20.1.22

باسێکی مێژوویی سەبارەت بە ئەمانیتا موسکاریا لە ئەفغانستان

 


 ساڵی ١٩٧٩ موختار و گرکن بە دۆڵی پەنجشیری ئەفغانستاندا دەگەڕان. ئەو دۆڵەی کە دەکەوێتە هەرێمەکانی هیندوکوش لە باکووری کابوڵ و رۆژهەڵاتی ئەفغانستان.  ئەوان دەزگای تۆمارکردنی دەنگیان پێبوو.  دەنگی ئەو کەسانەیان تۆمار دەکرد کە مەبەستیان بوو زانیارییە زارەکیەکانیان لێوەربگرن.

سەبارەت بە کارگی فڵای ئەگاریک یاخود ئەمانیتا موسکاریا پرسیاریان لە چەند پیاوێکی بەتەمەن کرد و دەنگەکانیان تۆمار کرد.  ئەو پیاوانە باسی ئەوە دەکەن کە لە کۆنەوە ئەم چەشنە قارچکە لە ناوچەی ئەوان هەبووە و  خواردوویانە.

شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە چەند مانگی رابردوودا راگەیەندرا کە ئەم چەشنە کوارگە ژەراوی نییە و بۆخواردن دەشێت.  پێشتر نزیکەی ٢٠٠ ساڵ بوو وەک کوشندەترین کارگ باسی لێوەدەکرا.

پیاوە ئەفغانەکان لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێن ئەم کوارگە لە کۆتایی وەرزی بەهاردا و لە ساڵی پڕ باراندا دەڕوێت؛ و ئەوان بە زمانی خۆیان کە فارسیی دەرییە پێیدەڵێن نانی سۆغتە کە واتایە نانی قەلەڕەش دەبەخشێت.   هەروەها دەڵێن دووای چنینەوە قارچکەکە لەبەر خۆرەتاو ووشک دەکەنەوە و هەڵیدەگرن بۆ زستان.  

لە وەرزی سەرمادا هەم بە ساغی و هەم بە هاڕدراوی لە ئاوی کوڵاودا دەخووسێندرێت؛ یا باشتر بڵێین دێم دەکرێت و دەخورێتەوە.  دیارە لە هەرێمەکانی سیبریایش ئەم چەشنە قارچکە دووای ووشککردنەوە هەڵگرتنی لە خوێواوکدا بۆ خواردن بەکاردەهێنرێت.


فەرید ئەحمەد کە پیاوێکی دەوروبەری ٦٠ ساڵانە لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت دووای خوردنەوەی چای کوارگەکە هەستم بە داهێزان و خەواڵوویی کرد.   پاشان گوێم لە دەنگە دەنگی خێڵکی دەبوو هەرچەندە بە تەنیا بووم کەس لەلام نەبوو.  بە دەنگەکان و بە خۆم پێدەکەینم..

مستەفا کە تەمەنی نزیکەی ٦٠ ساڵانە دەڵێت سەرەتا زۆر حەزم لە خەو بوو، پاشان هاتمەوە سەر خۆ.  ووشەکانم لە بیرچووبوونەوە.  وەختێک هەستم دەکرد بوومەتە درەخت.  


 ئەحمەد کارگەر تەمەن ٦٥ ساڵان دەڵێت من ساڵانێکی زۆر خواردوومەتەوە.  بەڵام تەنیا جارێک زۆر پێی تێکچووم.  پەرێشان بووم، دەترسام.  بە نێو دارانا رامدەکرد.  نەمدەزانی من کەم و لە کوێم..


مالانگ عەزیز تەمەنی ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵانەدەڵێت ئێمە قەلەڕەشەمان زۆر نییە بەڵام پەیدای دەکەین.  دەیهاڕین و بە تۆزە بۆرەکەی چایەکی لێدروستدەکەین؛ و زستان کە رێگای دەرچوون لە ماڵمان لێدەبەسترێت دەیخۆینەوە.



No comments:

Post a Comment