20.7.19

سەبارەت بە ووشەی دۆمەڵان



دۆمەڵانی ناوچەی بیجاڕ، ئەردەڵان، بەهاری ٢٠١١
وێنە: عەلی عەممارلوو

دومبه‌ڵان، دونبەڵان، دۆمه‌ڵان، دۆمبه‌ران، گەپڵە، گوێزرکە.  جۆرێکه‌ له‌ کارگ که‌ له‌ژێر خاکدا ده‌ڕوێت و گه‌شه‌ده‌کات و پێده‌گات.  کوردانی کرمانج  وا باوەڕ دەکەن کە لە رووی زمانەوانییەوە وشەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە. (دووڤ) و (بەران) واتە باتوو (گون)ی بەران.  کاتێک کە دەکرێتە چێشت، شێوە و چێژەکەی لە باتووی بەران دەچێت؛ هەر بۆیە ئەم ناوەی لێنراوە.  لە زمانی فارسیشدا وشەکە جیا لەوە کە ناوی ئەم رووەکەیە، واتای (باتوو)یش دەدات.  هەروەها لە  زاراوەکانی تری کوردیدا دم یا دوم واتای کلک دەدات کەواتە دم\دوم+بەران واتە کلک یا دونگی بەران.  لەلایەکی دیکەوە واژەی دومەڵ لە کوردیدا بە زیپکەی گەورە دەگوترێت؛ و واتە شوێنەک لە لەش کە ئاوساوە و خڕبووەتەوە.  خودی ووشەی دومەڵ پێدەچێت لە دم\دوم و پاشگری ەڵ پێکهاتبێت واتە شتێک کە لە دم یا کلک دەچێت.  هەروەها دەشێت بگوترێت دومەڵ هەمان دومەڕە؛ بە واتای دوم یا کلکی مەڕ.  بەگوێرەی ئەم لێکدانەوە ووشەڕەتناسیانە (دۆمبەران) کە دەربڕینی وشەکەیە بە شێوەزاری خۆشناوەتی و هەولێر، لە هەموو شێوەزارەکانی تر دروستترە.

دۆمبەڵان بەشێوەی خۆڕسک لە ئەوروپا، ئاسیا، باکووری ئەفریقا و باکووری ئەمریکا دەڕوێت؛ بەڵام لە رووی بازرگانییەوە تەنیا سێ جۆر دۆمەڵان گرنگن.  لێرەدا مەبەست ئەو دومبەڵانانەیە کە لەپاڵ درەختدا دەڕوێن و لە جسنی راژک (Tuber) ن.  ئەم جسنە جیاوازە لە جسنی تێرفێزیا(Terfezia) کە لە دەشت و بیابانەکان و لەپاڵ گیادا دەڕوێت.  دۆمەڵانەکانی(Tuber) بەشێوەی هاوژینی لەگەڵ رەگ و ریشەی ئەو درەختانەدا دەژیێن کە لە نزیکییەوە دەڕوێن و میوەکەیان لە ژێر خاکدا دروستدەبێت و گەشەدەکات.  بۆ دۆزینەوەی دۆمبەران پێویستە سەگ یا بەرازی راهێنراو بە دووایدا بگەڕێت، چونکە هەستی بۆنکردنیان بەهێزە.
ئه‌م ڕووه‌که‌ له‌ شوێنی نه‌رمان و هه‌ڵچۆڕ و له‌ که‌شوهه‌وای به‌هاری و پاییزی دا ده‌ڕوێت.  دومبه‌ڵان قه‌باره‌‌یه‌کی دیاریکراوی نییه‌ و ڕه‌نگی جیاوازی هه‌یه‌. له‌ کوردستان زۆره‌ و خۆراکێکی به‌تام و چێژه‌. له‌ کورده‌واریدا وه‌ک زۆربه‌ی جۆره‌کانی دیکه‌ی قارچک، دومبه‌ڵانیش له‌ ڕۆن دا سوور ده‌کرێته‌وه‌، ئاڵه‌ت و خوێی به‌سه‌ردا ده‌پڕژێندرێت، که‌مێک ئاولیمۆی به‌سه‌ردا ده‌کرێت و چۆڕێکیش ئاوی تێده‌کرێت؛ ئینجا ده‌خورێت. دومبه‌ڵانی کوردستان ڕه‌نگی سپی، خاکی و قاوه‌یی سوورباوە. ناوچەکانی گەرمیان هەتا قەرچەووخ و کەندێناوە دەوڵەمەندن بە دۆمەڵان.  خانەقین و حەمرین بەدۆمەڵانی سپی ناسراون.  لە هەرێمەکانی ئیلام و لوڕستان و ئەردەڵان و هەروەها باکووری رۆژهەڵاتی ورمێش ساڵانە دۆمەڵانێکی زۆر دەڕوێت و مەردم دەچن بۆ کۆکردنەوەیان.  دۆمبەڵانی دەشتاییەکانی باکووری کوردستانیش بە ناوی (کمەی میزۆزپۆتامیا) لە ئەستەموڵ و هەموو تورکیادا بۆ چەندین سەدەیە ناوبانگی دەرکردووە. له‌ ئەوروپا به‌تایبه‌تی ئیتاڵیا و فرانسه‌ باشترین جۆری دومبه‌ڵان؛ هه‌یه‌ ڕه‌نگیان ڕه‌ش یان سپییه‌. نرخی یه‌ک کیلۆ دومبه‌ڵانی ڕه‌شی ئیتاڵیایی له‌١٢،٠٠٠ دۆڵاری ئه‌مریکایی تێده‌په‌ڕێت.  جیاوازیی دۆمبەڵانی ئەوروپایی لەگەڵ دۆمەڵانی کوردستان لەمەدایە کە هی ئەوان هاوژینن لەگەڵ درەخت؛ بەڵام دۆمەڵانی کوردستان لە جۆری دۆمەڵانی بیابانییە و هاوژینە لەگەڵ چەند جۆرە گیایەک کە بەداخەوە تا ئێستا بۆ ئێمەی کورد نەناسراون.  ئێمە لە مایکۆلۆجیا کوردستانیکا چەند ساڵێکە هەوڵی خۆمان دەسپێکردووە بۆ ناسینی ئەو رووەکانەی هاوژینن لەگەڵ دۆمەڵانەکانمان و هیوادارین بەم نزیکانە بە ئەنجامێک بگەین.

دومبه‌ڵان زۆرتر هه‌ر به ‌شێوه‌ی خۆڕسک و سروشتی ده‌ڕوێت؛ هه‌رچه‌نده‌ له‌ زۆر شوێن ده‌ستکراوه‌ به‌ په‌روه‌رده‌کردن و وه‌به‌رهێنانی به‌ڵام هێشتا دومبه‌ڵانی سروشتی نرخ و بایه‌خی خۆی پاراستووه‌. له‌ نیوزیله‌ند چه‌ند مووچه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ په‌روه‌رده‌کردنی دۆمبه‌ڵان ته‌رخان کراون و ساڵانه‌ به‌رهه‌میان هه‌یه‌.
یه‌کیک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دومبه‌ڵان ئه‌مه‌یه‌ که‌ نزیکه‌ی ١٠ ساڵ ده‌خایه‌نێت تا یه‌که‌م به‌رهه‌می دێته‌ ده‌ره‌وه‌. واتا پێویسته‌ تۆوی دومبه‌ڵانه‌که‌ له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی نه‌مامی دره‌ختی فندق، بەڕوو، زەیتوون، لیمۆ و تاد.. هەوێن بدرێت. نه‌مامه‌کان بنێژرێن و ئاگاداری و چاودێریی ورد بکرێن تا ماوه‌ی ٨-١٠ ساڵ.