24.1.22

کوارگی ئەمانیتا جاکسنیی

 خۆراکی 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە ئەمانیتای سیزاری رۆژهەڵات.  کوارگێکی خۆراکییە و لە نێو تەڕاشەکانی رۆژهەڵاتی کانەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و مەکسیکۆ دەبینرێت.  رووانی لە دارستانەکانی سنەوبەر و بەڕوودا لە ناوچەکانی باکووری کارۆلینا ئاساییە.  لە مانگەکانی هاوین و پاییزدا دەڕوێت.  لە دوورەوە دیارە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی لە لێوارەکانی کڵاوەکەیەوە دەسدەکات بە کاڵبوونەوەی رەنگە سوورەکەی.  قەدەکەی نارنجییە و ووردە ریشاڵی پێوە دیارە.


کڵاوی ئەم قارچکە بۆی هەیە تا دەوروبەری لە ٥٠ تا ١٢٠ میلیمەتر پان بێت.  سەرەتا هێلکەییە، دووایی قۆقز دەبێت و شێوە کۆسپەیەک لە نێوەڕاستییەوە دروستدەبێت.   شیپەڕەکانی زۆر بە چڕی پاڵیانداوە بە یەکترییەوە.  رەنگیان زەردی نارنجییە و  بە بەژنەکەیەوە نەنووساون یان کەمووسکەیەک پێیەوە نووساون.


قەدی کارگی ئەمانیتا جاکسنی٩٠ میلیمەتر تا ١٥٠٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و ١٠ تا ١٥ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.  رەنگی بەژنەکەی زەردە و ریشاڵی نارنجی و سووروەشی تێدا دیارە.  هەروەها ئەڵقەیەک بە دەوری قەدەکەیەوە هەیە کە وەک داوێنی کراس پێیدا شۆڕدەبێتەوە.   لە بنەکەیشی کاسەیەکی هەیە لە ٤٠ تا ٧٠ میلیمەتر بەرزە و ٤ میلیمەتر ئەستوورە.


گۆشتی ئەم کوارگە لە ژێر توێژە زەرد و سوور و نارنجییەکەیدا سپی یا زەردی کراوەیە و  رەنگیشی ناگۆڕێت.  کاتێک کە هایدرۆکسیید پۆتاسیوم بکرێت بە سەر کڵاوەکەیدا رەنگی دەگۆڕێت بۆ زەرد.  رەنگی هاگەکانیشی سپییە.


هەرچەندە ئەم قارچکە خۆراکییە بەڵام پێویستە ووریایی و هۆشیاریی زۆر بخرێتەکار بۆ ناسینی؛ چونکە لە شێوەدا زۆر لە چەشنە کوشندەکانی ئەمانیتاوە نزیکە.  




سەرچاوەکان

نۆرت کارۆڵینا ستەیت یونیڤێرسیتی

مەشرووم ئێکسپێرت

No comments:

Post a Comment