14.2.22

کۆمبوچا


چاکارگ، چاکەڕوو، کارگی مەنچووریا، ناوە لاتینەکەی بریتییە لە مێدیوسۆمایسیس گیسڤی. بریتییە لە چای شیرینی ترشێندراوی هەڵفزاو کە بۆ مەبەستی سوودە تەندروستییەکانی دەنۆشرێت. هەندێک جار بۆ ئەوەی جیابکرێتەوە لە کشتی بەکتریا و هەوێن، پێیدەگوترێت چای کۆمبوچا. زۆر جار شەربەت، بەهارات، میوە و چێژ و بەرامەی تری تێدەکرێت تا مەزەدارتر بێت.

لە دروسکردنی کۆمبوچادا کشتی هاوژینیی بەکتریا و هەوێن بەکاردەهێنرێت و پێیدەگوترێت دایک یا کوارگ. پێکهاتەکانی دایک زۆر جار جیاوازن؛ بەڵام بەگشتی پێکهاتەی هەوێنەکەی بریتییە لە ساکارۆمایسیس سێریڤیسیای و چەشنەکانی تر؛ هەروەها پێکهاتەی بەکتریاکەی بریتییە لە گلوکۆناسیتۆباکتر زایلینوس.


بۆ ئەوەی بتوانیت کۆمبوچا بەرهەم بهێنیت، پێویستە سەرەتا کشت یا دایکەکەی پەیدا بکەیت. ئینجا لە دەفرێکی پاکدا چایەکی شیرەتین دروست دەکەیت بەڵام نابێت زۆر بەڕەنگ بێت. دەپاڵێورێت و تڵتەکەی فڕێدەدرێت. ئینجا شەکری تێدەکرێت و پارچەیەک لە کشتەکەی تێدا دادەنرێت؛ و سەری بە خامێکی پاک دادپۆشرێت و لە شوێنێکی تاریک دادەنرێت. لە رۆژی سێهەمەوە چایەکە ئامادە دەبێت بۆ خواردنەوە؛ بەڵام باشترین چای کۆمبوچا پێویستە هەفتەیەک بەسەریدا تێپەڕێت. شایانی سەرنجە کە نابێت شەکری زۆر تێبکرێت تا زۆر شیرین نەبێت.



No comments:

Post a Comment