روون نییە کە ئەم قارچکە دەخورێت یا نا؛ بەڵام زۆر نزیکە لە کوارگی ئەمانیتا سمیتیانا؛ هەربۆیە پێویستە پارێز بکرێت لە خواردنی. چێژ و بەرامەی قارچکییە و هیچ جیاواز نییە. یەکەم جار لە ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمریکا وەسفیکراوە. لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و واشنگتن چەند مەڵبەندێکی تر ناسراوە. هەروەها لە بریتیش کۆڵۆمبیای کانەدایش ناوی هەیە. ئەمانیتا سیڵڤیکۆڵا بە تاک یا بە کۆمەڵ لە دارستانەکانی گەڵادەرزیلەییەکان، ئەسپیندار و رووەکی شەوکەران\گاگۆڕاڵ دا دەڕوێت.
تیرەی کڵاوە سپییەکەی ئەمانیتا سیڵڤیکۆڵا ٥٠ تا ١٢٠ میلیمەتر دەبێت. نێوەراستی کڵاوەکەی تۆزێک چاڵە. رەنگی گۆشتەکەیشی سپییە. سەرەتا، واتە لە کاتی ساواییدا کڵاوەکەی هەموو بە توێژاڵێکی تەنک و نەرم و سپیی پەردەی کاسەکەی داپۆشراوە. پاشان لەگەڵ گەورەبوونیدا پەردەکە لەتلەتە دەبێت و پارچەی ناڕێک و قەبارە جیاوازی بەسەر کڵاوەکەوە جێدەمێنێت.
شیپەڕەکانی زۆر لە یەکتریەوە نزیکن و بە قەدەوە نەنووساون یا زۆر کەم پێیەوە نووساون. رەنگیان سپییە و ووردە پرۆزڵی پەردەکە بە لێوارەکانییەوە جێدەمێنێت. ئەو شیپەڕانەی کورتن بە شێوەی کەوانەیی کۆتاییان هاتووە.
درێژیی قەدی ئەمانیتا سیڵڤیکۆڵا ٦٠ تا ١٠٠ میلیمەتر درێژ؛ و تیرەی ئەستوورییەکەی ١٥ تا ٢٥ میلیمەتر دەبێت. نیمچە لوولەکی و پتەوە و رەنگی سپییە و ووردە تفر و کوڵکی پێوەیە. بنەکەی سەرەتا وەک گۆیەکی لاوەکی دەبینرێت بەڵام لەگەڵ بۆڕبوونیدا هاوڕەنگ و هاوشێوە دەبێت لەگەڵ قەدەکە.
سەرچاوە
No comments:
Post a Comment