21.1.22

کوارگەکانی جسنی ئەمانیتا

 


جسنی ئەمانیتا ٦٠٠ چەشنی ئەگاریک دەگرێتە خۆ، لەوانە ژمارەیەک لە ژەهرینترین قارچکە ناسراوەکانی جیهان و هەندێک کوارگی بەتامی خۆراکین. واژەی ئەمانیتا واژەیەکی یونانییە و لە ناوی چیای ئامانۆسەوە وەرگیراوە کە دەکەوێتە باکووری کوردستان و ویلایەتی ئەسکەندەروونە.  درێژییەکەی ٢٠٠ کیلۆمەترە و جەمسەری رۆژاوای زنجیرە کێوی تۆرۆس پێکدەهێنێت.  لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بە ناوی (گاڤور داغ) ناسرابوو؛ بەڵام دوواتر دەوڵەتی تورکیا ناوی لێنا (نوور داغ).  ئێستایش ناوە کوردییەکەی بریتییە لە چیایێ گەور.  گەور واتە رەنگی سپیی مەیلە و سورمەیی.  پێویستە فەرامۆش نەکرێت کە ئەم جسنە قارچکە بەرپرسە لە سەدا ٩٥ی ئەو ژەهراویبوونانەی ساڵانە لە جیهاندا روودەدەن.  


چەشنێک کە ناسراوە بە کلاوی مەرگ (ئەمانیتا فاڵۆییدس) نیوەی ئەم رێژەیە لە ژەهراویبوونەکان پێکدەهێنێت.  بەهێزترین ژەهر کە لەم کوارگەدایە ناسراوە بە ئەلفا-ئەمانیتین.  وەک ئاماژەی بۆ کرا ئەم جسنە گەلێک کوارگی خۆراکی لە خۆی دەگرێت بەڵام کەرووزانان مەردم هان نادەن بۆ خواردنیان چونکە هاوێرکردنی خۆراکییەکانیان لە ژەهراوییەکان بۆ مەردمی ئاسایی ئاسان نییە.  


سەرەڕای ئەمەیش لە زۆر ووڵاتان چەند چەشنێکیان دەخورێن.  بۆ وێنە لە ئەفریقای ناوەند ئەمانیتا زامبیانا، لە مەکسیکۆ ئەمانیتا باسیی، لە ئەوروپا ئەمنیتا سزاریا و ئەمانیتا ریووبیسین، لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ئەمانیتا چیپەنگیانا و لە کانەدا و بەشێکی مەکسیکۆ ئەمانیتا جاکسنیی دەخورێن.  هەروەها چەشنەکانی ئەمانیتا فووڵڤا، ئەمانیتا ڤەیجیناتا و ئەمانیتا کالیپترەیتیش خۆراکین.  دیارە لەم ٦٠٠ چەشنە هێشتا زۆر چەشنیان روون نییە دەخورێن یا نا؟! 


لە لایەکی ترەوە چەشنەکانی ئەمانیتا فاڵۆییدس، ئەمانیتا ڤایرۆسا، ئەمانیتا بیسپۆریجێرا و ئەمانیتا ئۆکریتا، ئەمانیتا ئبروپتا، ئەمانیتا ئارۆکیی ، ئەمانیتا ئێکزیتیالیس، ئەمانیتا ماگنیڤێلاریس، ئەمانیتا سەبجەنکیلی و ئەمانیتا ڤێرنا لە کوشندەترین چەشنەکانی ئەم جسنە هەژمار دەکرێن.  هەروەها ئەمانیتا برونیسین، ئەمانیتا سێسیلیا، ئەمانیتا کۆکری، ئەمانیتا کرینیوولاتا، ئەمانیتا فارینۆسا، ئەمانیتا فرۆستیانا و ئەمانیتا پاندێریایش ژەهراوین.  لەم ساڵانەی دوواییدا دەرکەوت کە چەشنەکانی ئەمانیتا سمیتیانا لە باکووری ئەمریکا، ئەمنیتا سیۆدۆپۆرفیریا لە ژاپۆن و ئەمانیتا پرۆکزیمان لە ئەوروپا دەبنە هۆکاری وەستانی درێژخایەنی گورچیلەکان.


خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەمەیە کە جگە لە چەشنە خۆراکی و چەشنە ژەهراوییەکان کۆمەڵێک قارچکیش هەن کە ناخۆراکین واتە هەر کامەیان بە هۆکارێک یا چەند هۆکارێک ناخورێن، رەنگە ژەهراویش نەبن؛ بەڵام لە ریزی ناخۆراکییەکان هەژمار کراون وەک : ئەمانیتا ئەڵنۆکریتا، ئەمانیتا ئەلکینسۆسنیانا، ئەمانیتا سیترینا، ئەمانیتا ئێکسێلسا، ئەمانیتا فرانچێتیی، ئەمانیتا لۆنجیپیس، ئەمانیتا ئۆنیوستا، ئەمانیتا رۆپاڵۆپوس، ئەمانیتا فڵەیڤۆریوبیسین، ئەمانیتا سیلڤیکۆڵا، ئەمانیتا ساینیکۆفڵاڤا، ئەمانیتا سپرێتا و ئەمانیتا ڤۆڵڤاتا.


چەشنی ئەمانیتا موسکاریا کە رەنگە لە بەربڵاوترین چەشنەکانی ئەم جسنە بێت، و پێشتر وەک ژەهراویترین چەشنەکانی ئەمانیتا هەژماردەکرا، ماددەی ئاوەزگەردانی تێدایە و لە هەندێک مەڵبەندی وەک سیبیریا و ئووراڵ لە کۆنەوە بۆ مەبەستی کات بەسەربردن بەکارهێنراوە.  هەروەها لە تۆمارێکی دەنگیدا کە ساڵی ١٩٧٩ لە ئەفغانستان تۆمارکراوە، چەند پیاوێکی بە تەمەنی ئەفغان لە دۆڵی پەنجشێر باس لەوە دەکەن کە لە کۆنەوە لە ناوچەی ئەوان ئەم چەشنە قارچکە دووای ووشککردنەوە و هاڕین دەمکراوە و چایەکەی خوراوەتەوە.


No comments:

Post a Comment