31.1.22

سێ سەمارۆقی دەرمانی لە مەڵبەندی خۆرمووا لە لورستان

سێ چەشنە کارگ\سەمارۆقی دارستانەکانی دەوروبەری شاری خۆرمووا، کە لە توێژینەوەیەکی زانکۆی لوڕستاندا وەک قارچکی دەرمانی ناویان هاتووە. بەهۆی ئەوە زاگرۆس نیشتمانی هاوبەشی هەموو ئەوانەیە هەزاران ساڵە لێی نیشتەجێن، بە باشم زانی بە ووردی توێژینەوەکە بخوێنمەوە و وێڕای تێبینی و سەرنجەکانی خۆم، لەگەڵ هاوڕێیانی هاوزمانم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پاری بکەم. شایانی باسە کە توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیسی و لەلایەن (سەید زەهرا حوسەینی، ئەحمەد ئیسماعیلی، عەید بازگیر، مستەفا دەروێشنیا، غەففار عەلی مەحموودی)ەوە ئەنجامدراوە و ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە. لە توێژینەوەکەدا باس لە هەشت چەشنە سەمارۆق کراوە کە سیانیان وەک دەرمانی و پێنجیان وەک ژەهراوی ناسێنراون.

لاکتاریوس ڤێڵێریوس

Lactarius vellereus
لاکتاریوس ڤێڵێریوس

لە کوارگە شیرەدارەکانە، شیرێکی سپی لە نێوان شیپەڕەکانییەوە دەچۆڕێتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن لە ئەوروپا و مەڵبەندەکانی مەدیتەرانە دەڕوێت. ساڵی ١٨٢١ ئەوروپاییەکان وەسفی ئەم قارچکەیان کردووە، ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن زانکۆی لوڕستانەوە سەلمێنراوە کە لە دارستانەکانی دەوروبەری خۆرمووایش هەیە و دەڕوێت. تامی خۆش نییە و بۆ خواردن ناشێت، بەڵام ژەهراویش نییە. زانکۆی لوڕستان ساڵی ٢٠٠٩ لە توێژینەوەیەکدا وەک کارگێکی دەرمانی باسی کردووە.

کۆڵیبیا ماکیولەیتا


Collybia maculata
کۆڵیبیا ماکیولەیتا

ئەمەیش جۆرە قارچکێکە لە نێو دارستان و لێڕەواردا دەڕوێت بەتایبەتی لە شوێنی نسار و دوور لە باران. بە کۆمەڵی بچووک دەڕوێن. تیرەی کڵاوەکەی ٤ تا ٨ سانتیمەتر دەبێت. تام و چێژێکی ناخۆشی هەیە. تفت و کەمێکیش تاڵە. بەڵام بۆنێکی خۆشی قارچکیی هەیە. لە نەخشەی کوارگەکانی جیهاندا روونکراوەتەوە کە ئەم کوارگە لە بەشێکی زۆری ئەوروپا و ئەمریکا، لە رووسیا و ژاپۆن دەڕوێت. یەکەم جار ساڵی ١٩٢٥ تۆمارکراوە بەڵام ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن زانکۆی لوڕستانەوە پشتڕاستکراوە کە لە دارستانەکانی خۆرمووا لە لوڕستان دەڕوێت؛ و وەک کارگی دەمانی ناسێنراوە.

لاکتاریوس پیپەرەیتوس


Lactarius piperatus
لاکتاریوس پیپەرەیتوس

ئەم قارچکەیش لە شیرەدارەکانە، تامی توون و تیژە. یەکەم جار ساڵی ١٧٧٣ لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە وەسفکراوە. دەڵێن لە بەشی سەرەکیی ئەوروپا و لە باکووری ئەمریکا دەڕوێت و هەروەها گەیشتووەتە ئوسترالیایش. لە هیندوستان کوارگێکی زۆر مەردمییە و بایەخی زۆری پێدەدرێت. دەکرێت ووشک بکرێتەوە و لەجیاتی بیبەر بەکاربهێنرێت. زانکۆی لوڕستان لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە سەلماندوویەتی کە لە خۆرمووا ئەم چەشنە قارچکە دەڕوێت و لە ریزی کوارگە دەرمانییەکان دایناوە. هەروەها لە یەک دوو ساڵی رابردوودا چەند هاوڕێیەک لە باشووری کوردستان بەتایبەت لە شارباژێر وێنەی ئەمەیان بۆ من ناردووە؛ و ئەوان پێیدەڵێن کارگە بزنە.


سەرچاوە

No comments:

Post a Comment