20.7.19

قەسەڵ/کڵۆش/کا

قەسەڵ\کڵۆشی گەنم \ جۆ

یه‌کێک له‌ سه‌ره‌کیترین پێکهێنه‌ره‌کانی کۆمپۆستی قارچک لاسک/ قه‌دی گه‌نم و جۆیه‌ که‌ له‌ زمانی کوردی دا به‌ قه‌سه‌ڵ یا کڵۆش ناسراوه‌. قه‌سه‌ڵ پێکهاتووە لە سیلیلیوز و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ مادده‌ی کاربۆنی، که‌ خۆراکێکی گرنگ و به‌سووده‌ بۆ گه‌شه‌پێدان و پێگه‌یاندنی کوارگ.  دیواری دەرەوەی قەسەڵ ماددەیەکی لووس و ئاوهەڵنەگرە کە پێیدەڵێن لیگنین.  ئه‌و کڵۆشه‌ی ده‌کرێته‌ کۆمپۆست بۆ ڕواندنی قارچک پێویسته‌ تازه‌ بێت، نه‌گنخابێت و گیاوگۆڵی دیکه‌ی تێکه‌ڵاو نه‌بووبێت. له‌ هه‌موو شتیک گرنگتر ئه‌مه‌یه‌ که‌ هه‌تا قه‌سه‌ڵه‌که‌ تازه‌تر بێت کۆمپۆستی باشتری لێوه‌ به‌رهه‌م دێت و باشترە بۆ روواندنی کوارگ.
ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌ی بازرگانی کوارگ به‌رهه‌م ده‌هێنن، به‌شی ساڵێک کڵۆش له‌ ئه‌نبار ده‌که‌ن و هه‌رکاتێک چه‌ندیان پێویست بێت، به‌کاری ده‌هێنن.  گه‌ره‌که‌ کڵۆشه‌که‌ له‌ ژێر که‌پرێکدا ئه‌نبار بکرێت که‌ به‌فر و باران ته‌ڕی نه‌کات، ئاو نه‌چێته‌ ژێرییه‌وه‌ و شێی زه‌وی ڕانه‌کێشێت و هه‌روه‌ها له‌به‌ر خۆریش تاوسووتوو نه‌بێت.  هه‌روه‌ها ڕێگا نه‌درێت ببێته‌ هێلانه‌ی مشک.
زۆربه‌ی جۆره‌کانی کارگ له‌گه‌ڵ قه‌سه‌ڵی گه‌نم و جۆ ته‌بان؛ و له‌ پێواژۆی گه‌شه‌کردنیاندا پشتی پێ ده‌به‌ستن.  هه‌ربۆیه‌ په‌روه‌رده‌کارانی کارگ ده‌بێ گرنگییه‌کی زۆر به‌ جۆر و چۆنایه‌تیی قه‌سه‌ڵه‌که‌ و هه‌ڵگرتن و پاراستنی بده‌ن.

لە پێواژۆی دروستکردنی کۆمپۆست دا سەرەتا رێژەیەکی گەچی خاو بەسەر قەسەڵدا دەپڕژێندرێت و تەڕ دەکرێت.  کاری ئەم گەچە بریتییە لەمە کە بە قەسەڵەکەوە دەنووسێت و تەڕییەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر دەپارێزێت، تا توێژاڵە لیگنینەکە خێڕاتر لەناوبچێت.  هەروەها دەبێتە هۆی بردنە سەری رێژەی پی ئەیچ لە کۆمپۆستدا.  رێژەی پێ ئەیچی کۆمپۆست دەبێ ٧-٧.٥ بێت.  خودی پێوانەی پی ئەیچ کە هاوسەنگیی نێوان ترشی و ئەڵکەڵاین دەپێوێت، لە سفرەوە تا چواردەیە.  ٧،٥ رێژەیەکی مامناوەندی و بێلایەنە کە زۆر گونجاوە بۆ کۆمپۆست و لەم رێژەیەدا هەموو ماددە خۆراکییەکان لە رێگای کۆمپۆستەوە دەگەن بە قارچک.
مەرج نییە هەموو جۆرە کوارگێک لەسەر کۆمپۆست بڕوێت، بەڵام بێگومان هەموویان نشیمەنی خۆیان هەیە و هەرکامەیان خۆراک و پێداویستییەکانی خۆیان لە شتێکەوە دابین دەکەن.  کارگی دوگمەیی خۆراکی خۆی لە کۆمپۆست یا پەینەک دابیندەکات کە پێکهاتە سەرەکییەکەی قەسەڵی گەنم، جۆ یا بەڵمی برنجە و چەند ماددەی تری وەک پاشەڕۆی پەلەوەر و ئەسپ و تاد.. لەگەڵ تێکەڵ دەکرێت.

نشیمەنی کارگی سەدەف دەکرێ بریتی بێت لە قەسەڵی دانەوێڵە، تڵتەی قاوە، ئاردەدار، کاغەز و هەر ماددەیەکی سیلیۆلۆزیی تر.  یه‌ک کیلۆ قه‌سه‌ڵی وشک و تازه‌ ئه‌گه‌ر به‌باشی و به‌ گوێره‌ی ڕێوشوێنه‌ زانستییه‌ باوه‌کانی په‌روه‌رده‌کردنی کارگ ده‌کار بکرێت، 600-900 گرام و ڕه‌نگه‌ زیاتریش قارچکی سه‌ده‌ف به‌رهه‌م ده‌هێنێت.  ئەمە دەبێ بکرێتە پێوەرێک بۆ راددەی سەرکەوتوویی لە کاری روواندنی کوارگی سەدەف دا. واتە تۆ لە یەک تۆن قەسەڵی وشک دەبێ ٦٠٠ کیلۆ تا یەک تۆن بەرهەم بچنیتەوە، ئەوسا دەتوانیت بڵێیت کە لە کارەکەتدا سەداسەد سەرکەوتوو بوویت.