6.2.20

چۆنیەتیی گۆڕینی پاشەرۆی ئاژەڵی و پاشماوە رووەکییەکان بۆ کۆمپۆست


بێڵێک بگرە بە دەستتەوە و لە نێو چیمەنێک بێڵەکە بچەقێنە لە خاک و پڕ بە تێغی بێڵەکە خاک هەڵبکەنە.  جارێکی ترییش بێڵەکە  هەر لەو شوێنە بدە و پێی پێدا بکێشە و گڵەکە بهێنە دەرەوە.  ئینجا بە ووردی سەرنج لە خاکە هەڵکەنراوەکە و شوێنەکەی بدە.  دەبینیت چینی سەرەوەی خاکەکە رەش یا قاوەییەکی تۆخە؛ بەڵام تا پتر بەرەو قووڵایی دەڕوات رەنگی خاکەکە دەگۆڕێت  بۆ سپی یا سوور یا لمین و تاد... ئەم چینە رەشە لە زاراوەی کشتوکاڵیدا پێیدەگوترێت [تۆپ سۆیڵ] واتە خاکی سەرەوە.  ئەم خاکە رەشە لە قووڵایی زەویدا نییە؛ چونکە لە راستیدا خاک نییە و پەینە.  ئەم بەشەی خاک باشترین جۆری خاکی کشتوکاڵییە و زۆربەی  نزیک بە هەموو جۆرەکانی رووەک لەم خاکەدا بە ئاسانی دەڕوێن.  تایبەتمەندییەکانی خاکی رەش یا خاکی سەرەوە بریتین لە:
- چ تەڕ بێت و چ وشک بێت توند و رەق نابێت و هەمیشە نەرم و بۆشە.
- لەبەرئەوەی بە بۆشی دەمێنێتەوە، هەوا و ئۆکسجین بە ئاسانی پیایدا هاتوچۆدەکات و ناهێڵێت رەگ و ریشەی رووەک بگەنێت، کەڕوو یا بەکتریای زیانبەخش لێیبدات.
- لەمانەیش گرنگتر، خاکی رەش پڕە لە ماددەی خۆراکی بۆ رووەک؛ چونکە بەشێک نییە لە پێکهاتەی زەوی؛ بەڵکوو هەموو پاشماوەی زیندە ندامەکانی وەک دار و درەخت و گیا و زیندەوەری مردووە.  واتە پاشماوەی ئەو رووەک و زیندەوەرە مردووانەیە کە هەزاران و میلیۆنان ساڵە هاتوونەتە ژیان و مردوون و شی بوونەتەوە.
  
وەک دەزانین خاکی رەش لە هەموو شوێنێک دەسناکەوێ.  بەزۆری لەو شوێنانە هەیە کە پێشتر جەنگەڵ و لێڕەوار بوون و دوواتر  کێڵدراون.  ئێستایش ئەگەر بچیتە نێو لێڕەوار و دارستانەکان و  بە بێڵ خاکی سەرەوەی ئەو شوێنانە هەڵبدەیتەوە، ئەوا باشترین خاکی کشتوکاڵیت پەیدا کردووە و هیج پێویستیت بە پەین و سەمادی کیمیایی نییە.  لە وڵاتانی پێشکەوتوو خاکی رەش وەک پەین دەکرێتە نێو کیسەوە و دەنێردرێتە بازاڕ بۆ فرۆشتن.  لەبەرئەوەی خاکی رەش بەشێک نییە لە جۆرەکانی خاکی زەوی، هەبوون و دەسکەوتنی سنووردارە، هەربۆیە جووتیاران خۆیان هەوڵی دروستکردنی دەدەن. کاتێ کە بمانەوێ خاکی رەش دروست بکەین، پێویستە هەمان پێواژۆی سروشتی دووبارە بکەینەوە؛ بەڵام بە شێوەیەکی خێراتر و لە چوارچێوەیەکی بچووک و لە ژێر چاودێریدا. 

وەک ئاماژەمان پێکرد، سروشت هەموو پاشماوە زیندووەکانی لەدوای مردن شیکردووەتەوە و کردوونی بە خاک.  ئێمەیش دەتوانین پاشەرۆی گا، بزن، مەڕ، ئەسپ، کەر، مریشک، پاشماوەکانی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی وەک گەنم، جۆ، برنج، نۆک،  ماش، نیسک، فاسۆلیا، لۆکە، گوڵەبەڕۆژ، گەنمەشامی،  و تەنانەت پاشماوە خۆراکییەکانی ماڵەوەشمان هەرچی دەسمان بکەوێت کۆی بکەینەوە و بیکەین بە پەین و خاکی رەش.  لەم پێواژۆیەدا پاشەرۆی مریشک رۆڵێکی زۆر کاریگەر و بەرچاو دەگێڕێت و دەبێ بەجیا لەگەڵ ئەو رەفتار بکرێت.   پاشەرۆی مریشک دەبێ لە ئەوانی تر جیابکرێتەوە و بە بڕێکی کەمتر لەگەڵ ئەوان تێکەڵ بکرێت.  پاشەرۆی کەر و ئەسپ ماددەی ووزەبەخشی زۆر بە کەمی تێدایە هەربۆیە ئەگەر بمانەوێت بە تەنیا بیانکەین بە کۆمپۆست پێویستە بڕێکی زۆرتر پاشەرۆی مریشکیان بۆ بەکار بهێنین.  پاشەرۆ رووەکیەکان پێش بەکارهێنان، پێویستە وورد بکرێن تا پێواژۆی بە کۆمپۆستکردنەکە لە کاتی خۆیدا تەواو بێت.  بۆ وێنە قەسەڵی گەنم و جۆ و بەڵمی برنج بکرێتە کا.  پاشماوەی گەنمەشامی و لۆکە و گوڵەبەڕۆژە بە ئاشی تایبەت بهاڕدرێن و وورد بکرێن.

دیارە لە کوردستان بە زۆری پاشەرۆی مانگا، بزن و مەڕ، مریشک و پاشماوە کشتوکاڵیەکان هەیە و رەنگە پاشماوەی ئەسپ و کەر کەم بێت؛ هەربۆیە وا باشە دووای ئامادەکردنی پاشەرۆ و پاشماوە هاڕدراوەکان لە شوێنێک کەڵەکەبکرێن و بە ئاو تەڕ بکرێن.  بە جۆرێک کە هەموو تێکەڵەکە بەشێوەیەکی چونیەک تەڕ بێت.  ئەگەر تێکەڵەکە سێ دیواری سادە بە دەوریدا دروستبکرێت زۆر باش دەبێ.  لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە پاشەرۆی مریشکەکە جیادەکرێتەوە و لە بەرامبەر هەر یەک تۆن پاشەرۆ تێکەڵاوەکاندا ٢٥٠-٣٥٠ کیلۆ پاشەرۆی مریشک بەکاردەهێنرێت.  لە کاتی تەڕکردندا پێویستە ئاگادار بیت کە ئەوەندە تەڕ نەبێت کە ئاوی لێ بچۆڕێتەوە، بەڵام وشکیش نەبێت.  ئەگەر زۆر تەڕ بێت، دەگەنێت.  ئەگەریش وشک بێت، دەرفەت بۆ بەکتریاکان ناڕەخسێت و ناتوانن چالاکییان هەبێت.  ئەم تێکەڵەیە لە دوای ئەوەی کە بەباشی تەڕ دەکرێت، دەکرێتە کۆما و بە نایلۆنێکی رەش دادەپۆشرێت بۆ ماوەی چوار رۆژ وازی لێدەهێنرێت.  رۆژی چوارەم سەرلەنوێ تێکەڵاو دەکرێت و وەک جاری یەکەم تەڕ دەکرێتەوە و دەکرێتەوە کۆما.  رۆژی هەشتەم بە هەمان شێوە.  رۆژی دوازدەهەم، شازدەهەم، بیستەم و  بیست و چوارەمیش بە هەمان شێوە.  رۆژی دوازدەهەم و و شازدەهەم دەبێ پلەی گەرمیی تێکەڵاوەکە بگاتە ٧٠ پلەی سەدی.  رۆژی بیست و هەشتەم بە وردی تێکەڵاوەکە دەپشکنرێت.  دەبێ گەرماکەی دابەزیبێت بۆ خوار ٤٠ پلەی  سەدی و دەبێ بۆگەنی نەمابێت؛ و بۆنێکی خۆشی لێوە بێت؛ و دەبێ رەنگی گۆڕابێت بۆ قاوەیی تۆخ.  ئەگەر وا نەبوو ئەوا بۆ جارێکی تر تەڕ دەکرێتەوە تێکەڵاو دەکرێت و کۆدەکرێتەوە بۆ چوار رۆژی تر؛ واتە دەبێتە ٣٢ رۆژ.  ئیتر دووای ئەم ماوەیە و ئەم پێواژۆیە ئەگەر هەموو کارەکانیت بە باشی و بە ووردی جێبەجێ کردبێت، ئەوا پەینێکی ئۆرگانیکی باشی ئاژەڵی و رووەکیت دروستکردووە؛ کە پێیدەڵێن کۆمپۆست. 



No comments:

Post a Comment