4.1.20

دێمەکار یا دێمەکاری یا وشکەکێڵی


دێم یا دێمە بەو زەوییە دەگوترێت کە ئاوی نییە و تەنیا ئاوی بەفر و باران لە وەرزی پاییز و زستان و بەهاردا، ئاوی دەدات. ئەم جۆرە زەوییانە لە کوردستان زۆرن. لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ئەوە کە کەرەستە و ئامێرەکانی چاڵ کەندن زۆر بوو، زۆر کەس بە هۆی لێدانی چاڵاو لە سەر زەوییە دێمەکانیان، توانیان زەوییەکانیان بەراو بکەن؛ تا وای لێهات حکومەت ناچار بوو سنوورێک بۆ کەندنی چاڵاو دابنێت. لەلایەکی ترەوە، مەرج نییە هەموو زەوییەکیش کە چاڵاوی لێدەدرێت، ئاوی هەبێت یا ئاوی زۆر بێت.
دیارە هەوڵدان بۆ بەراوکردنی زەوییە دێمەکان بیرۆکەیەکی باشە، تەنانەت ئەگەر بەراوکردنەکە بەشێوەی دڵۆپاندنیش بێت؛ بەڵام کاتێک کە هیچ چارەیەک بۆ بەراوکردن نامێنێتەوە؛ ناکرێ زەوییەکە بخرێتە لاوە و هیچ سوودی لێوەرنەگیرێت. لە دێرین زەمانەوە ووڵاتی کوردەواری جێگای کشتوکاڵ بووە و زەویی دێم و بەراومان هەمیشە پر بەرهەم بوون. ئێستایش دەبێ نائومێد نەبین و بەردەوام بە رێبازی باپیرانماندا هەنگاو هەڵبگرین.
کاتێ کە لە لاپەڕەکانی ئەنتەرنێت بە دوای کشتوکاڵکردن بەشێوەی دێمەکار، دەگەڕێیت، بابەتی زۆرت دەسناکەوێت؛ بەڵام هەرچی بابەتێکت سەبارەت بە پێشینەی ئەم کارە دەکەوێتە بەرچاو، باس لە مێژووی هەزاران ساڵەی دێمەکاری لە رۆژهەڵاتی ناڤین دەکات. کوردستان وەک جەرگەی رۆژهەڵاتین و خەڵکەکەی وەک رەسەنترین و دێرینترین گەلی ئەم هەرێمە ئەو شانازییەیان بە نەسیب بووە کە وەک داهێنەری دێمەکاری و وشکەکێڵی ناویان ببردرێت.
نهێنیی دێمەکاری لێرەدایە کە کاتێک رووکاری سەرەوەی زەوی بەهۆی نەبوونی ئاوەوە رەق دەبێت، ئیدی ئەو شێ و نمە ئاوەی لە ژێرەوە هەیە رێگەی هاتنە دەرەوەی نابێت. لەلایەکی ترەوە ریسوو و دەزوولە کەڕووییەکان دەکەونە چالاکی و ئاو و خۆراک بۆ رەگ و ریشەی دار و رووەکەکان دەگوازنەوە؛ و بەمجۆرە رووەکەکان بە زیندوویی دەمێننەوە و گەشەدەکەن.
لە کوردستان نەک هەر تەنیا دار و درەخت بە شێوەی دێمەکار بەرهەم هێنراوە، بەڵکوو شووتی و کاڵەک و خەیار و ترۆزی و سەوزیش بەدێم جێنراوە و بەرهەمهێنراوە. بەرهەمی دێمەکاری بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمی بەراو لە رووی چەندایەتییەوە کەمترە، بەڵام لە رووی چلۆنایەتییەوە زۆر باشتر و بەتامترە. بۆ وێنە سێوێکی دێمەکار لە کاتی پێگەیشتنی دا قەبارەی لە سێوێکی بەراو بچووکترە، بەڵام تامی زۆر خۆشترە لە هی سێوە بەراوەکە. هەروەها بە بەراورد لەگەڵ سێوە بەراوەکە تێچوویەکی زۆر کەمی هەڵگرتووە. لەبەرئەوەی ئاونادرێت، کەمتر تووشی نەخۆشی دەبێت. هەروەها سەمادی کیمیاییشی بۆ بەکارناهێنرێت، چونکە زۆربەی سەمادە کیمیاییەکان بەبێ ئاودان کاریگەرییان نابێ.


No comments:

Post a Comment