16.4.22

قـــــــــــــە و ز ە

بە زیندەوەرێک دەگوترێ کە جۆرێک گیایە بەڵام هەموو تایبەتمەندییەکانی گیای تێدا نییە. بۆ وێنە گەڵای نییە، گوڵی نییە، تۆوی نییە و قەد و ریشەی گیائاسای نییە. هەندێک لە قەوزەکان بە راددەیەک لە گیاکان دوور کەوتوونەتەوە کە لە ریزی کەڕوو هەژمار دەکرێن. بەشێک لە قەوزەکان ئاوەژین و بەشێکیشیان لەسەر بەرد، درەخت یا خاک دەژیێن.

لێرەدا مەبەستی سەرەکی ووردبوونەوەیە لە رەگ و ریشەی ووشەی قەوزە نەک باس لە ژیان و خەسڵەت و سیفەتەکانی.
لە کوردی دا کۆمەڵێک ناوی جیاوازمان بۆ ئەم جۆرە زیندەوەرە هەیە کە من تەنیا بەشێکیانم بۆ ساغ بووەتەوە کە ئەمانەن: قەوزە، خەوزە، خەزە، خەز، کەز، کەزیکانی، کەزیجۆگە، کەژاو، خوریجندە، خوریجۆگە، کەڤزە، کەڤژە، جلە، جلەک، جلەشینە، ریپۆق، گووبۆق، گووقڕواق، گوو وەزەغ، خەنەتیلکە، کڕێژەبەرد، گوڵسەنگ، گوڵبەرد، گڵەوەز، تۆژکەبەرد، ئۆشنە، ئەشەن..
لە زوانی فارسی دا خەزە و جۆلبەک و گولسەنگ هەیە کە بێگومان هاوڕیشەن لەگەڵ کوردییەکاندا. هاوکات ووشەی خەز لە هەردوو زمانی کوردی و فارسی دا واتای (فروە)یش دەدات واتە پێستێک خۆشکراوە و خورییەکەی پێوە ماوەتەوە و وەک پۆشاک سوودی لێوەردەگیرێت. دیارە روواڵەتی هەرکام لە (فروە) و قەوزەیش لێکچوونی زۆریان هەیە. بۆیە دەکرێ هەردووکیان یەک ووشە بن و ریشەی جیاوازیان نەبێ.
ئەم ووشەی (خەز)ە چووەتە نێو زمانی عەرەبییەوە و وەک هەزاران ووشەی زمانی عیبری و زمانەکای تر دەنگی (خ)ەکەیان گۆڕیوە بۆ (ح)؛ بەم جۆرە بووە بە (حەز). لەمەیشەوە ووشەی (حەزاز)یان دروسکردووە. بە واتای ئەو رووەکانە لە (حەز) دەچن و سەر بەم خێزانەن. نووسەر و وەرگێڕەکانی کورد لە باشوور ووشەی (حەزاز)یان وەک خۆی هێناوەتە نێو زمانی کوردییەوە و لە زیندەزانی \بایۆلۆژی دا بە واتای خێزانی کەزەکان یا قەوزەکان بەکاری دەهێنن.

No comments:

Post a Comment