ژەهراوی
ناوە گشتییەکەی بریتییە لە زڕە شامپینۆن یا رەحەتیی گەمژان و کارگی ئارەقکرکردن. قارچکێکی ژەهراوییە لە جسنی کلیتۆسایب، خێزانی ترایکۆڵۆماتاسیی، پۆلی ئەگریکۆمایسیت و کەرتی باسیدیۆمایکۆتایە. کۆمەڵێک چەشنن کە لە بیچم و سیفەکانیاندا زۆر چونیەکن. کڵاوە بچووکە رەحەتی ئاساکەی ئەم کوارگە لە ئەوروپا و باکووری ئەمریکا، بە زۆری لە نێو گیاوگۆڵ و مێرگ و چیمەن دەبینرێت. زۆر جار بەشێوەی مانگابەکەڵ دەڕوێت. زۆر جاریش بەشێوەی تاک و تەرا لە نێو گیاگۆڵ دەڕوێت. لە بنەرەتدا ساڵ ١٨٠١ لەلایەن کریستیان هێندریک پێرسوونەوە وەک ئەگاریکوس رایڤیووڵۆسوس وەسفیکراوە، بەر لەوەی سروشتوانی ئەڵمانی پۆڵ کوومەر ساڵی ١٨٧١ ئەم ناوەی ئێستای پێبدات.
لە رووی ووشەڕەتزانییەوە ناوی کڵایتۆسایب واتە سەرلێژ؛ و ووشەی رایڤیوولۆسا ووشەیەکی لاتینە و مانای ئاوەڕۆ، رووبار یا جۆگە دەدات. رەنگە مەبەست لەمە ئەو ووردە ڕێڕەوانە یا ووردە کۆسپە و شیوەڵۆکانە بێت کە لەسەر کڵاوی قارچکێکی پێگەیشتوو بەرچاو دەکەون.
رێژەیەکی زۆر ژەهری موسکارینی تێدایە و ئەو کەسەی دەیخوات لەماوەی ١٥ تا ٣٠ خولەکدا تووشی ئارەقکردن، لیک دەردان و فرمێسک ڕژان دەبێت. ئەگەر بڕێکی زۆری لێبخورێت وێرای ئەم نیشانانە، کەسەکە تووشی زگ ئێشە و هێڵنج و زگچوونیش دەبێت. هێزی بینایی لێڵ دەبێت و هەناسەی تەنگ دەبێت. دووای دوو هنگارێک کاریگەریی ژەهرەکە لەسەر لەش دادەبەزێت. مردن بەم قارچکە دەگمەنە بەڵام کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر کۆئەندامی هەناسە دەبێت.
کڵیتۆسایب رایڤیووڵۆسا قەبارەی زۆر گەورە نابێت. تیرەی کڵاوەکەی ٣٠ تا ٤٠ میلیمەتر دەبێت و شێوەی کڵاوەکەی رەحەتی ئاسایە. شیپەڕەکانی رەنگیان سپییە و خاڵ خاڵی ووردی ئاڵیان تێدایە و درێژییان جیاوازە. قەدەکەی لووسە و ئارداوییە. رەنگی سپییە و تا ٤٠ میلیمەتر درێژ دەبێت. هەروەها ئەڵقەی نییە. رەنگی هاگەکانی سپییە؛ و چێژ و بۆنیێکی جیاوازی نییە. شێوە و خەسڵەتەکانی زۆر لە قارچکە خۆراکییەکانی ماراسمیووس ئۆریدیس، کڵایتۆپایڵوس پریوونیووڵیس و کڵایتۆسایب دیڵباتا نزیکە. هەروەها لە قارچکی کاڵۆسایب گامبۆسایش دەچێت کە کڵاوەکەی کەمێک گۆشتنترە؛ و لە وەرزنی بەهار و هاویندا دەڕوێت.
سەرچاوە
No comments:
Post a Comment