4.4.22

قاوەنجیر


 

قاوەی هەنجیر. لەم ساڵانەی دوواییدا جۆرێک قاوە پەیدا بووە کە لە هەنجیر دروستدەکرێت و ناوی لێنراوە (کۆفیگ) یا (قاوەنجیر).  رەنگی وەک قاوەیە بەڵام کافایینی تێدا نییە و زۆریش بەسوودە.  دەشێت وەک قاوە بخورێتەوە و هەروەها دەشێت لەگەڵ قاوەیش تێکەڵ بکرێت تا چێژ و مەزەی قاوەکە خۆش بکات.  بۆ دروسکردنی قاوەنجیر هەر ئەووەندە بەسە کە هەنجیری ووشکراوە لە سەر ساج یا لە تەشتێکدا بۆبدرێت.  بەجۆرێک کە رێژەی ئاو لە هەنجیرەکاندا بگاتە سفر.  دوای ئەوە بە ووردی دەهاڕدرێت و لە دەفری پاک و خاوێن و سەر بەستەدا دەپارێزرێت.

هەرکاتێ ئارەزووی خواردنی قاوەت هەبوو کەمێک لە قانجیرەکە دەکەیتە نێو قۆری\چادانەوە و دەیکوڵێنیت و نۆشی دەکەیت.
ئەم شێوازە لە دروسکردنی قاوەنجیر شێوازێکی سەرەتایی و سادەیە. شێوازەکی تری دروسکردنی قاوەنجیر بریتییە لە پێواژۆیەکی کەمێک ئاڵۆز، بۆ ئەوەی قاوەنجیرەکە شیرازەی تەنراوەکەی خۆی لەدەستبدات و ببێتە ئەو جۆرە کە ناسراوە بە (توواوەی دەسبەجێ). لەم دۆخەدا بۆ خواردنەوەی کووپێک قاوەنجیر پێویست بە کوڵاندن ناکات؛ بەڵکوو تەنیا کەوچکێک لە قاوەنجیرەکە بکرێتە نێو کووپێک ئاوی کوڵاوەوە خۆی دەسبەجێ لەوێدا دەتوێتەوە.

ئەم پێواژۆیە بە رێگای شەختاندن دەکرێت. دوای ئەوەی هەنجیرە وشک کراوەکە، بۆدەدرێت و دەهاڕدرێت، دەکرێتە نێو تەشتی ئاوەوە و ماوەیەک لەوێدا دەمێنێتەوە تا بە باشی دەخووسێت. ئەوسا دەخرێتە نێو سارنجۆکەوە تا دەبێتە یەکپارچە سەهۆڵی پتەو. دوواتر سەهۆڵەکە بە ئاشی تایبەت دەهاڕدرێت. دووای هاڕین هەمووی کۆ دەکرێتەوە و ووشک دەکرێتەوە.

بەم جۆرە قاوەنجیرێک دەست دەکەوێت کە هەرکە چووە نێو ئاوەوە خۆی دەتوێتەوە.


No comments:

Post a Comment