1.1.20

قارچکی کۆڵوو یا چاگا، قارچکێکی دەرمانی

کوارگی چاگا کە لە درەخت جیاکراوەتەوە
کارگی کۆڵوو یا چاگا کە ناوە زانستییەکەی بریتییە لە ئاینۆنۆتوس ئۆبلیکوس وشەیەکی رووسیە و بووەتە ناوێکی گشتی بۆ جۆرێک کەڕووی مفتەژی\مشەخۆری داربەرک یا داربرووسک.  کۆڵوو بۆی هەیە قەبارەی بچووک بێت و بۆیشی هەیە کە قەبارەکەی زۆر گەورە بێت؛ بەڵام زۆر سەخت و رەقە و تەنیا دەبێ بە تەور بشکێندرێت تا لە درەختەکە جیا بکرێتەوە.  لە دوورەوە شێوەی لە تۆپەڵێک خەڵووزی بەردینی سووتاو دەچێت؛ بەڵام نێوەکەی رەنگی نارنجییەکی جوانە.  چاگا بەری کەڕووەکە نییە؛ بەڵکوو کۆمەڵێک ریسووە کە لەسەر یەک هەماشتە دەبن و رەق دەبن و وەک خاڵووزەی گەنم یا کۆڵووی نانیان بەسەردێت؛ کە لە شێوەی گرێیەکی رەش یا قاوەیی تۆخ بە قەدی درەختەکانەوە دروست دەبێت؛ بەتایبەتی وەک کەڕوویەکی مشەخۆر\مفتەژی لەسەر هەندێک چەشنی درەخت دەڕوێت وەک بەڕوو، گەڵا دەرزیلەییەکان و درەختێک کە ناسراوە بە داربەرک یا دار برووسک؛ بەڵام بۆی هەیە لەسەر زۆر جۆر درەختی تریش بڕوێت.
هاگەکانی کۆڵوو یا چاگا لە ڕێگەی برینەوە یا لە رێگەی لک و چڵی شکاوەوە دزەدەکەنە نێو درەختەوە؛ لەوێدا گەشە دەکەن و بەرەبەرە وشکی دەکەن.  بەڵام پێواژۆی وشکبوونی درەختەکە لەوانەی لە دە ساڵەوە تا هەشتا ساڵ بخایەنێت؛ واتە زۆر هێواشە.  لەم ماوەیەدا سەرەڕای ئەوە کە چاکا زۆر رەق و سەختە بەڵام بەردەوام گەشەدەکات و گەورە دەبێت.
چاگا لە کوردستان هەیە و لە ناوچەی مێرگەسۆر، قەندیل و باڵەکایەتی بینراوە و وێنەی لە ئەرشیڤی ئێمەدا هەیە کە لە خوارەوە وێنەکە دەخەینە بەرچاوتان.
کارگی کۆڵوو لە قەڕناقەو\ قەندیل


باس لە کارگی کۆڵوو وەک کارگێکی دەرمانی دەکرێت و گووایە بەرگریی لەش بەهێز دەکات و زۆر بەسوودە بۆ لەش. بۆ ماوەی چەندین سەدە لە رووسیا و وڵاتانی باکووری ئەوروپا چاگا بۆ بەهێزکردنی بەرگریی لەش بەکارهێنراوە.  هەروەها بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شەکرە، چەند شێرپەنجەیەکی دیاریکراو و نەخۆشیەکانی دڵ بەکارهێنراوە.  
بەشێوەی نەریتی، چاگا دەهاڕدرا و لە ئاودا دەیانکفکاند و پاشان وەک چا دەیانخواردەوە.  لەم سەردەمەدا تۆز و هاڕراوەی چاگا هەم وەک چا و هەم وەک کەپسوولیش بەکاردەهێنرێت.  لە راستیدا تۆزەکەی چ بکرێتە نێو ئاوی گەرمەوە و چ بکرێتە نێو ئاوی ساردەوە، ماددە دەرمانیەکانی بە ئاسانی لە ئاودا بڵاودەبنەوە. 
چای چاگا
ماڵپەڕی مێدیکاڵ نیوز تودەی لە بابەتێکدا باس لە نۆ قازانجی کوارگی چاگا دەکات کە بریتین لە:  خۆراکێکی زۆر دەوڵەمەند، پێواژۆی پیربوون خاو دەکاتەوە، کۆڵسترۆڵ دادەبەزێنێت، پێشگیری لە شێرپەنجە دەکات و لە دژی دەجەنگێت، فشاری خوێن دادەبەزێنێت، بەرگریی لەش بەهێزدەکات، رووبەڕووی هەوکردن دەبێتەوە،  شەکری خوێن دادەبەزێنێت، پێشگیری دەکات لە مەترسییە لاوەکیەکانی دەرمانەکان. هەر وەها سەرچاوەکانی تر جەخت دەکەن کە کارگی چاگا چارەسەرە بۆ هەموو نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کۆئەندامی هەرس و دژە ئۆکسان، دژە نیتگ، دژە بەکتریا، دژەهەوکردن و دژە شێرپەنجەیەکی بەهێزە؛ و پڕە لە ڤیتامین بی و ماددەگەلی کانزایی.
شایانی باسکردنە کە بۆ بەدەستهێنانی کوارگی چاگا دەبێ بە هۆی تەورەوە لە درەختەکە جیابکرێتەوە و پارچە پارچە بکرێت و پاشان پارچەکانی بشکێندرێن و بهاڕدرێن تا دەبێتە تۆزێکی وورد وەک قاوە.  زۆر کەس لەگەڵ چا یا قاوە تێکەڵی دەکەن و رۆژانە دەیخۆنەوە.
کارگی چاگا لە ناوچەی مێرگەسۆر ٢٠١٣




سەرچاوە:










کوارگی چاگا لەسەر داربەڕوو روواوە. نزیک گەڵاڵە،
باڵەکایەتی ٢٠٢٠
وێنە کاک ئەییوب


No comments:

Post a Comment