12.11.19

چارەسەری نەخۆشیی هەنگ بە کوارگ\قارچک

کارگ ئەو بوونەوەرەیە کە هەندێ لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی لە رووەک  دەچێت و هەندێکیش لە ئاژەڵ.  هەندێ خەسڵەت و سیفەتیشی هەیە کە تایبەتە بەخۆیەتی و لە هیچکام لە ئاژەڵ و رووەکدا بەدینەکراوە.  هەرچەندە لە رووی زانستییەوە ئەم ووتانەی ئێمە سەلمێندراوە، بەڵام بۆ بەرچاوڕوونی و ئاگاداریی خوێنەران ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەین: 
١- کارگ هەرچەندە بە روواڵەت وەک رووەک  دەڕوێت، بەڵام لە کاتی هەناسە هەڵکێشاندا وەک مرۆڤ ئۆکسجین هەڵدەمژێت و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات.
٢- کارگ بە پێچەوانەی رووەک بۆ گەشەکردن و رووان پێویستیی بە تیشکی خۆر نییە و ئەو رەنگەی هەیەتی لە و نشیمەنە وەریدەگرێ کە لەسەر دەڕوێت.
٣- ئەو کوارگەی کە ئێمە بەچاو دەیبینین یا دەستی لێدەدەین و دەیخۆین میوەیە؛ واتە بەری بوونەوەرێکی ترە کە پێیدەگوترێت (مایسیلیەم) یا ریشاڵ.  ریشاڵ لە تاریکی و لە هەوایەکی نمناکدا گەشەدەکات و دواتر بەردەگرێت، کە بەرەکە پێیدەگوترێت کارگ\قارچک\ هەڵچ.
٤- کارگ هەرچەندە مێشکی نییە بەڵام وەک مرۆڤ توانای فێربوونی هەیە.  مرۆڤ دەتوانێ کارگ فێربکات کە لە کوێ بژیێت و خۆراکی خۆی لە چی دابین بکات.
٥- کارگ تاکە بونەوەرێکە کە دەتوانێت پلاستیک لەبەریەک هەڵوەشێنێت و لە ناوی ببات، بێ ئەوەی زیان بە بوونەوەرکانی دی، ئاو، هەوا یا خاک بگەیەنێت؛ کە تا ئێستا نە مرۆڤ و نە رووەکەکان ئەم توانستەیان نەبووە.

با بگەڕێینەوە سەر کرۆکی باسەکە کە نەخۆشییە هەنگە.  لەم ساڵانەی دوواییدا کەڕووزانی بەناوبانگ پۆڵ ستەیمێتس سەرنجی دایە سەر نەخۆشییەک کە تووشی هەنگ دەبێت و ساڵانە میلیۆنان هەنگ بەم نەخۆشییە تیادەچن و زیانێکی زۆر بە هەنگەوانان دەگات.  نەخۆشییەکە بەجۆرێکە کە گەرا یا ساواکانی هەنگ لە شانەکاندا دەمرن، هەروەها هەنگی پێگەیشتوویش کاتێک کە تووشی دەبێ پەکی دەکەوێت و توانای فڕینی نامێنێت.  دوای ماوەیەک هەموو شانەکە یا پوورە هەنگەکە قڕی تێدەکەوێت.  زانایان ساڵانێکە کار لەسەر ئەم نەخۆشییە دەکەن و هەوڵی زۆریان بۆ داوە بەڵام بە ئەنجامێکی وا نەگەیشتوون کە نەخۆشییەکە بنبڕ بکرێت. 
لەم بارەیەوە پۆڵ ستەیمێتس گوتی شتێکی سەیرە لە کاتێکدا کە ئێمە دەچینە سەر مانگ و مارس و لەوێ توێژینەوە و کۆڵینەوە دەکەین، کەچی لێڕە لەسەر زەوی بەدەست نەخۆشیی هەنگەوە داماوین... هەربۆیە دەستی کرد بە تاقیکردنەوە و ئەزموون لەسەر نەخۆشییەکە  بە بەکارهێنانی جۆرێک کارگ کە هەنگ دەکوژێت.  لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بۆی دەرکەوت کە ئەو قارچکە تەنیا بێچووە هەنگەکان دەکوژێت و کار لە هەنگە پێگەیشتووەکان ناکات.. لە درێژەی ئەزموونەکانی دا سەرکەوت کە دەرمانی ئەو نەخۆشییە بدۆزێتەوە کە چەندین ساڵە هەنگەوانان بە دەستییەوە داماون.  ئەو  دەڵێ جۆرێک کوارگ کە لەسەر درەخت دەڕوێت و دەیڕزێنێت، دەتوانێت ئەو زیندەوەرە بکوژێت کە دەبێتە هۆی نەخۆشی هەنگەکان و لەناوچوونیان.