جسنی ئەگرۆسایب سەر بە خێزانی سترۆفاریاسییە کە پێشتر لە خێزانی بۆلیتایاسیی شوێنیان پێدرابوو. لە سەرتاسەری جیهان دەبینرێن و نزیکەی ١٠٠ چەشنن. ئەگرۆسایبەکان زۆربەیان خۆراکین؛ بەڵام زۆر جار لەگەڵ هەندێک چەشنی ئەمانیتا و ئەگاریکوسی ژەهراوی دەگۆڕێن و ناناسرێنەوە. ئەمانە لە کوردستانیش هەن؛ بەتایبەتی چەشنێکیان کە سەر کڵاوە سپییەکەی رەنگی دەگۆڕێت بۆ رەنگی ژەنگی و لە دوورەوە لە سەموونی برژتە دەچێت. قارچکێکی خۆراکی و بەچێژە.
ئەم چەشنە کوارگانە گەندەژین و لەسەر یا لە پاڵ موورەدار، و تەڕاش و ووردە دار و دەوەن و چیلکەی رزیودا بە تاک یا بە کۆمەڵ دەڕوێن. بۆیان هەیە هەم بەهار و هەم پاییز بڕوێن. بەگوێرەی چەشنەکەیان، کڵاوەکەیان لە سێ سانتیمەترەوە تا ١٥ سانتیمەتر گەورە دەبێت. شیپەرەیان هەیە؛ و شیپەرەکەیان کە سپییە و لە تەمەنی پیریدا دەگۆڕێت بۆ قاوەیی، بە قەدەکەیانەوە نووساوە. رەنگی هاگەکانیان قاوەیی، ژەنگیی تۆخ و قاوەیی تاریکە. هەندێکیان ئەڵقە و قەفیان هەیە بەدەوری قەدەکەیانەوە و هەندێکیان نیانە.
No comments:
Post a Comment