10.2.20

خاشاک (کۆمپۆست) چییە؟


وا هەست دەکەم هێشتا کەسانێک هەن سەرەڕای ئەوە کە کاری کشتوکاڵی دەکەن یا ئارەزووی کردنی کاروباری کشتوکاڵییان هەیە، بەڵام لە واتای کۆمپۆست تێنەگەیشتوون یا بۆیان شی نەکراوەتەوە و خراپ لێی تێگەیشتوون.  هەربۆیە لە چەند دێڕێکدا بە کورتی پێناسەیەکی کۆمپۆست دەکەین.
وشەی کۆمپۆست لە رووی زمانەوانییەوە وشەیەکی لێکدراوی لاتینە و پێکهاتووە لە دوو بەش. (کۆم) واتە لەگەڵ یا پێکەوە، (پۆست) لە (پۆزیشن)ەوە هاتووە و واتای (دانان یا رۆنان) دەبەخشێت.  پێکەوە واتا تێکەڵکردن و کۆکردنەوە لە شوێنێک.  دروستبوونی ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردە و مەبەست لێی کۆکردنەوەی گەڵا  و چڵ و چیلکە و پاشماوەی گژ و گیا و دار و درەخت بوو لە شوێنێک تا بڕزێت و ببێتە پەین و بەکاربهێنرێت بۆ بەهێزکردنی خاکی باخچەکان.  ئەم پووش چیلکە و گژوگیایە کە کۆدەکرێتەوە لە کوردیدا پێیدەگوترێت خاشاڵ یا خاشاک.

لە سەردەمی ئێستادا خاشاک \ کۆمپۆست واتە هەر پاشماوەیەکی رووەکی یا ئاژەڵی کە کرابێتە پەین بۆ ئەوەی لەجیاتی خاک و گڵ بۆ چاندنی رووەک بەکار بهێنرێت.  پێویستە ئەم خاڵە بزانرێت کە کۆمپۆست جیاوازە لە کوود\سەماد و پەینی ئاژەڵ.  کوود\سەماد کە بە ئینگلیسی پێیدەگوترێت [فێرتەڵایزەر] بە پرۆسەیەکی جیاوازدا تێپەڕدەکرێت و تەنیا وەک یارمەتیدەر بۆ بەهێزکردنی خاک بەکاردەهێنرێت؛ و دەکرێ کیمیایی بێت یا ئۆرگانیک؛ بەڵام کۆمپۆست راستەوخۆ لەجیاتی خاک و گڵ رووەکی تێدا دەچێنرێت.   هەروەها کۆمپۆست جیاوازە لە پەینی ئاژەڵ؛ پەینی ئاژەڵ ماددەیەکی خاوە و جیاوازی هەیە لە نێوان رێژەی پێکهاتەکانی پەینی ئاژەڵە جیاوازەکاندا؛ بۆ وێنە پاشەرۆی پەلەوەر زۆر بەهێزە و ناتوانیت بڕێکی زۆری بۆ رووەک بەکاربهێنیت ئەگینا دەیکوژێت؛ کەچی پەینی ئەسپ هیچ جۆرە ماددەیەکی خۆراکیی تێدا نییە بۆ رووەک.  بەڵام کۆمپۆست بە هۆی ئەوەی کە تێکەڵاوێکە لە زۆر جۆر ماددەی ئۆرگانیک و زیندووی رووەکی یا ئاژەڵی، دەکرێ بڵێین هەموو ماددە خۆراکییە پێویستەکانی رووان و گەشەکردنی رووەکی تێدایە.  وەک لە بابەتێکدا پێشتر روونمان کردووەتەوە کە ئەو چینە خاکە رەشەی کە رووی سەرەوەی زەویی داپۆشیوە، لە راستیدا کۆمپۆستە؛ واتە پاشماوەی هەموو ئەو دار و گژ و گیا و ئاژەڵ و زیندەوەرە مردووانەیە کە سروشت خۆی دایڕزاندوون و شیی کردوونەتەوە و کردوونی بەو خاکەی ناسراوە بە کۆمپۆست.

ئەو کۆمپانیایانەی خاشاڵ \ کۆمپۆست بەرهەم دەهێنن بەگوێرەی جۆری کۆمپۆستەکە هەندێ ماددەی بۆ زیاد یا کەم دەکەن.  بۆ  وێنە ئەگەر بیانەوێت کۆمپۆستێک دروست بکەن پۆتاسیۆمی زۆر بێت، ئەوا بە تێکەڵکردنی خۆڵەمێش رێژەکەی زیاد دەکەن.  یا ئەگەر بیانەوێت کۆمپۆستەکە بۆ روواندنی تۆو بەکاربهێندرێت، رێژەیەکی زۆر چەوی لەگەڵ تێکەڵ دەکەن.  ئەگەر بیانەوێت کۆمپۆستەکە کالیسیۆمی زۆر بێت ئەوا رێژەیەکی زۆرتر ماددەی گەچی تێکەڵ دەکەن.  هەروەها ئەگەر بیانەوێ نایترۆجینی زۆر بێت، رێژەیەکی زۆرتر پاشەڕۆی مریشکی تێکەڵ دەکەن.  شایانی باسە کە کۆمپۆستی ئۆرگانیک و کۆمپۆستی نائۆرگانیکیش هەیە.  کۆمپۆستی ئۆرگانیک هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێکەڵ ناکرێت بەڵام هی نائۆرگانیک بۆ زیادکردنی توانای کۆمپۆستەکە ماددەی یوریا و نایترۆجین و ماددە کیمیاییەکانی تری بۆ زیاد دەکرێت.

No comments:

Post a Comment