5.1.22

جسنەکانی ڤۆڵڤاریلا و ڤۆڵڤۆپلوتیوس

ڤۆڵڤاریلا



هەردووک جسن رەنگی شیپەڕە و هاگەکانیان ئاڵ و پەمەییە.  هەردووکیشیان وەک لە ناوەکانیانەوە دیارە کاسەدارن واتە بنەکەیان پێکهاتووە لە کاسەیەک بە دەوری قەدەکەیانەوە.  گەندەژین و دار و چیلکە  و خاشاڵ دادەڕزێنن، یا لە نێو مێرگ و چیمەن یا نێو لێڕەوار دەڕوێن.  هەندێک لە چەشنەکانی ئەمانیتا لەمان دەچن بەڵام ئەوان رەنگی هاگەکانیان سپییە و هەندێک جاریش بە دەوری قەدەکەیانەوە ئەڵقەیان هەیە.  لەبەرئەوەی رەنگی هاگی ڤۆڵڤاریلا لە سەرەتادا سپییە، پێویستە لەسەرخۆ بیت و لێیبگەڕێت تا پێدەگات، ئەگەر رەنگی گۆڕا بۆ ئاڵ ئەوا ڤۆڵڤاریلایە، ئەگەر نا ئەمانیتایە



ڤۆڵڤۆپلوتیوس


لێک هەڵاواردنی چەشنەکانی ڤۆڵڤاریلا لەگەڵ ڤۆڵڤۆپلوتیۆس بۆ هەندێک چەشن زۆر ئاسانە و بۆ هەندێکیش زۆر چەتوونە.  خۆی جسنی ڤۆڵڤۆپلوتیۆس بەم دوواییانە لە جسنی ڤۆڵڤاریلا جیاکرایەوە.  ژمارەی چەشنەکانی جسنی ڤۆڵڤاریلا دەوروبەری ٤٥ چەشنە؛ و ژمارەی چەشنەکانی ڤۆڵڤۆپلوتیوس تا ئێستا چوار چەشنە؛ بەڵام نۆ چەشنی تریش لە نۆرەدان تا دوای دەویان و پشکنینی تەواو بڕیاریان لەسەر بدرێت.  هەروەها سەبارەت بە چەشنەکانی ڤۆڵڤاریلایش جیاوازیی بۆچوون هەیە.  بۆچوونێک دەڵێت کە بەشێکیان سەر بە خێزانی پلوتیساین و بۆچوونێکیش دەڵێت لە رووی دی ئێن ئەیەوە لە شیزۆفایلومەوە نزیکن.





No comments:

Post a Comment