18.1.20

روواندنی کەڕوو لەسەر هەسارەکانی مانگ و مەریخ


ریسووی کەڕوو
وێژەی زانستی وێنایی لەم سەردەمەدا کاتێ کە وەسف لە گەیشتنی مرۆڤ بە هاماج و هەسارەکانی وەک مانگ  و مارس\مەریخ دەکات، ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەو هەسارانە بە شێوازێکی ژوور ماکێنیزەکراو نیشان دەدات.  بە وتەیەکی تر، کاتێک نووسەرێک لە ئەندێشەی خۆیدا ژیانی مرۆڤ دەگوازێتەوە بۆ فراوانیی هاماج و سەر مانگ و هەسارەکانی تر، بەجۆرێک وەسفی ئەم ژیانە دەکات کە ئیتر ئەوە چڵەپۆپەی گەشەی تەکنۆلۆژی و پیشەسازییە و هەموو رێگا وبان و ژینگەی ئەو هەسارانە بە کەرەستەی کانزایی و پیشەسازیی تازەی دەستی مرۆڤ دەڕازێنێتەوە.  هەر لە کۆشک و خانووبەرەی سەیر و سەمەرەی کانزایی بریقەدارەوە بگرە تا دەگاتە ترومبێلی تیژڕۆی فڕۆک و رێگەی هەوایی و خۆراکی سەیر و سەمەرەی قوتووبەند و تاد.. بەڵام کاتێک مرۆڤ لەگەڵ راستییەکان لە سەر هەرد رووبەڕوو دەبێ، زۆر جار ئەم جۆرە وێژە زانستییانە دەبنە خەون و خەیاڵپڵاو و چیرۆکی شەوانی زستان.
کاتێک کە مرۆڤ بڕیار دەدات ژینگەی نوێ بۆ خۆی و ئایندەی خۆی لەسەر هەسارەکانی تر رۆبنێت، هیچ چارەی نییە جگە لە پەنابردن بۆ سروشت و سەوزایی.  پەنابردن بۆ ئەو زیندەوەرە سەرەتاییانەی کە بە تێگەیشتنی مرۆڤ، سەرەتای ژیانیان لەسەر ئەم زەوییە داهێنا و ئەم هەسارەیەیان کردە ماڵی زیندەوەر و گیانەوەرەکان.
کەستەکی کەڕوویین کە لە ماوەی دوو هەفتەدا روواوە،
قۆناغی دوای ئمە بریتییە دەبێ لە برژاندنی بۆ مەبەستی
بەکارهێنانی بۆ دروستکردنی پێداویستیەکانی دانیشتن.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ناسا، تێکۆشانێک هەیە بۆ دانانی بناخەی ژیان لە هاماج دا.  یەکەم هەنگاوی ئەم تێکۆشانە بە ناردنی کەڕوو بۆ سەر مانگ و مەریخ دەسپێدەکات.  ڵن رۆتسچایەڵد پشکنەری بەڕێوەبەر لە پرۆژە بەراییەکەدا دەڵێت، کارەکان بە پشتی کیسەڵ دەڕۆنە پێش بەڵام بە بەهایەکی زۆری ووزەیی.  ژینگەیەکی نەریتی لەسەر مانگ و مارس دروستدەکرێ بە روواندنی تۆخمارەی کەڕوو لە ژێر خاکەکەیاندا.  زانایان بە ئاگادار بوون لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی کەڕوو، بەم قەناعەتە گەیشتوون کە کار لەسەر کەڕوو بکرێت و بنێردرێت بۆ سەر هەسارەکانی تر تا رێگە خۆش بکات بۆ دامەزراندنی سەرەتاکانی ژیان.  جارێ روون نییە ئەم هەنگاوە چەندە سەرکەوتوو دەبێ، بەڵام زۆر گرنگە کە گەورەترین هێز و تەکنۆلۆژیا و پیشەسازی و دەوڵەمەندترین وڵاتی دنیا لە دوای پتر لە نیو سەدە هاتوچۆ بە پێشکەوتووترین کەرەستەی میکانیکی و ووزەیی و دیجیتالی بۆ هاماج، لە روواندنی کەڕووەوە دەست بکات بە ئاوەدانکردنەوەی هەسارەکانی تر و دانانی بناخەکانی ژیان تیایاندا.
پرۆژەکەی ناسا ناوی لێنراوە (پرۆژەی کەڕووەبیناسازی) و فراوانە بەڵام هەنگاوەکانی زۆر بە ئارامی و هێوری جێبەجێدەکرێن.  پرۆژەکە وا پێشگریمانە کراوە کە کەستەکی سووکی کەڕوویین ئامادە بکرێن و رەوانەی هەسارەکان بکرێن؛ هەر کە لەوێ دابەزینە سەر خاک ئاو دەکرێ بە سەریاندا و لەوێ دەسدەکەن بە رووان و گەشەکردن و تەواوی ئەو رووبەرەی بۆیان دیاریکراوە دادەپۆشن و بەمجۆرە ژینگە ئامادە دەکەن تا ئەو کاتەی مرۆڤ دەگاتە ئەوێ.  ئەم پرۆژەیە لەلایەن پرۆگرامی چەمکە پێشکەوتووە نۆژەنەکانی سەر بە ناساوە پشتگیری دەکرێت و بەشێکە لەو بووارە کە ناسراوە بە ژیانزانیی راستەقینە.

 خشتی کەڕوویین کە لە ئاردەدار و پاشماوەکانی باخچە دروسکراوە و وەک
کەرەستەی بیناسازی بەکاردەهێنرێت؛ و لە پرۆژەکەی ناسادا سوودی لێ
وەردەگیرێت بۆ بیناسازی لەسەر مەریخ
















سەرچاوە:

No comments:

Post a Comment