25.1.22

کارگی ئەمانیتا ڤایرۆسا

 کوشندە 


ئەمانیتا ڤایرۆسا ناوە گشتییەکەی بریتییە لە فریشتەی وێرانکەر یا کاولکار کە لە هەمان کاتدا بە ئەمانیتا بیسپۆرێجیرا و ئەمانیتا ئۆکریتایش دەگوترێت.  ناوی ئەمانیتا ڤایرۆسا ساڵی ١٨٣٦ لەلایەن ئامارگیری فرانسی لویس-ئادۆڵف بێرتۆیلۆنەوە تۆمارکراوە.  


ئەمانیتا ڤایرۆسا بە زۆری لە ناوچە بەرزەوار و کوێستانەکانی ئەوروپا دەڕوێت بەڵام لە ناوچە نزماییەکانی دەڕوێت کە دەوروبەریان  چڵ و دەوەن و تەڕاش و دارستانی لێیە بە تایبەتی دارستانی درەختە گەڵادەرزیلەییەکان.  لە ناوچەکانی باکووری و ئەوروپا و بریتانیا لە نێوان مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانان و خەزەڵوەردا دەڕوێت.  تا ئێستا لە کوردستان نەبینراوە، هەرچەند ئامار و سەرژمێریی کەڕووەکانی کوردستان نادیارە.  هەر لەم وەرزەدا کارگی ئەمانیتا ڤێرنایش دەڕوێت کە زۆر زۆر نزیکە لە ڤایرۆسا و جیاکردنەوەیان چەتوونە.  بەڵام ئەگەر کەمێک هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم بەر ڤایرۆسا بکەوێت، دەسبەجێ رەنگی زەرد دەبێت؛ ئەمانیتا ڤێرنا هیچ کاردانەوەی بۆ هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم نییە.  

سەرنج:  هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم ماددەیەکە لە مشکی و خۆڵەمێشدایە و بۆ دروسکردنی سابوونی بەکاردەهێنرێت.  کۆمەڵێک دار و چێو دەسووتێنرێت و پاشان خۆڵەمێشەکەی کۆدەکرێتەوە و لە دەفرێکدا دەکرێتە نێو ئاوەوە.  دوای ٢٤ هنگار ئاوەکە دەپاڵێورێت و پاکدەکرێتەوە.  ئەم ئاوە هایدرۆکسیدی پۆتاسیومە؛ ماددەیەکی ژەهراوی و قڵیاییە.


وەک هەموو چەشنەکانی ئەمانیتا لە بنەکەیدا کاسەی هەیە.  کڵاوەکەی زۆر سپییە و لووسە و کاتێکیش تەڕ دەبێت لینجە.  تیرەی کڵاوەکەی لە ٥٠ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت.   بە ساوایی شێوەی لە نیوەهێلکە یا گۆمەز دەچێت؛ و لەگەڵ چوونە سەری ەمەنی پان و تەخت دەبێت؛ و زۆر جار لە دوای پانبوونەوە پتەوییەک لە نێوڕاستیدا دەردەکەوێت.  ئەگەر پەردەکەی بەرێکەوت بە سەر کڵاوەکەوە بنووسێت، دوواتر لێدەبێتەوە و نامێنێت. 


شیپەڕەکانی لە یەکترییەوە نزیکن و رەنگیان سپییە.  ئازادن واتە بە قەدەکەیەوە نەنووساون؛ هەرچەند لەوانەیە بەدەگمەن بە ئاستەمێک بە قەدەکەوە بنووسێن.


قەدەکەیشی زۆر سپییە و ریشاڵدارە و لەگەڵ چوونەسەری تەمەنی، هۆڵۆڵ دەبێت.  لە ٩٠ تا ١٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت و لە ٦ تا ٢٠ میلیمەتریش ئەستوور دەبێت.  هەروەها ئەڵقەیەکی کرتۆک بە دەوری قەدەکەوەیە لەلای سەرەوە و زۆر جار دیار نامێنێت.  کاسەیەکی گەورەی لە بنی هەیە کە لە خاکدا دەشاردرێتەوە.


رەنگی هاگەکانی سپییە و بۆنەکەی ناخۆشەهەرچەندە لە کوشندەترین قارچکەکانی جیهان هەژمار دەکرێت بەڵام هەندێک ئاژەڵی وەک کەروێشک و سمۆرە بینراون کە خواردوویانە؛ بێ ئەوەی هیچ کاریگەریی نەرێنی لەسەریان جێهێشتبێت




سەرچاوە

تۆتاڵی وایڵد

فێرست نەیچەر




 

No comments:

Post a Comment