25.1.22

چەشنی ئەمانیتا فاڵۆییدس

 کوشندە 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە کڵاوەمەرگ.   کوشندەترین جۆری ژەهری تێدایە.  زۆربەی ئەو کەسانەی ساڵانە بە قارچک ژەهراوی دەبن و دەمرن ژەهراویبوونەکەیان بەهۆی ئەم کوارگەوەیە. سفر پنت یەک میلیگرام لەم ژەهرە بەسەر بۆ ژەهراویکردنی مەرگهێنەری یەک کیلۆ لە لەشی مرۆڤ، هەر بۆیە کاتێک کەسێک بڕی ٥ بۆ ٧ میلیگرام لەم ژەهرە دەخوات (کە ئەم بڕە لە یەک کارگدا هەیە)، ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.  لە دوای خواردنی یەکەم جار جگەر دەکاتە ئامانج و پاشان گورچیلەکان.  دووای ٦ بۆ ١٢ هنگار نیشانەکانی هێڵنجدان و رشانەوە دەردەکەون.  هەرچەندە بۆی هەیە کەسەکە دوواتر هەست بەباشی بکات بەڵام ژەهرەکە بەردەوام دەبێت لە پەلاماردانی ئەندامەکانی تری لەش. دووای چەند رۆژێک کەسەکە زۆر نەخۆش دەبێت و تووشی زەردوویی دەبێت و ئینجا فێ و بێهۆشی و زۆر جاریش بە مەرگ کۆتایی دێت.


شوێنزای ئەم چەشنە کوارگە ئەوروپایە و لەوێ بە بەربڵاوی هەیە.  هەر لە باکوور ئەفریقاوە تا کەناراوەکانی باشووری سکاندیناڤیا و لە ئیرلەندەوە تا پۆڵەندا و رۆژاوای رووسیا دەبینرێت.  ئیتر لە نێو ئەم سنوورانەدا بەسێوەی دەرەڕەژکەکەڕووی لەگەڵ درەخەتاکاندا بە هاوژینی دەڕوێت؛ بە تایبەتی لەگەڵ درەختە رەقەکاندا زۆر گونجاوە.  لەو شوێنانە نابینرێت کە درەختی لە نییە.


ئەمانیتا فاڵۆییدس سەرەتا بەشێوەی هێڵکەیەکی بچووکی مریشک سەری لە خاک دەهێنێتە دەرەوە.  لەم تەمەنەدا زۆر لە پسڵە و کارگی دوگمەیی سپی دەچێت و رەنگە زۆر کەس بە هەڵە بیخوات.  ئەمانیتا فاڵۆییدسی بۆڕ کڵاوەکەی ٤٠ تا ١٦٠ میلیمەتر پان دەبێت؛ و رەنگی لە سپییەوە دەگۆڕێت بە لای زەیتونیی کاڵ بەڵام بە گشتی وەک سەوزی کاڵ، قاوەیی کاڵ و زەردی کاڵ و هەندێک جاریش سپی دەردەکەوێت.  سەرچاوەی تریش دەڵەن تیرەی کارگی فاڵۆیید لە ٥٠ تا ١٥٠ میلیمتر گەورە دەبێت؛ بە ساوایی سپییەو دووایی دەگۆڕێت بۆ زەرد، برۆنز یا زەیتوونی؛ و بەشی نێوەرستەکەی لە کەنارەکانی تاریکترە.  لە کەشوهەوای ووشکدا پارچەکەگەلی پەردە بەسەر کڵاوەکەوە دەنووسێت کە رەنگی سپیی قەیماغییە.


ئەم قارچکە بەشێوەی ئاسایی لە وەرزی پاییزدا پێدەگات. بەڵام ئەگەر هەوا زۆر گەرم نەبێت و دەوروبەرەکەی ئاودێری بکرێت لە وەرزی هاوینیشدا دەڕوێت.  کڵاوەکەی لە کاتی پیربوونیدا شەقار شەقار دەبێت و بۆنێکی زۆر ناخۆشی هەیە.  شیپەڕەکانی ئازادن واتە بە قەدەکەیەوە نەنووساون.  رەنگیان سپییە و دەگۆڕێن بۆ قەیماغی.  هەندێک جاریش لەگەڵ پیربوونیدا رەنگی شیپەڕەکان دەگۆڕێت بۆ جۆرێک رەنگی ئاڵ.


قەد و بەژنی کارگی فاڵۆیید لە ٧٠ تا ١٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت.  رەنگی سپییە و هێڵگەلی زیگزاگیی تێدایە کە لە خۆربردەیی دەچێت؛ و بەگشتی رەنگی قەدەکە کراوەترە لە کڵاوەکە.


لە رووی ووشەڕەتزانییەوە ناوی فاڵۆیید لە ووشەی فاڵووسەوە هاتووە کە بە واتای رەپبوو دێت.  ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی تەنمیوەی قارچکەکە کە بە جۆرێک لە کاسەکەی دێتە دەرەوە وەک ئەوەیە کە رەپ بووبێت.

بنەکەی کە سەلکێکی ئاوساوە بە کاسەیەکی گەورەی سپی دەوردراوەهاگەکانیشی سپین.




سەرچاوە

سایینس دایرەکت

بی سی سی دی سی

فێرست نەیچەر

No comments:

Post a Comment