14.2.22

زمانی دایک و زمانی زانست



29/12/2020

دەتوانم بڵێم هەموو زمانەوانان کۆکن لەسەر ئەمە کە زمانی دایک زۆر گرنگە بۆ فێربوون. زۆر شت هەیە کە هەرچەند لە زمانێکی دووەمدا شارەزا و پسپۆر بیت، وەک لە زمانی دایکدا دەتوانیت دەریببڕیت، ناتوانیت بە هەمان شێوە بە زمانی دووەم دەریببڕیت. ئاساییە کە لە زمانی دووەمدا زۆر زیرەک و لێزان و شارەزا بیت؛ بەڵام مەرج نییە هەموو مەبەستێک بە هەمان تام و لەززەتی زمانی دایک بگەیەنیت بە گوێگر و بەردەنگ..

لەم سەردەمەدا جگە لە زمانی دووەم و سێیەم و زمانی سەپێندراو و سەردەست، زمانی زانستیش هەیە؛ کە واژەگەلی لاتین و یۆنانی و ئەلمانی و فرانسی لەسەر بنەمای تێگە و رێزمانی ئینگلسی لە هەموو بووارکانی زانستەکاندا تیایدا بەکاردەهێنرێت. زۆر جار کە پرسیار لە زمانەوان یا نووسەر و زمانزانێکی کورد دەکەین کە لە بەرامبەر فڵان ووشە یا چەمک و تێگەی زانستیدا چیمان بە کوردی هەیە؟ ئەگەر زانیان و ووشەیەکی سادە بوو، واتاکەت پێدەڵێن. ئەگەر نەیانزانی یەکسەر وەڵامت دەدەنەوە دەڵێن کاکە گیان پێویست ناکات هەموو ووشەیەکی زانستی بکرێتە کوردی! زمانی زانست لە هەموو جیهاندا هەر یەک زمانە!

بەڵێ ئەمە راستە زمانی زانست یەک زمانە؛ بەڵام بۆچی ئەو نەتەوە و زمانانەی تریش ئەوەندەی بۆیان کراوە و زمانەکەیان توانستی هەبووە لە بەرامبەر ووشە زانستییەکاندا بە زمانی خۆیان واژەیان دروستکردووە و داتاشیوە؟ هیچ کاتێک باکیان بەوە نەبووە کە زمانی زانست یەکە یا دووانە؛ بۆ ئەوان گرنگ ئەمە بووە کە هاوشانی زمانی زانست پەرە بە زمانەکەی خۆیشیان بدرێت. ئاخر ئەگەر زمانێک لە گەشە بوەستێت و واژەی بۆ زیاد نەکرێت، دوای ماوەیەک بێکەڵ دەبێت و ئاخێوەرانی ناچار دەبن دەستی لێبەردەن؛ و دەمرێت.

من کە بڕیارم داوە لەمەوبەدوا چڕشت بخەمە سەر بواری زیندەزانی و بەتایبەتی کەڕووزانی، دەزانم زمانی کوردی لەم بووارەدا لە دۆخێکی شڕدایە. هەرچەندە لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردووەوە لە باشوور خوێندنی زیندەزانی بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان هەبووە، بەڵام لە راستیدا زۆربەی ئەو واژە و تێگە و چەمکانەی لە پەرتووکەکانی قوتابخانەدا بەکارهێنراون، وەرگێڕدراوی عەرەبین و زۆر بە کەمی واتا زانستییەکە کە لە بنەڕەتدا یۆنانی و لاتینە، دەبەخشن. یا زۆر جار هەر لەسەر بنەمای وەرگێڕدراوە عەرەبییەکان ووشەیەکی زانستی کراوەتە دەستەواژەیەک لە جیاتی واژەیەک. لەلایەکی ترەوە لە داتاشینی ووشەکاندا هەوڵ نەدراوە سوود لە هەموو توانستی زمانی کوردی وەربگیرێت و رێبازێکی زۆر ساددەیان لە واژەتاشی و واژەسازیدا پەیڕەو کردووە؛ لە کاتێکدا کە زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەند و توانایە و دەکارێت لە بەرامبەر هەر واژەیەکدا چەندین واژە بئافرێنێ.

ئەگەر سەرنجێک لە زمانی فارسی بدرێت بە ئاسانی رووندەبێتەوە کە ئەوان بەو هەمکە هەژارییەی کە لە رووی واژەوە هەیانە و بە هەبوونی نزیکەی هەفتا پاشگرێک لە زمانەکەیاندا توانیویانە تا ئەو ئاستە زۆرە زمانەکەیان دەوڵەمەند بکەن کە بتوانێت بابەتگەلی زانستیی لە هەموو بووارەکاندا پێبنووسرێت. لە کاتێکدا کە کوردی پتر لە ٢٥٠ پاشگر و دەیان پێشگر و نێوگری هەیە و توانستی یاریکردن بە ووشە و دەنگ و چاوگ لە زمانی کوردیدا زۆر بێشترە لە فارسی؛ و لە ژمارەی ووشەکانیشدا هەر بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن؛ چونکە لانیکەم کوردی هەشت قاتی زمانی فارسی واژە و پەیڤی هەیە.

No comments:

Post a Comment