24.1.22

چەشنی ئەمانیتا موسکاریا

 ژەهراوی و ئاوەزگەردان 


ئەم چەشنە لە خێزانی ئەمانیتاسیی، سانی ئەگاریکاڵەکان و جسنی ئەمانیتایە و لە تیرەی باسیدیۆمایکۆتا یا کەڕووە هێمدارەکانە.  ناوە گشتییەکەی بریتییە لە مێشی ئەگاریک.  ناوی موسکاریا لە موسکای لاتینەوە هاتووە کە واتای مێش دەبەخشێت.  ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو کە لە هەندێک ووڵاتی ئەوروپایی ئەم قارچکەیان وورد دەکرد و لە دەورییەکدا شیریان دەکرد بەسەریدا.  سەرنجی مێشەکانی رادەکێشا؛ و کاتێک دەچوون شیرەکە بخۆنەوە یەکسەر پێی گێژ دەبوون و دەمردن.  ئەو ماددەیەی مێشەکانی دەکوشت بریتی بوو لە ترشی ئیبۆتینیک.

 ئەم چەشنە کوارگە کارگێکی ئاوەزگەردانە و وەک کارگی ژەهراوی هەژمار کراوە.  بە کۆمەڵی گەورە دەڕوێن و لەو شوێنانەی تەڕاش و ووردە دار و دەوەنی لێیە.  لە هەر شوێنێک بڕوێت بۆ ماوەی چەند ساڵی دوواتر لێیدەڕوێتەوە.  لە ئەمریکا، کانەدا، ئەوروپا و ئاسیا دەڕوێت.  بۆ نیوەگۆی باشووریش گوازراوەتەوە.  

کارڵ لینایوس ساڵی ١٧٥٣ لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی (چەشنەکانی رووەک) ناوی ئەم قارچکەی بردووە و وەپیکردووە؛ و ئەو کاتە پێیگوتووە ئەگاریکوس موسکاریوس.  ئەو سەردەمە زۆربەی شیپەڕەدارەکان لە جسنی ئەگاریکوس هەژمارکراون.   بەڵام ساڵی ١٧٨٣ کریستیان هێندرەیک پێرسوون گواستییەوە بۆ نێو جسنی ئەمانیتا؛ کە لەودا ئەمانیتا موسکاریا کراوەتە ئۆرناک.

شایانی باسە کە چەشنی ئەمانیتا موسکاریا چەند جۆر و گۆنەیەکی هەیە. وەک ئەمانیتا موسکاریائاڵبا، کە سپییە و دەگمەنە.  ئەمانیتا موسکاریا رێگالیس کە قاوەییە و هەندێک سەرچاوەیش وەک چەشنەکی جیاواز ناوی دەبەن.  ئەمانیتا موسکاریا فۆرمۆسا کە لە باکووری ئەمریکا زۆر ناسراوە، و کڵاوەکەی زەرد بۆ زەردی نارنجییە و زیپکەگەلی زەردوەش بەسەر کڵاوەکەیەوە دیارە و قەدەکەی زەردوەشە. 


ئەمانیتا موسکاریا دەشێت ئاوەزگەردان بێت و پێکهاتەگەلی کیمیایی تێدا بێت بەڵام پێناچێت ئەم پێکهاتانە هەمیشە بە چڕی تیایدا هەبن.  ئەمانە هەمان ئێو ماددە ئاوەزگەردانانە نین کە لە قارچکی وەک سیلۆسایب سێمیلانسیتا دا هەن؛ و پێیاندەگوترێت کارگی جادوویی.   خواردنی ئەمانیتا موسکاریای ووشک دەبێتە هۆی وێژنگدان، هێڵنجدان، ئارەقکردن، بینین و بیستنی تێکەڵ پێکەڵ، شادی و گێژی.  ئەم شێوە هەستکردنانە لە کەسێکەوە بۆ کەسەکی تر و بوگێرەی خواردنی بڕەکە دەگۆڕێت.  ئەگەری مردنیش هەیە بەڵام هیچ بەڵگەیەکی تۆمارکراوی مردن لە دەستدا نییە.


ئەم چەشنە کوارگە کاتێک تازە سەر دەردەهێنێت و ساوایە سەر کڵاوەکەی بە زیپکەگەلی سپی داپۆشراوە.  تا گەورەتر دەبێت پتر رەنگە سورەکەی دەردەکەوێت و  زیپکە سپییەکان لە یەکتری دووردەکەونەوە.  زۆر جار بارانی بەخوڕ یا هەندێک زیندەوەر زیپکە سپییەکانی سەر کڵاوەکە لادەبەن و تەنیا سوورییەکە دەمێنێتەوە.  لە کاتی بۆڕبوون دا تیرەی کڵاوەکەی ١٠٠ تا ٢٠٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سوورە و هەندێک جارش نارنجییە.  زۆر بە دەگمەنیش بە رەنگی سپی بینراوە.  کڵاوەکە کاتێک کە بۆڕ دەبێت، تەخت دەبێت و تەنانەت لە نێوەڕاستیدا دەبێتە چاڵ؛ بەڵام بە گشتی بەشێوەی قۆقز دەمێنێتەوە.  زۆربەی جاران کڵاوەکەی ناڕێکە و پارچەگەلی پەردەی پێوە دەبێت.  کاتێک دەشکێت یا لەتدەبێت گۆشتی بن توێژە سوورەکە یسپییە بەڵام لەگەڵ بەرکەوتن لە هەوادا دەگڕێت بۆ زەرد.

رەنگی شیپەڕەکانی سپییە.  ئازادن واتە بە قەد و بەژنەکەیوە نەنووساون.  شیپەڕەکانی کە زۆر لە یەکترییەوە نزیکن، لەگەڵ بۆڕبوونی تەنمیوەکەدا رەنگیان دەگۆڕێت بۆ زەردی کراوە.


قەدەکەی ١٠٠ بۆ ٢٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت و ١٥ تا ٢٠ میلیمەتریش ئەستوور دەبێت.  رەنگی سپییە و پرزۆڵدارە وئەڵقەیەکی پێوەیە.  بنی قەدەکەی بریتییە لە سەرکێکی سپی؛ و رەنگی هاگەکانیشی سپییە.

ئەمانیتا موسکاریا بەشێوەی دەرەرەژکەکەڕوویی لەگەڵ درەختە رەقەکان و نەرمەکان دەڕوێتلە ئەوروپا لە دووا مانگی هاوین و نێوەراستی پاییزدا دەڕوێت.




 

سەرچاوە

فێرست نەیچەر

وودڵاند ترەست

No comments:

Post a Comment