18.1.22

سوودە پزیشکی و دەرمانییەکانی کارگی مێڵەگورگانە

  دەرمانی 

کۆردیسێپس میلیتاریسی سروشتی

کارگی مێڵەگورگانە یا کارگی مارەزیو یا ئۆفایۆکۆردیسێپس، لە خێزانی ئۆفایۆکۆردیسیپیتاسییە.  خۆی جۆرێک کەڕووی مفتەژی\مشەخۆرە؛ بەشێوەی سروشتی لەسەر لاشەی هەندێک جۆر مێروو و جاڵجاڵۆکە دەژیێت و گەشەدەکات و کاردەکاتە سەر مێشکیان؛ و ناچاریان دەکات بچن لە دارێکدا یا لە شوێنێکی لەباردا پەنابگرن، کە شوێنەکە گونجاو و لەباربێت بۆ گەشەکردنی کوارگەکە.  دووای ئەوە چووزەرەی قارچکەکە لە سەری مێرووەکەوە دێتە دەرەوە و گەورەدەبێت.  کارگی مێڵەگورگانە دەوروبەری  ٤٠٠ چەشنی جیاوازی هەیە کە هەرکامیان پێکهاتەی جیاوازیان هەیە.  بەڵام لە نێو ئەم ٤٠٠ چەشنەدا دوو چەشنی کۆردیسێپس ساینێنسیس و کۆردیسێپس میلیتاریس زۆر ناسراون و کاریان لەسەر کراوە و بایەخیان پێدراوە.

کۆردیسێپس میلیتاریسی دەسچێن


لە کۆنەوە لە ووڵاتانی وەک چین و تیبەت وەک دەرمان بۆ چارەسەری ژانەسەر، رەوانی، کۆخە، رۆماتیزم، نەخۆشییەکانی جەرگ، نەخۆشییەکانی گورچیلە و زۆر شتی تر بەکارهێنراوە؛ و لە پەرتووکەکانیاندا وەسپیان کراوە.  لە ووڵاتی سیکیم  باوەڕ وایە کە کارگی مێڵەگورگانە چارەی هەموو نەخۆشییەک دەکات.   تەنیا یەک دەنک کارگی کۆردیسێپس ساینێنسیس کە لە بەرزایی سەروو ٣٥٠٠ مەتر لە کێوەکانی هیمالایای تیبەت و سیکیم و هەندێک هەرێمی تری چین دەڕوێت، نرخی دەگاتە ١٠ دۆڵاری ئەمریکایی.  لە ٢٥ ساڵی رابردوودا رێژەی مێڵەگورگانەی سروشتی لەم هەرێمانە لەسەدا نەوەد دابەزیوە؛ هەربۆیە دەسکراوە بە روواندنی لە ئەزموونەگەکاندا.  هەرچەندە ئێستا لە ئەمریکا بەشێوەی بازرگانی بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوە کە شێوازی روواندنەکەی زۆر جیاوازە لە جۆرەکانی تری قارچک، بڕی بەرهەمهێنانەکەی زۆر کەمە.


لە ساڵانی رابردوودا زۆر توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم چەشنە قارچکە کراوە؛ و  ئاکام و ئەنجامی ئەرێنی بەدەسهێنراوە.  دیارە تاقیکردنەوەکان زۆرتر لەسەر مشک جێبەجێکراون نەک لەسەر مرۆڤ.  هەموو ئەوانەیش سەلماندوویانە کە مێڵەگورگانە دژی شێرپەنجەیە و خانەشێرپەنجەییەکان لە ناودەبات،  سیستمی سەلامەتیی لەش بەهێزدەکات.  دژی پیربوونە، ئاستی شەکری خوێن رێکدەخات واتە بۆ شەکرەی جۆری دوو باشە،  زام و برین لە دڵدا کەمدەکاتەوە؛ واتە بۆ سەلامەتیی دڵ باشە.  هەرەەها دژی سووتانەوە و هەوکردنە.  زۆربەی کەسانی دەوڵەمەند مێڵەگورگانە بۆ مەبەستی زایەندی دەکڕن؛ چونکە هەستی زایەندی دەبزوێنەت و ناوی لێنراوە ڤیاگرای هیمالایا.

کۆردیسێپس ساینێنسیسی سروشتی


بڕی خواردنی مێڵەگورگانە بەشێوەیەکی زانستی نەتوێژراوەتەوە؛ بەڵام بەشێوەی نەریتی رۆژانە ١٠٠٠ تا ٣٠٠٠ میلیگرام بەکاربهێنرێت زیانی لاوەکیی بۆ لەش نییە.  ئەم قارچکە دەشێت لە سرکە و خوێدا هەڵبگیرێت، دەشێت لە ئەڵکۆهۆڵدا هەڵبگیرێت؛ دەشێت ووشکبکرێتەوە و بکرێتە نێو کەپسوولی ٤٠٠ میلیگرامی و بەیانیان و ئێواران یا سێ ژەمە کەپسوولەکان قووتبدرێت.   بەڵام باشترین رێگا ئەمەیە کە بە تەڕ و تازەیی بخورێت.  چای مێڵەگورگانە یەکێکە لە دێرینترین شێوازەکانی بەکارهێنانی.  بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ماوەی ١٥ تا ٤٥ خولەک بکوڵێندرێت تا هەموو ماددە سوودبەخشەکان لە قارچکەکە دێنە دەرەوە.   هەروەها دەشێت راستەخۆ کوارگەکە بخەیتە نێو ستیکانی چا یا قاوەکەتەوە بیخۆیتەوە.


بە دڵنیاییەوە دەشێت هەندێک چەشنی ئەم قارچکانە لە کوردستانیش هەبن بەڵام بەداخەوە لە ووڵاتی ئێمە کار لەسەر ئەم چەشنە کوارگەیش نەکراوە؛ و رەنگە لەسەدا یەک کەس لە خەڵکی ئێمە ناوی ئەم چەشنە قارچکەی نەبیستبێت.  بە ئومێدی ئەو رۆژە کە  قارچکی مێڵەگورگانە و هەموو چەشنەکانی تر لەلایەن خەمخۆرانی بوواری زیندەزانی و کەڕووزانیی کوردستانە بایەخیان پێبدرێت و لێیانبکۆڵدرێتەوە؛ تا سوود و زیانەکانیان دەربکەوێت و گەلی ئێمە بتوانێت کەڵک لەم سامانە نامۆ و نەناسراوەی ووڵاتەکەی وەربگرێت.





No comments:

Post a Comment