له کوردستان کوارگ به شێوه‌ی سروشتیی خۆی له وه‌رزی به‌هار و پاییز دا ده‌ڕوێت. لە ناوچە کوێستانەکان یا دارستان و لێڕەوارە چرەکاندا بۆی هەیە لە وەرزی هاوینیش دا هەندێک جۆری قارچک بڕوێت. لەبەرئەوەی لە وەرزی پاییز و بەهار‌دا پله‌ی هه‌وا فێنکێکی مامناوه‌ندییه؛ و ڕاده‌ی شێ له هه‌وا دا به‌رز ده‌بێته‌وه، باشترین دەرفەتە بۆ رووان و گەشەکردنی مایسیلیەم؛ هەربۆیە دوای ئەوەی رێژنە بارانی پاییز دەستی پێ‌کرد، دوای پێنج شەش هەفتەیەک یەکەمین کوارگی پاییز خۆی نیشان دەدات. لە وەرزی بەهاریش دا وەک دەزانین باران ده‌بارێت و ئاوی پێویست بۆ ڕووان و گه‌شه‌کردنی تۆ‌و(سپۆر)ی قارچک ده‌سته‌به‌رده‌بێت. ئه‌م سێ هۆکاره ژینگه‌یه‌کی له‌بار بۆ کوارگ فه‌راهه‌م ده‌که‌ن و له‌لایه‌کی تریشه‌وه کا و کڵۆش و لاسک و قه‌د و ڕه‌گی جۆره جیاوازه‌کانی دانه‌وێڵه و دره‌خت و ڕووه‌که‌کان خۆراکی پێویست بۆ تۆوه‌که دابین ده‌که‌ن. به‌م جۆره له هه‌رکام له وه‌رزه‌کانی به‌هار و پاییز دا چه‌ند جۆرێک قارچک له کوردستان ده‌ڕوێن.
لە کوێستانەکان و لە وەرزی بەهار‌دا ئەو جۆرە کوارگانە کە هاوژینن لەگەڵ رووەکەکانی وەک کەما، هەڵز، بۆڕ، کەرکۆڵ، تاڵیتۆز و رەس و تاد.. دەڕوێن، لەبەرئەوەی ئەو رووەکانە لە پاییزدا سەرهەڵنادەنەوە و ناڕوێنەوە، هەربۆیە قارچکەکانیش ناڕوێن. بەڵام جۆرەکانی تر، چە ئەوانەی لە خاک‌دا یا لە نێو مێرگ و چیمەنەکاندا دەڕوێن، و چ ئەوانەیش کە لەسەر درەخت و کۆتەرە دار دەڕوێن، بۆیان هەیە لە هەرکام لە وەرزەکانی ساڵدا بڕوێن، جگە لە چلەی زستان کە زۆر ساردە و مایسیلیەم تیایدا گەشە ناکات. زۆر جۆر کارگی بچووک لە هۆڵ، تەویلە، گەوڕ و کۆڵیتەکان و لەسەر پاشەرۆکی ئاژەڵ دەڕوێن کە لە کوردەواریدا بە کارگە گولانە، کوارگە سەیانە، قارچکە خووگانە و تاد.. ناسراون. ئەمانە ئەگەریش شایانی خواردن نەبن، بەڵام هەر قارچکن و لە جیهانی قارچک بەدەر نین.
وەک لە چەند بابەتێکی تردا ئاماژەی پێکراوە، قارچک بەگشتی پێویستیی به ڕووناکی و تیشکی خۆر نییه و مادده خۆراکییه‌کانی خۆی له لاسک و قه‌دی دره‌خت و ڕووه‌کان وه‌رده‌گرێت. له‌سه‌دا نه‌وه‌دی پێکهاته‌ی کوارگ بریتییه له ئاو و له‌سه‌دا ده‌ی فایبه‌ر واتە ریشاڵه.
بۆ ڕوواندنی قارچکی ده‌سچێن، پێویسته له ژوورێکی تاریک‌دا که‌شوهه‌وایه‌کی له‌باری بۆ بڕه‌خسێنرێت؛ پله‌ی گه‌رمای له نێوان ١٦-٢٤ ی سه‌دی دا بۆ ڕێکبخرێت؛ هه‌روه‌ها ڕاده‌ی شێ ی له نێوان٧٠-٩٠ پله‌دا بۆ دابین بکرێت. پێویسته به‌ردەو‌ام هه‌وای پاک به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕێت و گازی کاربۆنی لێ دوور بخرێته‌وه. هه‌روه‌سا له ئاودانی غافڵ نه‌بین و نه‌یشهێڵین ئه‌وه‌نده ئاو بدرێت که تۆوه‌که بخنکێت و بڕزێت. لە هەمویش گرنگتر پاک و خاوێنییە؛ پێویستە ئەو ژوورەی کوارگی تێدا دەڕوێندرێت بە دەرمانی میکرۆبکوژ پاک بکرێتەوە و ئەو کەلوپەل وکەرەستانەیش لە پێواژۆی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێنرێن، هەموویان، پاستۆریزە بکرێن.