16.3.22

کارگی فیستووڵینا هیپاتیکا

١٤\١٠\٢٠١٧

ئەم جۆرە کوارگە ناسراوە بە "کەڕووی پشکە گۆشت" یان "زمانە گا". ئەم کوارگە وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت وەک جێگرەوەی گۆشت هەژمار کراوە. یەکێکە لە قارچکە کەوانەییەکان. رەنگی سەرەوەی سووری گۆشتییە و ژێرەکەیشی سپییە و پڕە لە سووگەلی هەڵگری هاگ. وەک لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت بە تایبەتی بەشی سەرەوەی دەڵێی گۆشتە. بەڵام بەداخەوە چێژ و مەزە و بۆن و بەرامەی جیاوازە و لە هی گۆشت ناچێت؛ تام و چێژی کەمێک ترشە. بۆ مەبەستی خواردن پێویستە بەر لە پیربوون بچنرێت و ماوەیەکی زۆریش بکوڵێندرێت تا جیڕییەکەی کەم بێتەوە و بۆ خواردن خۆش بێت. ئەم جۆرە قارچکە لە بریتانیا، باکووری ئەمریکا، ئوسترالیا، باکووری ئەفریکا و ئەوروپا هەیە.

فیستووڵینا هیپاتیکا لە جسنی هیپاتیکایە و کارگێکی مشەخۆر و مفتەژییە.  لە سەر درەختی بەڕوو دەڕوێت بەتایبەتی چەشنێک بەڕوو کە لە بریتانیا ناسراوە بە رەشەبەڕوو و بە زۆری دارتاشەکان بۆ دروسکردنی دۆڵاب و کاونتەر بەکاری دەهێنن.   یەکەم جار ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن جەیکوب کریستیان شایفەرەوە وەسفی کراوە؛ کە ناوی لێنا بۆڵیتوس هیپاتیکووس.  ساڵی ١٧٩٢ رووەکناسی بریتانیایی ویڵیام ویتەرینگ ناوەکەی گۆڕی بۆ فیستوڵینا هیپاتیکا.  وشەی فیستووڵینا واتە لوولەدار چونکە شێوەی سووەکانی ئەم جیاوازە لە کوارگە فرەسووەکانی تر.  هەروەها هیپاتیکا واتە جەرگ\جگەر چونکە شێوە و رەنگی قارچکەکە لە شێوەی جگەر دەچێت.  لە تەمەنی ساواییدا شێوەی پتر لە تووفەرەنگی دەچێت نەک لە جگەر.  کاتێکیش زۆر پیر دەبێت رەنگە سوورەکەی تۆختر دەبێت و رووکاری سەرەوەی زیپکەی لێ پەیدا دەبێت.  شایانی باسە کە رەنگی هاگەکانی ئەم قارچکە زەردی کراوەی مەیلە و ئاڵە.

جێگای ئاماژەیە کە لە بریتانیا ئەم کوارگە لە نێوان مانگەکانی گەلاوێژ تا گەڵاڕێزان دا و لە بەشی داوێنی قەدی درەختی بەڕوودا دەڕوێت.  هەروەها لەسەر قەدی درەختی شابەڕوو(Chestnut)یش دەڕوێت.  هەروەتر زۆر جار لەسەر ئەو درەختانەیش دەڕوێت کە بە هۆکاری سروشتی وشک دەبن و دەکەون.



 سەرچاوە

فێرست نەیچەر

No comments:

Post a Comment