14.2.22

کەفیر


کەفیر بریتییە لە شیری هەوێنکراو کە وەک ماستێکی شل یا دۆیەکی خەست دێتەبەرچاو کە لە دەنکۆڵەگەلی کەفیر دروسدەکرێت. واتە دەنکۆڵەکانی کەفیر کە بریتین لە کۆمەڵێک بەکتریای جیاواز وەک هەوێن دەکرێتە نێو شیر؛ و شیرەکە لە ماوەی ٨ تا ١٢ هنگاردا دەڕیچێت و دەمەیێت. تام و چێژ و بۆنی هەروەک دۆیە، کەمێک ترشە و تا زیاتر بمێنێتەوە زیاتر ترش دەبێت و هەڵفزۆکە و تا رێژەیەکی زۆر کەمیش ماددەی ئاڵکۆڵی تێدایە.

کەفیر کشتێکە لە جۆرێکی تایبەتی هاوژینی میسۆفیلیک و لە هەوای نە زۆر گەرم و نە زۆر سارددا گەشەدەکات. دەنکۆڵەی کەفیر پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بەکتریای وەک لاکتۆباسیلوس کەفیرانۆفاسیەنس و هەروەها ساکارۆمایسیس تورایسێنسیس کە خۆیان و هەر بە رێکەوت لە یەکتری کۆووبەوەتەوە. واتە هەوێنی کەفیر جارێک دروست بووە و دووبارە نەبووەتەوە. 

ئەگەر کەسێک مەبەستی دروستکردنی کەفیری هەبێت، تەنیا کاتێک دەتوانێت دروستی بکات کە هەوێنەکەی یا دەنکۆڵەکانی دەسبکەوێت. وڵاتی رەسەنی کەفیر هەرێمەکانی قەفقازە و ئەم هەوێنە لەوێ رستکراوە یا بەڕێکەوت دروستبووە؛ بەڵام ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیای رۆژاوا و ئەوروپای رۆژهەڵات ناسراوە و بەشێوەی جیاواز دروستدەکرێت؛ و گەیشتووەتە بەشەکانی تری ئەوروپا و تەنانەت ئەمریکایش. بەگوێرەی چیرۆک و ئەفسانە قەفقازییەکان یەکەمجار دەنکۆڵەکانی کەفیر لەلایەن محەممەد پێغەمبەری ئیسلامەوە دراوە بە ئۆرتۆدۆکسەکان و رایسپاردوون کە بیپارێزن بۆئەوەی چاکە و فەڕ و رۆزییان زۆربێت..

سەبارەت بە واژەی کەفیریش بۆچوون وایە کە رەگی واژەکە لە (کۆپوور)ی تورکییەوە هاتووە بە مانای کەف. هەروەها بۆچوونێکیش دەڵێت وشەکە لە کەفی کوردی و فارسییەوە وەرگیراوە کە مانای بڵقیش دەدات. سەبارەت بە کوردییەکە بێ هیچ هەستێکی شۆڤێنیستیانە دەکرێت بگوترێت کەفیر کوردییە، هەروەک چۆن وشەی (خەمیر) کوردییە و لە (هەویر)ەوە وەرگیراوە. هەویر واتە ماددەیەک کە هەو دەکات یا دەئاوسێت و دەماسێت و هەڵدەفزێت. (کەفیر)یش رێک بە مانای ئەو ماددەیەیە کە کەف دەکات. هەروەتر وەکچۆن واژەی (پەنیر) کە زۆرێک لە زمانەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و باشووری ئاسیا بەکاریدەهێنن کوردییە؛ و لە (پەن) واتە پەنمان و ماسین و پاشگری (یر) دروستبووە.

No comments:

Post a Comment