌وان باسیان لە تۆو نەدەکرد بەڵام پێیان وابوو ماکەی ئەم قارچکانە لەگەڵ ئاوەکەدا ڕۆدەچێتە نێو خاک و جارێکی دیکە هەڵەسوونە دێنێتەوە؛ و بۆ ساڵی دواتر له‌م شوێنه‌ کارگ ده‌ڕوێت.  ئه‌م قسه‌یه‌شیان هه‌ر له‌ خۆڕایی نه‌بوو؛ به‌ڵکوو له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌زموونی پێشوویان هه‌بوو.

ئه‌م بۆچوونه‌ ساڵه‌های ساڵ له‌ نێو کورده‌واری دا باو بوو.  زانستی تازه‌ش پشگیریی ده‌کات؛ و ده‌ڵێت که‌ له‌گه‌ڵ پاککردنه‌وه‌ و شۆردنه‌وه‌ی کوارگ له‌ شوێنێک که‌ پووش و په‌ڵاش و چیلکه‌ و چه‌وێڵی لێ بێت( که‌ بێگومان تا ده‌یه‌ی چله‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زۆربه‌ی ڕووبه‌ری کوردستان به‌ گیا و ڕووه‌ک داپۆشرابوو) له‌گه‌ڵ له‌باربوونی ئاو و هه‌وا دا ژینگه‌ی له‌بار بۆ کوارگ ئاماده‌ ده‌بێت و کوارگ ده‌توانێت بڕوێت. له‌ چین و ئه‌مریکا و تایله‌ند و زۆر وڵاتی دیکه‌ که‌سانی وا هه‌ن له‌ کێڵگه‌دا کوارگ به‌ دێراو ده‌چێنن و و به‌رهه‌می باشیشی لێ ده‌چننه‌وه‌.  دیارە چینییەکان لە کۆنەوە کوارگیان لە ئەشکەوتدا روواندووە و لە بابەتێکی تردا ئەم باسە بە درێژی دەکرێت.