18.2.20

ئیکۆلۆژی و ئینڤایرۆمێنت یا ژیوارزانی و زانستی ژینگەیی


ئیکۆلۆژی: بریتییە لە شیمانەگەلی زانستی، و وانستی کارتێکەرییەکانی زیندەوەرەکان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ ژینگەدا.  ئیکۆڵۆژی زانستێکە کە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تێگەیشتنماندا لە زۆرێک لە  ئیکۆ سیستمەکاندا.  هەروەها مەیدانێکە بۆ کارکردن لەسەر بووارگەلی جیاوازی وەک ژیانزانی و زانستی زەوی، بەڵام بووارێکی جیاوازترە لە ژینگەوانی، مێژووی سروشتی، و زانستی ژینگەیی.  وشەی ئیکۆڵۆژی ساڵی ١٨٧٣ لەلایەن زیندەوەرزانی ئەڵمانی ئێرنست هایکڵ [Ernst Haeckel] بەکارهێنرا کە لە هەمان [ئیکۆنۆمی] وەرگیراوە.  [ئیکۆ] بە واتای ماڵ، خانوو، شوێنی ژیان، کۆ [لۆژی یا لۆجی] بە واتای زانین؛ کە هەردووکیان یۆنانین و پێکەوە مانای زانستی شوێنی ژیان و دەوروبەر دەبەخشن.  لەکوردیدا دەکرێ ژیوارگەزانی لەبەرامبەریدا بەکاربهێنرێت.  هەنبانە بۆرینە وشەی ژیواری بەم جۆرە مانا کردووە: رابواردنی تەمەن. باری ژیان، چۆنیەتی ژین.  بژیو.  لە نووسراوەکانماندا ژیوارگە بە واتەی ئیکۆسیستم و ژیوارگەزانی بە واتای ئیکۆلۆژی بەکاردەهێنرێن.  یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ژیوارگەزانی، تێگەیشتنە لە دابەشکردن و فراوانیی شتە زیندووەکان لە ژینگەی فیزیکیدا.  بۆ وێنە، گریمان تۆ دانیشتووی شاری چۆمانیت لە ناوچەی باڵەکایەتی.  باخچەی حەوشەکەت یا پارکی شارەکەت کۆمەڵێک گیا، زیندەوەر و کەڕوو و برشی تێدایە کە جیاوازن لەوانەی کە لە پارکێک یا لە باخچەیەکی گەرمیان و گەرمەسێر هەیە.  رەنگە رووانی گوڵی شلێر و سوێسنە و کوارگی تاڵیتۆز یا کەرکۆڵ لە باخچەی گوندێکی باڵەکایەتی و هەبوونی پڵینگ و ورچ لە ناوچەکە ئاسایی بێت، بەڵام لە گەرمیان و گەرمەسێر مەحاڵ بێت.  هەروەها رووانی دۆمەڵانی تێرفێزیا لە حەوشەی ماڵێکی گەرمەسێر ئاساییە بەڵام لە باڵەکایەتی رەنگە پەرجوو بێت.  واتە لە هەر ناوچەیەک نەخشبەندییەکی جیاواز لە رووەک وکەڕوو و برش و زیندەوەرەکان هەیە کە لە ناوچە و هەرێمێکی تر نییە یا لەوو جۆرێک نەخشبەندی هەیە کە جیاوازترە.  ئەم نەخشبەندییانە لە ژینگەدا بە هۆی  تێکەوەهاویشتنی نێوان  زیندەندامەکان و هەروەها لە نێوان زیندەندامەکان و ژینگە تایبەتەکەیاندائاراستە دەکرێن. 

ئینڤایرۆمێنت: زانستی ژینگەیی چڕێژ دەخاتە سەر کارتێکەرییەکانی نێوان پێکهاتە فیزیکی، کیمیایی، و زیندووەکانی ژینگە، بە کاریگەرییەکانی سەر هەموو جۆرە زیندەوەرکانیشەوە.  بەلای زۆر کەسەوە، زانستی ژینگەیی بەتایبەتی بریتییە لە شوێندانانی مرۆڤەکان لەسەر ژینگە.  کەواتە جیاوازیی چییە لە نێوان زانستی ژینگەیی و ئیکۆلۆژیدا؟ 
جیاوازییەکی گرنگ لە نێوانیاندا بریتییە لە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە هەر تەکووزێکدا.  بەشێوەیەکی گشتی، زانستی ژینگەیی بووارێکی فراوانترە کە زۆر توخمی جیاوازی زانستەکانی زەوی و ژیان دەگرێتە خۆ، لە کاتێکدا کە ژیوارگەزانی پتر چڕێژ دەخاتە سەر ئەوە کە چۆن زیندەوەرەکان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ دەوروبەریاندا، و زۆر جاریش لەگەڵ چەند کۆمەڵێکی بچووکی دیاریکراودا تێکەوەداوێن.
ژیوارگەزانەکان زۆر جار دەکرێ چڕێژ بخەنە سەر رەفتارێکی دیاریکراو لە نێو دەستەیەکدا، وەک باشییەکانی خۆراک، خووەکانی جووتبوون، جۆرەکانی دڕندەیی و کۆچبەری. ئەوان هەروەها بابەتی بڕی هەشیمەت، رەنگاورەنگییەکان، بڵاوبوونەوە و تەنینەوەی زیندەوەرێکی دیاریکراو، و هەروەها کێبەرکێی نێوانیان و نێوان ژیوارگە جیاوازەکان، دەخەنە ژێر توێژینەوە.
بەڵام زانایانی ژینگەیی چڕێژ دەخەنە سەر ژمارەیەکی بەرفراوانتری سیستمەکانی ژیوارگەیی، و کاریگەرییەکانی هۆکارە دەرەکییەکان لەسەر ژیوارگە.



سەرچاوە:








No comments:

Post a Comment