27.1.22

کارگی ئەمانیتا کاڵیپترۆدێرما

 خۆراکی 


لەگەڵ هەرکام لە ئەمانیتا کایپتراتا و ئەمانیتا لاینی هاوواتایە.  هەروەها بە ناوی کۆکۆڵی و کۆکۆرا یا ئەمانتای پاسیفیکیش ناسراوە.   لە وەرزەکانی پاییز، زستان و بەهاردا لە کەناراوەکانی خۆراوای ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە دارستانی گەڵادەرزیلەییەکاندا دەڕوێت.  واتە بە شێوەی هاوژینی دەڕوێت.  بەڵام لە چەند ناوچەی تردا لەگەڵ رووەکی جیاواز دەڕوێت. 

یەکەم جار لە ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمریکا و لە بڵاوکراوەیەکدا بە ناوی (Bulletin of the Torrey Botanical Club) کە ساڵی ١٩٠٠ بڵاوکراوەتەوە, وەسفیکراوە.  بەگوێرەی زانیارییە نوێیەکان ئەو وەسفەی ئەوسا لەم چەشنە قارچکە کراوە جیاوازیی هەیە لەگەڵ خودی ئەم قارچکە ئێستایش لەو ناوچانە دەڕوێت.  لێرەدا لە نووسینەوە وەسفە کۆنەکە خۆدەپارێزرێت؛ بە پێویست دەزانرێت تەنیا باسی وەسفە نوێیەکەی بکرێت.


کڵاوەکەی قاوەیی-سوورە، لێوارەکانی زەردی زێڕینە.  بەڵام بە دەگمەن هەیشە کڵاوەکەی هەموو سپییە.  هەندێک بەشی کڵاوەکەی بە پارچەی ئەستووری پەردە سپییەکەی دادەپۆشرێت.  تیرەی کڵاوەکەی ١٠٠ تا ١٦٠ میلیمەتر دەبێت.  لە بنەکەیشی کاسەیەکی سپییە هەیە کە لە ١ تا ٨ میلیمەتر ئەستوورە.  گۆشتەکەی زەرد تا سپیی قەیماغییە.


شیپەڕەکانی بە قەدەکەوە نەنووساون و ئازادن.  زۆر زۆر لە یەکترییەوە نزیک نین. رەنگیان سپییە بەڵام هەندێک جار بەلای ئاڵدا دەڕوانێت، هەندێک جار بەلای مشکیدا دەڕوانێت.  هەندێک لە شیپەڕەکان کورتن و جەمسەریان بە کەوانەیی کۆتایی هاتووە.


قەدی ئەمانیتا کالیپترۆدێرما ١٣٩ تا ١٥٥ میلیمەتر درێژ دەبێت و ٢١ تا ٤٠ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.   لای سەرووی باریکترە لە لای خواروو.  بەشێکی هوڵۆڵە و بەشێکیشی پڕە لە پووە.  پاشماوەی پەردە کە کە زۆرێک لە قارچکەکاندا دەبێتە ئەڵقە بەدەوری قەدوە لە کالیپترۆدێرمادا وەک کورتە کراسێک بە قەدەکەوە شۆڕ دەبێتەوە.  ئەم سیفەتە نزیکی دەکاتەوە لە ئەمانیتا سیزاریا. 


رەنگی هاگەکانی سپییە و کاتێک گیراوەی مێزڵەریان بەسەردا دەتکێنرێت رەنگیان ناگۆڕێت، بۆیە پێیاندەگوترێت ئن ئامیڵۆید.  

 





سەرچاوە

بەی ئێریا مەشروومس

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئۆبزێرڤەر





No comments:

Post a Comment