12.1.22

رێنمایی بۆ ئەوانەی راوی قارچکی سروشتی دەکەن


کۆمەڵێکی زۆر قارچکی گوندی کانی سپیکە کە بەهۆی گڵ و
خۆڵەوە قوڕاوی بوون و رەنگیان تێکچووە و هەروەها بە هۆی
ئەوە کە لە هەگبەی گونجادا هەڵنەگیراون لەتوپەت بوون


سەرەڕای ئەوە کە زۆرێک لە خەڵکی کوردستان لە قارچک دەترسن و بەلایدا ناچن، لە هەمان کاتدا کەسانی کەڕووشەیدا و لایەنگری قارچکیش کەم نین.  لە پلەی یەکەمدا ئەوانەی خەڵکی کوێستانەکانن و لە وەرزی بەهاردا بە دووای کوارگەکانی کوێستاندا وەک هەڵز، کەما، کەرکۆڵ و تاڵیتۆز و ئەمانەدا دەگەڕێن.  هەروەها ئەو کەسانەیش کە لای دەشتی قەراج و کەندێناوە و  زرارەتی و گەرمیان لە وەرزی زستاندا خولیای دۆزینەوەی دۆمبەڵانن؛ یان ئەو کەسانە کە لە دووای دەسپێکی بارانی پاییزەوە لە دارستانەکان و نێو تەڕاش و دەم ئاوەکاندا دەگەڕێن بە شوێن جۆرە جیاوازەکانی کوارگدا.

قارچک هەم ناسکە و هەم توێکڵی نییە و زۆریشیان رەنگیان سپییە، هەربۆیە کاتێک قوڕ و گڵ پێیانەوە دەنووسێت رەنگیان ناشیرین و نەتەچاو دەکات؛ و زۆر بە ئاسانیش لەکاتی هەڵگرتنیاندا لەتوپەت دەبن.  هەربۆیە لەم کورتە بابەتەدا هەوڵدەدرێت کورتە رێنماییەک بدرێتە ئەو کەسانەی راوی قارچک دەکەن؛ بەو هیوایەی لەبەرچاوی بگرن.

یەکەم: کاتێک دەچن بۆ کۆکردنەوەی قارچک پێویستە چەقۆ لەگەڵ خۆتان ببەن.

دووەم: ئەگەر بتوانن فڵچەیەکی بچووکیش لەگەڵ خۆتان ببەن زۆر باشترە.

سێهەم: ئەو کیسە یا هەگبەیەی قارچکی تێدا هەڵدەگریت زۆر گرنگە کە بزانیت لە چی درووسکراوە.  نایلۆن و پلاستیک خراپترین ماددەن بۆ هەڵگرتنی کوارگ؛ چونکە ناهێڵن هەناسە بدات و خێرا قارچکەکە تێکدەچێت.

چوارەم: وا باشە بۆ هەڵگرتنی قارچک سەبەتەی چنراو لە شووڵ بەکار بهێنرێت؛ ئەگەر نەبوو، هەگبەی دروسکراو لە قوماشی خام یا جاو لەگەڵ خۆتدا ببە بۆ هەڵگرتنیان.

پێنجەم: هەندێک جۆری کوارگ خۆڵیان پێوەیە یان هێشتا بەتەواوی سەریان لە گڵ دەرنەهێناوە؛ بۆیە دووای ئەوەی لە هەردەکە دەریدەهێنیت، پێویستیی بە پاک کردنەوەیە.  پێش هەموو شتێک بە چەقۆ ئەو بەشە لە بنەکەی ببڕە کە گڵ یا قوڕی پێوەنووساوە؛  چونکە ئەو قوڕە ئەوانی تریش پیس دەکات.

 شەشەم: دوای بڕین و فڕێدانی بنەکەی، قەدەکەی و کڵاوەکەی بە فڵچە لە گڵ و قوڕ دابماڵە تا گڵەکەی لێبێتەوە و خاوێن بێتەوە؛ ئینجا بیخەرە ناو  سەبەتە یا هەگبەکەتەوە.


هەفتەم: زۆربەی قارچکەکان رەنگی شیپەڕەکانیان سپی، مۆر، زەرد، ئاڵ و قاوەییە بەڵام کاتێک تەمەنیان دەچێتە سەر و زۆر پێدەگەن رەنگەکەیان دەگۆڕێت بۆ رەش.  ئەو کوارگانەی ژەهراویش نین، کاتێک رەنگەی شیپەڕەکەیان دەگۆڕێت بۆ رەش شایستەی خواردن نین چونکە رێژەی ژەهر تیایاندا زۆر دەبێت و زیانی دەبێ بۆ تەندروستیی مرۆڤ.



2 comments:

  1. دەست خۆش، من شەبەکەی پەتاتە بەکاردێنمهەم هەوا لێی دەدات و هەم ئەگەر سپۆریش پێگەشتبێت بۆ ئەوەی بڵاوببێتەوە

    ReplyDelete
    Replies
    1. دەستت خۆش بۆ تێچنەکەت و هەروەها بۆ بەکارهێنانی شەبەکەیش، زۆر باشترە لە عەلاگە. عەلاگ خرپاترینە
      سەرکەوتوو بیت

      Delete