20.7.19

وەرزی دۆمبەڵان

وێنەی دوو دۆمبەڵان لەسەر خاک دیارە و
هەردە قڵیشاوەکەیش نیشانەی هەبوونی
دۆمەڵانە لە ژێریدا
وەک لە بابەتگەلی تردا ئاماژەی بۆ کراوە، دوو جسنی سەرەکیی دۆمبەڵان هەیە.  یەکەمیان ناسراوە بە (تیووبەر) واتە راژک .  دۆمبەڵانی راژک لە دەوروبەری درەختەکانی وەک بەڕوو، بادام، فستق وتاد.. دەڕوێت و لە وڵاتانی ئەوروپا زۆرە.  لەم ساڵانەی دوایید لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆزراوەتەوە.  دووەمیان ناسراوە بە (تێرفێزیا) کە وشەیەکی بەربەرییە و لە زمانی بەربەری دا دەڵێن (ترفاس) کە هەمان واتای دۆمبەڵان دەگەیەنێت.  مەبەست لە تێرفێزیا ئەم جۆرە دۆمبەڵانەیە کە لە پێدەشتەکانی گەرمەسێر و گەرمیان و قەراج و کەندێناوە و چەند بەشێکی رۆژهەڵات و باکوور و رۆژاوای کوردستان دەڕوێت.  
دووای کۆتاییهاتنی مانگی جانیوەریی هەموو ساڵێک، بەرەبەرە وەرزی تازەی رووان و پێگەیشتنی دۆمبەڵان دەسپێدەکات.  هەڵتۆقین و دەرچوونی دۆمبەڵانەکان لە خاک، بەگوێرەی ناوچە و مەڵبەندەکان دەگۆڕێت.  سەرەتای یەکەم دۆمەڵانەکانی کوردستان لە ناوچەکانی گەرمەسێر و گەرمیانەوە دەسپێدەکات.  ئەم ناوچانە کە کەشوهەوایان گەرمتر و ووشکترە لە ناوچەکانی تر، لە هەفتەی دووەمی مانگی فێبریوەری پێشوازی دەکەن لە دۆمبەرانی ساڵی تازە.  چەند هەفتە دوواتر لەگەڵ گەرمبوونی هەوا دۆمەڵانی ناوچەکانی تریش دەڕوێن و ئارەزوومەندانی خواردن و چنینی دۆمبەڵان پێدەشت و گردۆڵکە و مەزراکان دەگەڕێن بە دووای دۆزینەوە و راوکردنی دۆمبەڵاندا. 

دۆمبەڵان خۆراکێکی بەچێژە و پێکهاتەکەیەکی پڕ لە پرۆتین و ڤیتامینی هەیە و سوودێکی زۆری هەیە بۆ لەشی مرۆڤ.  دیارە دۆمبەڵانەکانی کوردستان لە جۆرێک زیاترن و بەگوێرەی جۆرەکانیان پێکهاتەی ماددە خۆراکییەکانیاشیان جیاوازە.  تەنانەت جۆری خاک و ئاووهەوایش کاریگەریی هەیە لەسەر پێکهاتە خۆراکییەکانیان.  لەگەڵ دەرکەوتنی دۆمبەڵاندا هەموو ساڵێک بانگەشەی بەکارهێنانی ئاوەکەی بۆ چاو دەکەوێتە سەر زار و زمانان؛ و هەندێک کەسی نابەرپرس بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان خەڵکی لە خشتەدەبەن و لە رێگای فەیسبوک و تۆڕە جڤاکییەکانی دیکەوە ڤیدیۆ بڵاودەکەنەوە.  لێرەدا پێویستە ئەم خاڵە بخەینەوە بیری هاووڵاتانمان کە بابەتی بەکارهێنانی ئاوی دۆمبەڵان بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی چاو، یا بەهێزکردنی بینایی چاو تا ئێستا لەلایەنی پزیشکییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە و هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە.  بەگوێرەی ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی کە ساڵانی رابردوو لە دەزگاکانی راگەیاندنی هەڕێمەوە بڵاوبوونەتەوە، لەو ساڵانەدا زۆرکەس لە ئاکامی ئەم کارە هەڵنەسەنگێنراوەدا تووشی سووربوونەوە و هەوکردنی چاو بوون و ناچاربوون بۆ چارەسەری، پەنا بۆ پزیشک و نەخۆشخانەکان ببەن. 
هەرچەندە هاشا لە سوودە خۆراکی و تەندروستییەکانی دۆمبەڵان ناکرێت؛ و بەشێوەی نەریتی و بە درێژایی سەدان ساڵ لە وڵاتانی عەرەبی و بیابانەکانی باکووری ئەفریقا وەک دەرمانی گیایی بەکاهێنراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی زانستی سەبارەت بە بەکارهێنانی دۆمبەڵان وەک دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی بەتایبەتی نەخۆشیی چاو ئەنجام نەدراوە.  چاو ئەندامێکی زۆر هەستیار و ناسکی لەشە و تاقیکردنەوەی دەرمان بەبێ دڵنیابوون لە ئاکام و دەرەنجامەکان، هەڵەیەکی گەورەیە.





سەرچاوە: