20.7.19

کۆمەڵێک تێگەیشتنی هەڵە سەبارەت بە کۆڤارک



لە کوردەواری و لە نێو هەموو گەل و نەتەوە و کۆمەڵگەیەکدا کۆمەڵێک بیر و بۆچوون و تێگەیشتنی هەڵە و چەوت بڵاوبوونەتەوە و جێکەوتە بوون.  هەندێک جار ئەم جۆرە بۆچوونانە تێکەڵ بە نەریت، فەرهەنگ، زمان و وێژە و ئاینیش بوون.  قارچک یەکێک لەو شتانەیە کە لە کوردەواریدا، سەرەڕای ئەوە کە خۆراکێکی گشپەسەندە، بەڵام زۆر بۆچوونی چەوت و ناڕاست لە بارەیەوە بڵاو بووەتەوە.  لەم ساڵانەی دوواییشدا کە پەیوەندییەکان لەگەڵ دنیای دەرەوە بەربڵاوتر و خێراتر بوون، لە سایەی کۆلکە نووسەر و کۆلکە خوێندەوارەکانمانەوە کۆمەڵێک بۆچوونی ناڕاستی تریش بە هەڵە و چەوتییەکانی رابردوومانەوە زیاد بوون.   لە یادمە ساڵی ٢٠١٣ لە یەکێک لە ماڵپەڕە کوردییەکاندا بابەتێک سەبارەت بە قارچک نووسرابوو بە ناوی (قارچکی هێلانە قەلەڕەش)!!  نە نووسەر و وەرگێڕەکە و نە سەرنووسەر و هەڵەچنی ماڵپەڕەکە ئاستی زانیارییان ئەوەندە بەرز نەبوو کە وشەیەکی گونجاو لەبری (هێلانە قەلەڕەش) بنوووسن.  ئاخر لەوەتەی کورد هەیە وشەی لەم جۆرەی نەبیستووە!!  چەند جارێک بە ئیمێڵ و تێچن ئاگادارم کردنەوە لە هەڵەکەیان تا بابەتەکەیان سڕییەوە.
لێرەدا ژمارەیەک لەو وتە و بۆچوونە ناڕاستانە دەخەینە بەر چاوی خوێنەران کە هیچ بنەمایەکی راست و دروستیان نییە و هیچکامیان ناتوانن ببنە بنەما بۆ ناسین و لە یەکتری هەڵاواردنی کوارگی خۆراکی و ژەهراوی:

١- هەر کوارگێک شانە\پەڕەکانی سپی نەبێت، ژەهراوییە.
٢- هەر کوارگێک لەسەر داری گوێز رووابێت ژەهراوییە.
٣- هەر قارچکێک لە شوێنی پیس رووابێت ژەهراوییە.
٤- هەر قارچکێک مێروولە یا زیندەوەرێک خواردبێتی، ترست لێی نەبێت و بیخۆ.
٥- هەر کارگێک لەسەر داری بی رووابێت ژەهراوییە.
٦- خوێ بکە بەسەر قارچکدا، ئەگەر رەنگی زەرد بوو، ئەوا ژەهراوییە، ئەگەر زەرد نەبوو، بیخۆ!
٧- قارچک بە هۆی هەورەبرووسکەوە هەڵدەتۆقێت.
٨- کارگ یەکەمجار کە لە خا ک دەتە دەرەوە کەفە؛ دووایی بەرەبەرە شێوەی خۆی وەردەگرێت و دەمەیێت.
٩- هەر کارگێک لە کاتی کوڵاندندا ئاوەکەی رەش بێت، ژەهراوییە.
١٠- هەر کوارگێک رەنگی قاوەیی بێت، بۆ خواردن ناشێت.
١١- هەر کارگێک کرمی تێدا نەبێت، بۆ خواردن ناشێت.
١٢- هەر قارچکێک لە دەوروبەری درەخت بڕوێت، ژەهراوییە.
١٣- خوێ ئەكەیت به سەریدا، ئه گەر ره ش بوو کەواتە تەندروسته؛ ئەگەر رەنگیشی زەرد بوو ئەوا ژەهراوییه.