16.10.21

چەرمی رووەکی

 



چەرم یا پێست لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە وەک ماددەیەکی خاو مرۆڤ سوودی لێوەرگرتووە ؛ و بۆ مەبەستی جیاواز بەکاری هێناوە.  زۆر جار تەنیا بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە پێست ئاژەڵەکانی کوشتووە؛ یا ئاژەڵی بەخێو و پەروەردەکردووە بۆ مەبەستی کەڵکوەرگرتن لە پێستەکەی.  لە کۆنەوە پێستی ئاژەڵ وەک جلوبەرگ و پاپۆش و مەشکە و خوان و زین و زۆر شتی تر بەکارهێنراوە.  لەم سەردەمەیشدا کە پیشەسازی زۆر پێشکەوتووە و ماددەکانی باغە و جیر و دڵق پەیدا بووە، هێشتا بەکارهێنانی چەرمی ئاژەڵ لە برەو نەکەوتووە.

بەڵام لە ماوەی دەیینەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، بەتایبەتی لە سەرەتای هەفتاکانەوە لایەنگرانی مافی ئاژەڵ، ژینگەوانان و کەسانی رووەکخۆر پەرەیان دا بە دژایەتیکردنی بەکارهێنانی پێستی ئاژەڵ؛ و بۆ ئەم مەبەستەیش لێگەڕین  بە دوای جێگرەوەیەکی باش و هەرزان دەست پێکرا. 

دوای ئەوە کە توانرا چەرمی کەڕوویین لە چەند جۆرێک کارگ ساز بکرێت،  چەرمی رووەکیش داهێنرا و ئێستا لە چەند وڵاتێک کۆمپانیاگەلی جیاواز کاری لەسەر دەکەن.  چەرمی رووەکی لە پاشماوەی خۆراک بەرهەم دەهێنرێت.  بەگوێرەی ئامارەکان ساڵانە نزیکەی یەک میلیارد و نیو تۆن خۆراک فڕێدەدرێت.  ئەگەر ئەم پاشماوەیە بەکاربهێنرێتەوە خزمەتێکی گەورە بە مرۆڤایەتی دەکرێت.

یەکێک لە چەرمە باشەکانی رووەک ئەو چەرمەیە کە لە پاشماوەی میوەی وەک ئەناناس و مانگۆ و سێو و هەرمێ و رووەکی کاکتووس دروست دەکرێت.  دیارە مانگۆ لە کوردستان ناڕوێت بەڵام لە بری مانگۆ دەکرێت لە کوردستان پاشماوەی ئەو سێوەی کە دەکرێتە شەربەت کۆبکرێتەوە و بکرێتە چەرم.  بۆ ئەم مەبەستەیش دەلوێت تڵتە و توێکڵی ئەو سێوە کە لە کارخانەکان ئاوەکەی دەگیرێت و دەکرێتە شەربەت لە جیاتی فڕێدان، لەگەڵ ئاو و چەند ماددەیەکی وەک سرکە، نیشاستە و گلیسرین لێکبدرێت و هەڵبشێلدرێتەوە و بکرێت بە چەرم.  پێواژۆی گۆڕینی پاشماوەکە بۆ چەرم کارێکی چەتوون نییە.

دووای ئەوە کە چەرمەکە بەرهەمدەهێنرێت وەک چەرمی ئاژەڵی دەکرێت لە دروسکردنی کەوش و پێڵاو و جلک و کەرەستەکانی تردا بەکار بهێنرێت.  ئەم جانتایانەی کە لە وێنەکاندا دیارن لە تڵتە و توێکڵی سێو دروسکراون.  بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر دەتوانیت سەیری ڤیدیۆکەیش بکەیت کە بەرهەمهێنانی پێستی رووەکی لە وڵاتی هۆڵەندا نیشان دەدات.




سەرچاوە

کۆنشس لایف ئاند ستایڵ

ڵیڤینگ سێرکیووڵار

No comments:

Post a Comment