هیچکەس نییە کە رۆژێک لە رۆژان چاوی بە نانێک نەکەوتبێت کە ووردە کوڵکێکی سەوز، شینباو، سپی یا رەشی پێوە نووسابێت. ئەو ووردە کوڵکە هەر رەنگێک بێت، ئەوە جۆرێکە لە کەڕوو کە پێیدەگوترێت برش. برشەکانیش وەک قارچکەکان جۆرێکن لە کەڕوو کە گەلێک چەشن و گۆنی جیاوازیان هەیە. برش لە هەموو شوێنێک و هەموو کیشوەرەکانی جیهان هەیە؛ بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەمەیە کە زۆربەیان سەلامەتن و مەترسی بۆ سەر ژیان دروست ناکەن. برش وەک کوارگ بەهۆی هاگەوە زیاد دەبێت کە زۆر ووردە و بە چاوی رووت نابینرێت؛ و لە کەشوهەوای تەڕ و شێداردا گەشەدەکات و سووڕی ژیانی بەردەوام دەبێت.
ژمارەیەک برش هەن کە لەسەر نان دەڕوێن و بە گشتی لەلایەن مەردمەوە بە کەڕوو یا برشی نان ناسراون. لەم بابەتەدا تێدەکۆشین بە کورت و رۆشنی کەڕووەکانی نان بناسێنین.
یەک: برشی رەشی نان
برشی رەشی نان ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (رایزۆپوس ستۆڵۆنایفەر) کە یەکێکە لە باوترین برشەکانی نان. لە هەموو کیشوەرەکان هەیە. جیا لە نان لەسەر میوە و سەوزییە کێوییەکانیش دەڕوێت؛ بەتایبەتی لە کاتێکدا کە میوە یا سەوزییەکان لە کەشوهەوایەکی نمناک و شێداردا رووابێتن. لەسەر هەر زیندەندامێک بڕوێت، دەیڕزێنێت؛ ئەمەیش ئەمە دەگەیەنێت کە برشی رەش رووەک دەکوژێت.
برشی رەش لەسەر نان بەشێوەی پەڵەگەلی فشۆڵی شین یا سەوز دەردەکەوێت. خواردنی برشی رەشی نان بۆ زۆربەی خەڵکی مەترسیدار نییە و دەبێتە هۆی هێڵنجهاتن، هەرسنەکردن و رشانەوە.
دوو: برشی پێنیسیلیەمی نان
پێنیسیلیەن نەژادێکی برشی نانە کە لەسەر نان و خۆراکگەلی تر دەردەکەوێت لە سەرتاسەری جیهاندا. زۆربەی جۆرەکانی پێنیسیلیەم چونیەکن، بەکردەوە ئاسان نییە لە یەکتری جیابکرێنەوە، مەگەر بە هەڵسەنگاندنی وورد و قووڵ. هەندێک لە برشەکانی پێنیسیلیەم لە لایەن مەردمەوە بەکاردەهێنرێن بۆ خۆشکردنی چێژی خۆراک، وەکوو پەنیری شین. هەندێک جۆری تری برشی پێنیسیلیەم گەردیلەیەک دروستدەکەن کە پێیدەگوترێت پێنیسیلین، کە وەک ئەنتی بایۆتیک لەلایەن خەڵکییەوە بەکاردەهێنرێت. ئەمانە لە جۆری پێنیسیلیەم کرایسۆجینم ن.
ئەم جۆرە برشە بە شێوەی ئاسایی وەک ووردە کوڵکێکی فشۆڵی رەنگ سپی، سورمەیی یا شینی کاڵ خۆی دەنوێنێت، هەروەک برشی رەش، ئەم برشی پێنیسیلیەمەیش جێگای مەترسی نییە ئەگەر بخورێت، مەگەر کەسەکە ئەلێرجی یا بەرهەستیی هەبێت. بەڵام لەبیرمان نەچێت کە هەندێک گۆنی پێنیسیلین دەبنە هۆی دروستبوونی ژەهری مایکۆتۆکسین کە پەیوەندیی هەیە بە چەند جۆرێک شێرپەنجە و نەخۆشینی ترەوە. هەر لەبەر ئەم خاڵەی دوواییە کە خواردنی مەترسیدارە.
سێ: برشی کڵادۆسپۆریەم
برشی کڵادۆسپۆرییەم بێزارکەرترین جۆری برشی نانە کە دەبێتە هۆی ئەلێرجی و بەرهەستی. ئەم برشە دەبێتە هۆی پژمین، کۆخە و ئەگەریش زۆر بخایەنێت دەبێتە هۆی سینگ گیران و تەسکبوونەوەی بۆڕییەکانی هەناسە. ئەم برشە بەشێوەی ئاسایی وەک پەڵەگەلی شینی تۆخ تا رەشی تۆخ لەسەر نان دەردەکەوێت. کلادۆسپۆریەم لە دوورەوە بۆنی هەیە و رەنگە پێش ئەوەی بیبەیت بۆ زارت، هەست بە بۆنەکەی بکەیت و نەیخۆیت. هەرکاتێکیش بە رێکەوت خورا، دەسبەجێ هیچ روونادات مەگەر کەسەکە بەرهەستیی هەبێت. بەڵام لەبەر بۆنە قورسەکەی، بۆی هەیە کەسەکە بڕشێتەوە. ئەم برشەیش وەک برشەکانی پێنیسیلیەم لەوانەیە ژەهری مایکۆتۆکسین دروستبکات.
سەرچاوە:
No comments:
Post a Comment