11.1.22

کارگی کۆڵوو یا چاگا

کارگی کۆڵوو، قڕناقەو، قەندیل
 وێنە: کاک عەبدولعەزیز نواوەیی بەهار ی٢٠٢١


کارگی کۆڵوو.  ئاینونوتووس ئۆبلیکووس.  ناوە گشتییە جیهانییەکەی بریتییە لە چاگا کە واژەیەکی رووسییە.  کەڕوویەکە لە خێزانی هایمینۆکایتاسیی. ئەم خێزانە ٣٦ چەشنە کەڕوو دەگرێتە خۆ؛ کە زۆربەیان مفتەژی\مشەخۆرن و دەبنە هۆی دروستبوونی نەخۆشیی دڵ رزیوی لە درەختە گەڵاپانەکان  و سنۆبەرەکاندا.  چاگا مشەخۆرێکە لە ناوچە ساردەکان و لەسەر درەختی بێتوولە، غان، راج، سپیدار و بەڕوو  دەڕوێت.   بەشێوەیەکی ناڕێک لەسەر درەختەکە دەڕوێت و زۆر جار لە خەڵووزی سووتاو دەچێت.   ئەمە تەنمیوەی کەڕووەکە نییە بەڵکوو سەختینەیە؛ واتە تۆپەڵێکی پتەوە پێکهاتووە لە رایەڵکەگەلی تێکئاڵاو و تێکچڕژاو.  بەشی زۆری رەشە؛ لەبەرئەوەی رێژەیەکی زۆر ماددەی مێڵانینی تێدایە.  شایانی باسە کە ماددەی مێڵانین رەنگژەیەکی تۆخ و قاوەییە لە زۆرێک لە زیندەوەراندا هەیە.  ووشەکە لە مێڵاسی یونانی وەرگیراوە بە واتای رەش و تاریک.

جێگای سەرنج کە لە کوردستانیش ئەم جۆرە قارچکە هەیە و لە ناوچەکانی مێرگەسۆر، باڵەکایەتی و بناری قەندیل وێنەی ئەم قارچکەمان لە دەستدا هەیە.


چاگا کاتێ کە لەسەر درەختێک دەڕوێت، لە رێگەی قەڵشت و کەلێنگەلێک کە لە درەختەکەدا هەیە، هاگەکانی رەوانەی ناخی درەختەکە دەکات؛ و دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشییەک کە ناسراوە بە (دڵ ڕزیوی سپی).  لە ناخی کرۆکی قەدی درەختەکە و قەدی لکەکانیییەوە دەستدەکات بە رزاندنی.  چاگا بۆی هەیە لە دە ساڵەوە تا هەشتا ساڵ لەسەر درەختێک بەردەام بژیێت تا سەرەنجام دەیفەوتێنێت.  جا دوای ئەوە کە درەختە مرد و ووشک بوو، ئینجا پیتاندن لە چاگادا روودەدات و تەنمیوەی دەردەکەوێت؛ کە کۆمەڵێک تەنمیوەی سپییە لە ژێر توێکڵی درەختەکەوە سەرهەڵدەدەن.  دوای تێپەڕینی ماوەیەک رەنگیان دەگۆڕێت بۆ قاوەیی.   ئەم تەنمیوانە هاگ بڵاودەکەنەوە و بۆیان هەیە درەختەکانی دەوروبەریش تووش بکەن.


 ئەم کەڕووە لە کۆنەوە وەک دەرمان هەژمارکراوە و ئێستایش ناوی چاگا لە لیستی قارچکە دەرمانیەکاندا هەیە.   ئەوەی تا ئێستا زانراوە کارگی چاگا ئەم سوودە تەندروستییانەی خوارەوەی هەیە:

١- رێگری لە شێرپەنجە دەکات و بەربەرەکانێی دەکات.

٢- سیستمی سەلامەتی لەش بەهێز دەکات.

٣- هەوکردن کەمدەکاتەوە.

٤- بۆ سەلامەتیی ریخۆڵەکان باشە و بەرگریدەکات لە گەشەکردنی بەکتریاکان لە ریخۆڵەکاندا.

٥- کۆڵیسترۆڵی خوێن دادەبەزێنێت.

٦- فشار  و پاڵەپەستۆی خوێن دادەبەزێنێت.

٧- رێژەی شەکری خوێن دادەبەزێنێت.


سەرنج: ئەو کەسانەی دەرمانی شلکردنەوەی خوێن دەخۆن نابێت بێ پرسکردن بە پزیشک چای کوارگی چاگا بخۆنەوە؛ چونکە بۆی هەیە کاریگەریی خراپی هەبێت.  هەروەها ئەوانەیش کە دەرمانی شەکرە بەکاردەهێنن بێ پرسکردن بە پزیشک نابێت چای چاگا بخۆنەوە.


لە رێکەوتی ٦\٢\٢٠٢٢ لە پارکێکی شاری هامڵتن لە نیوزیلەند کە گۆڕستانیشە ئەم قارچکە چاگایەم دۆزییەوە


 



No comments:

Post a Comment