14.2.22

کارگی بایۆ لیومینیسێنت یا کارگی زیندەشەونما


ئه‌م چەشنه‌ كوارگه‌ به‌ زۆری له‌ ناوچه‌ مامناوه‌ندی و گه‌رمەسێرە‌كان ده‌بینرێت و لە کیشوەرەکانی ئاسیا، ئوسترالیا، ئەوروپا و باکووری ئەمریکا دەڕوێت. بە زۆری لەسەر دار و درەخت دەڕسکێن. ئێستا ٨١ چەشنیان لێ ناسراوه‌؛ و هه‌موویان له‌ سانی (ئه‌گاریكاڵ) واتە کەڕووە بنکدارەکانن؛ ته‌نیا دانه‌یه‌كی کاسەدارەکان (ئه‌سكۆماسیت)ه‌ کە سه‌ر به‌ سانی (زایلاریاڵ)ه‌كانه‌.

هه‌موو شه‌ونما ئه‌گاریكاڵه‌كان بیچمیان وه‌ك قارچكه‌؛ رەنگی هاگە‌كانیان سپییه‌ و سەر بە چوار رەچەڵەکی پەرەسەندوون. وشەی بایۆلیومینیسێنت پێکهاتووە لە دوو بەشی بایۆ واتە زیندوو، و لیومن واتە رووناکی و رۆشنایی. لە زمانی کوردیدا وشەی شەونما بە مانای شتێک کە لە تاریکیدا دیار و نمایانە؛ هەربۆیە دەکرێت بەم چەشنە قارچکەیش بگوترێت کوارگی شەونما یا زیندەشەونما.

ئەم چەشنە کوارگانە تیشکی سەوز لە درێژەشەپۆلی ٥٢٠-٥٣٠ نانۆمەتر هەڵدەمژن. ئەم رووناکی مژینە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتە کە خانەکانی لاشەی کوارگەکە زیندوون. شایانی باسە کە نەک تەنیا میوەکەی واتە ساختاری قارچکەکە خۆی، بەڵکوو بۆی هەیە ریسووەکەیشی کە وەک رەگ و ریشە دەردەکەوێت شەونما بێت. یەکێک لەو کارگە شەونمایانە کە توانراوە لە ئاردەداری ستەورەکراودا بڕوێنرێت، بریتی بووە لە چەشنێک بە ناوی پانیلووس ستێپتیکوس کە لە هەموو چەشنەکانی تر درەوشاوەترە.


No comments:

Post a Comment