22.1.22

خۆت خاکی زەویوزارەکەت تاقیبکەرەوە

 

ئەم شێوازەی خوارەوە رێگایەکی باشە بۆئەوەی پێش چاندن و روواندنی بەرهەمەکانت دڵنیا بیت لەوە کە چ جۆرە خاکێکت هەیە.  هەمووی یەک یا دوو رۆژی پێویستە و ئاکام و ئەنجامەکەت دەست دەکەوێت.

ئەم تاقیکردنەوەیە پشکنینێک نییە بۆ زانینی چەندایەتی و چۆنایەتیی کانزاکان و ترشی و تفتی، بەڵکوو بۆ ئەوەیە ئەو خاکەی هەتە و نیازت هەیە کاری لەسەر بکەیت، بەر لە چاندن بیناسیت و ئەگەر پێویست بوو چاکی بکەیت.  بۆ ئەم مەبەستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکە:

١- لە گۆشەیەکی زەوییەکەت چاڵێکی بچووک بە قووڵایی ١٦ سەنتیمەتر بکەنە.  ئینجا چەند مشتێک لە خاکەکەی لە قووڵاییەکەوە بهێنە دەرەوە.

٢- دەفرێکی شووشە، لەوانەی ساڵانی زوو بۆ ئاوەتەماتە بەکاردەهێنران، بهێنە و سێ یەکی پڕ بکە لە خاک.

٣- ئینجا تا سێ چارەکی شووشەکە پڕ بکە لە ئاو.

٤-  دەمی شووشەکە قایم ببەستە و بۆ ماوەی ٢-٣ خولەک بیشڵەقێنە.

٥- ماوەی ٢٤ تا ٤٨ هنگار لە شوێنێک دایبنێ و مەیجوڵێنە.

٦- دووای ئەو ماوەیە بەئەسپایی شووشەکە لە شوێنێک دابنێ و بە ووردی لێی بروانە.

ئەو چینەی کە لە بنی شووشەکەدایە لە هەموو بەشەکانی تر قورسترە بریتییە لە لم.  چینی سەر لمەکە لیتەیە. واتە تێکەڵاوێکە لە گەردیلەی زۆر ووردی لم و قوڕ.  چینی  سەرووتر  بریتییە لە قوڕ؛ کە بە شێوەی سروشتی چەسپناکە و بەکاردەهێنرێت بۆ دروسکردنی خشت و دەفر و کەرەستەی گڵینە.

ئەو چینەیش کە دەکەوێتە سەر رووی ئاوەکەوە کۆمپۆستە.  واتە پێکهاتووە لە پارچە و گەردیلەی وورد و بچووکی دار و دەوەن و چیلکە و گەڵا و…


ئێستا تۆ بەگوێرەی ئەستووریی چینەکان دەتوانیت ئاکام و ئەنجامی خاکی زەوییەکەت بەدەست بهێنیت. بۆ وێنە: گریمان لمەکە کەمێک زیاتر لە نیوەی ئەستووریی هەموو خاکەکەی لە ئاوەکەدا پێکهێناوە، مانای ئەوەیە لە سەدا شەستی خاکەکەت لمەئەگەر لیتەکەیش نیوەی لمەکەی پێکهێنابێت، کەواتە ئەویش  دەکاتە سەدا سی.  لە سەدا دە دەمێنێتەوە بۆ قوڕەکە

کەواتە زەوییەکەت لمی زۆرە و دووای ئاودان خێڕا هەڵدەچۆڕێت؛ و نم و شێی نابێت یا زۆر کەم دەبێت.  بۆ چاککردنی خاکی زەوییەکەت پێویستە چینێک کۆمپۆست بە سەر زەوییەکەتدا بڵاو بکەیتەوە.   چینە کۆمپۆستەکە گەرەکە لانیکەم پێنج سانتیمەتر ئەستوور بێت.  ئەم کۆمپۆستە ئاو لە خۆیدا هەڵدەگرێت؛ و ووردە ووردە  دەیداتە خاکەکە و ناهێڵێت زوو ووشک ببێتەوە.




No comments:

Post a Comment