فۆڵیۆتا هایلاندینسیس جۆرە کوارگێکە بە زۆری لە ئەمریکا بینراوە. رەنگی قاوەیی یا قاوەیی کاڵ یا قاوەیی سوورباوە و قەدەکەی تا دە سەنتیمەتر درێژ دەبێت. کڵاوەکەی بە تایبەتی لە کاتی ساواییدا ماددەیەکی لینجی پێوەیە. ئەم جۆرە قارچکە دەخورێت و ژەهراوی نییە.
فۆڵیۆتا هایلاندینسیس هێما و هۆکاری زیندووبوونەوە و ژیانەوەیە چونکە لە دوای سووتان و ئاگرتێبەربوونی دارستان و لێڕەوارەکان، ئەم جۆرە کوارگە لەسەر بنەدارە سووتاوەکان کە هێشتا بەشێکیان نەسووتاوە یا لەسەر ئەو خاکەی کە بنەداری تێدایە و بە خەڵووز داپۆشراوە، بەکۆمەڵ دەڕوێت. لە سەرەتای بەهارەوە تا پاییز بۆی هەیە بڕوێت. زۆر جار ماوەی دە ساڵ دەخایەنێت تا زیندوودەبێتەوە و سەرهەڵدەداتەوە. ساڵانێکی زۆر بوو کە زانایانی بوواری کەڕووزانی نەیاندەتوانی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە ئایا هاگی فۆڵیۆتا چۆن لە سووتان رزگاری دەبێت و لە دوای ئەو ئاگرە گەورە و بەتینەی لە دارستانەکاندا دەکەوێتەوە، جارێکی تر دەڕوێتەوە دەژیتەوە؟! وەک دەزانین قەوزە بەهێزترین رووەکە کە توانای زۆرترین خۆڕاگریی هەیە لە بەرامبەر ئاو، ئاگر، سەرما و گەرمادا. تازەترین توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هاگی فۆڵیۆتا و هەندێک جۆرە کارگی دیکە کە حەزیان لە ئاگرە، لەنێو تەنراوەکانی جۆرەکانی قەوزەدا خۆیان دەشارنەوە و بەمجۆرە لە سووتان رزگاریان دەبێت و دوواتر لە کات و شوێنی گونجاودا دە دەکەنەوە بە بووژانەوە و گەشەکردن و رووانەوە.
سەرچاوە