29.10.21

بەکارهێنانی مێروو و زیندەوەرەکان لە جەنگدا



مێژووی بەکارهێنانی زیندەوەر لە جەنگدا کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دووەمی زایینی. بەگوێرەی نووسراوەکانی هێرۆدۆت کاتێک کە رۆمەکان دەیانەوێ شانشینێکی بچووکی میاندووروان (میزۆپۆتامیا) لە شاری هاترا لە دەوروبەری مووسڵی ئێستا داگیر بکەن، رووبەڕووی جەنگی زیندەوەران دەبنەوە.
شارەکە بە شوورایەکی بەرز دەورە درابوو. دانیشتوانی شارەکە بۆ پاراستنی خۆیان دەفری گڵینیان دروستکردبوون و پڕیان کردبوون لە دووپشک\دەمارەکۆڵ\کڵاژدم. کاتێک کە سەربازە رۆمەکان لە دیواری شار نزیک بوونەوە لە سەر دیوارەوە بارانی دووپشک بە سەریاندا باری و سەرەنجام تووشی شکست بوون.
هەروەها ئەوروپاییەکانیش زۆر جار لە جەنگەکانیاندا بەتایبەتی بۆ دەسگرتن بەسەر کەشتی و گەمیەکانی دوژمنەکانیان، شانە ژەنگەسوورە و پلوورە هەنگیان بەکارهێناوە. پلوورە هەنگەکانیان هاویشتووەتە نێو گەمیەکەوە و بەمجۆرە سەربازەکانی دوژمن رایانکردووە و گەمیەکەیان جێهێشتووە. ئەوان پلوورە هەنگەکانیان بە هۆی مەنجەنیقەوە هاویشتووە بۆ شوێنی مەبەست. دیارە پێشتر فارسەکانیش بە مەنجەنیق دووپشکیان هاویشتووەتە نێو شار و قەڵای دوژمنەکانیان.
هەروەتر، ئەمیر نەسروڵڵا بەهادورخان ئەمیری سەدەی ١٩ی بوخارا (ئوزبەکستانی ئێستا)، چاڵێکی تاریکی دروستکردبوو بۆ نەیار و دوژمنەکانی کە پڕی کردبوو لە جۆرێک مێرووی گۆشتخۆر. کاتێک دوو سەربازی ئینگلیس دەگرێت بە زیندوویی دەیانخاتە چاڵەکەوە؛ و وەک لە زمانی زیندانوانەکەوە بیسراوە، تەنیا ئێسکەکانیان مابوویەوە.

لە سەدەی بیستەمیشدا ڤیەتنامیەکان سوودی زۆریان لە دووپشک و هەنگی ئاسیایی وەرگرت لە دژی ئەمریکاییەکان. وەک زانراوە هێزە ڤیتنامیەکان بە گشتی لە تونێلگەلی ژێر زەمینی سوودیان وەردەگرت بۆ مانەوە و جەنگ و بەربەرەکانێ. ئەمریکاییەکانیش هێزی تایبەتیان تەرخان کردبوو بۆ دۆزینەوە و وێرانکردنی تونێلەکان. زۆر جار لە تونێلەکاندا هێزە ئەمریکاییەکانیان دەخستە تەڵەوە و لە ناکاو بارانی دووپشکیان بەسەردا دەباری.


 


No comments:

Post a Comment