26.1.22

کارگی ئەمانیتا فوڵڤا

 خۆراکی 

یەکێکە لەو چەشنە قارچکانەی جسنی ئەمانیتا کە خۆراکییە.
  بەڵام پێویستە بە ووریاییەوە بخورێت چونکە جیاکردنەوەی لە هەندێک چەشنە ژەهراوییەکان چەتوونە.  یەکەم جار ساڵی ١٧٧٤ لەلایەن جەیکوب کریستیان شافەرەوە وەسفیکراوە.  ئەمانیتا فوڵڤا و ئەمانیتا ڤاجیناتا پێکەوە خرانە سەر جسنی ئەمانیتۆپسیس چونکە ئەڵقە بە دەوری قەدەکەیانەوە نییە.  بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە نەبوونی ئەڵقە بەس نییە بۆ ئەوەی ئەم قارچکانە لە جسنی ئەمانیتۆپسیس هەژمار بکرێن.  

ئەمانیتا فوڵڤا کڵاوەکەی قاوەیی زەردوەشە یاخود نارنجیی تێکەڵ بە قاوەییە.  نێوەراستی کڵاوەکەی تۆخترە لە بەشەکانی تری.  لێواری کڵاوەکەی دێرەکدارە.  تیرەی کڵاوەکەی دەگاتە ١٠٠ میلیمەتر.  لە کاتی بۆڕبوون و پانبوونی دا لە نێوەڕاستی کڵاوەکەیدا مەمیلەیەک دروستدەبێت.  سەرەتا خزۆکە بەڵام دوواتر ووشکدەبێتەوە. 

شیپەڕەکانی بە قەدەکەوە نەنووساون واتە ئازادن.  گۆشتی کڵاوەکە سپی تا قەیماغییە؛ و گۆڕانی بەسەردا نایێت. رەنگی هاگەکانیشی سپییە. 


بەژن و قەدەکەی سپی و لووسە و هەندێک جار رەنگی قاوەیی نارنجیوەشە؛ و ووردە کوڵکی زۆر بچووک لەسەری دەوێت.  قەدەکەی باریکەڵە، بێ قەف، هوڵۆڵ و زۆر کرتۆکە و بۆ لای سەروو باریک دەبێتەوە.  درێژیی قەدەکە دەگات ١٥٠ میلیمەتر و ئەستوورییەکەی ١٠ تا ١٥ میلیمەترە.


ئەم چەشنە کوارگە بە ئەوروپادا بڵاوە.  لە مانگەکانی نێوان بەهار و پاییزدا دەڕوێت.  لە زۆر جۆرە دارستانەکاندا دەڕوێت وەک دارستانەکانی چنار،  بناو، سنەوبەر، بەڕوو و تاد.. و لەگەڵ رەگی درەختەکاندا بەشێوەی کۆژی یا هاوژینی دەڕوێت.  هەروەها لە باکووری ئەمریکایش زۆر بڵاوە و لە شاخەکان و لە دارستانەکانی گەڵاڕێزۆک و گەڵادەرزیلەییەکاندا دەروێت.  

ئەمنیتا فوڵڤا لە بنەکەیدا کاسەیەکی لە شێوەی هەگبەی هەیە کە رەنگی سپییەدرێژیی رووکاری دەرەوەی ٣٠ تا ٨٠ میلیمەتر دەبێت.  




سەرچاوە

مەشرووم ئێکسپێرت

ئەمانتاسیی

ئای ناچراڵیست





No comments:

Post a Comment