27.10.21

چەکی زیندەزانی\بایۆلۆژیک



چەکەمەنیی زیندەزانی، جەنگەوزاری زیندەزانی. بریتییە لە نیتەندامگەلی لە گوین نیتگ(ڤایرەس)ەکان، بەکتریاکان و کەڕووەکان یا ئەو ژەهرانەی بە مەبەست بەرهەمدەهێنرێن و بەکاردەهێنرێن تا ببنە هۆکاری بیماری و مەرگی مرۆڤەکان، ئاژەڵەکان و رووەکەکان.
ماددەکانی وەک ئەنتراکس و ژەهری بۆتولینوم و تاعوون دەکرێت دۆخێکی نەخۆشینیی سەخت بهێننە ئاراوە؛ و ببنە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان لە ماوەیەکی کورتدا؛ و کۆنترۆڵکردنیشی چەتوون و دژوارە.
شایانی باسە کە بەکتریای باسیلووس ئەنتراسیس، ژەهری بەکتریایی بۆتیلینوم، نیتگی ڤاریۆڵا مەیجەر(ئاوڵۆکە)، بەکتریای فرانسیسێڵا تولارێنسیس، نیتگی ئیبۆڵا، بەکتریای یەرسینیا پێستیس، نیتگی ماربورگ، نیتگی بونیاڤایرەس و کەڕووی ئەفلاتۆکسین کوشندەترین چەکە زیندەزانیەکانن. لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی هەندێکیان زۆر ئاسانە و لە رووی داراییەوە تێچوویەکی زۆر کەمی دەوێت. هەروەها بۆی هەیە بڕێکی زۆر کەم لەم ماددانە زیانێکی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە بۆ وێنە دەکرێت یەک گرام لە ژەهری بۆتولینوم بکرێتە ئاوەوە و پتر لە یەک میلیۆن کەس پێی بکوژرێت.
لە گەرمەی جەنگیی جیهانیی دووەمدا هاوپەیمانەکان سازیی ئەوتۆیان دامەزراند کە توانای بەرهەمهێنانی ئەنتراکس و باسیلۆسیس و بۆتولینومیان هەبوو بەڵام، پێش ئەوەی ناچار بن بەکاریان بهێنن، دوایی بە جەنگ هات.
جێی سەرنجە کە کۆڤەنسیۆنی چەکەمەنیی زیندەزانی\بایۆلۆژیی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٧٢، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، خواست، گواستنەوە، کەڵەکەکردن و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی زیندەزانی و ژەهرناکی قەدەغە کردووە؛ و لەلایەن ١٨٣ وڵاتەوە واژۆ کراوە.



سەرچاوە

ئارمی تێکنۆڵۆجی

وۆرڵد هێڵت ئۆرگەنایزەیشن

یونایتد نەیشنز 

مێدیکاڵ نیوز تودەی

ئینسایکڵۆپێدیا بریتانیکا

No comments:

Post a Comment