16.10.21

کرمی بەفر

 


کرمێکی بچووکە درێژییەکەی یەک سانتیمەتر و پانییەکەی یەک میلیمەترە.  ساڵی ١٨٩٨ بۆ یەکەمجار دۆزرایەوە و  ناوە زانستییەکەی بریتییە لە مێسینکیترایوس و ٧٧ چەشنی جیاوازی هەیە.  لە کوردەواریدا دەگوترێت کە رەنگی سپییە و ئەو کاتە کە بەفر کۆن دەبێت واتە بەهار نزیک دەبێتەوە بەفردەگەنێت و ئەم جۆرە کرمەی لێ پەیدا دەبێت.  هەروەها قسەیەکیش هەیە کە دەڵێن ئەگەر کرمەکە دوای ووشککردنەوە بهاڕدرێت و بکرێتە نێو ئاوەوە ساردی دەکات.  ئەم ووتەیە  لە زۆر ناوچەی کوردستان دەبیسترێت بەڵام لە رووی زانستییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.  گوایە ووشەی (زەلال) کە لە کورمانجیدا بۆ ئاوی سارد و چەییگ بەکاریدەهێنن ناوی ئەم کرمەیە.  واتە کاتێک کە دەڵێن ئاوی زەلال مەبەست ئەو ئاوەیە کە بە هاڕراوەی ئەم کرمە سارد بووە.  دیارە ئەمەیش هەر گومانە چونکە زەلال پتر واتای روون و رۆشن دەگەیەنێت نەک سارد و چەییگ.

  دیار نییە ئەو چەشنەی لە کوردستان هەیە ناوی چییە بەڵام ئەوانەی لە ووڵاتانی تر هەن رەنگیان سپی نییە.  زۆربەیان رەنگیان رەش، شین، قاوەیی و سوورە.  هەرچەندە زۆر بچووکە بەڵام لە چەشنی ئاڵقەییە و لە کرمە سوورەی گڵ دەچێت.  لە پلەی سفر سەدیدا دەژیێت و حەز لە رووناکی و تیشکی خۆر ناکات، هەربۆیە لە دوای کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆوە دێتە سەر بەفر و بە دووای خۆراکدا دەگەڕێت.


  خۆراکی ئەم کرمە بریتییە لە قەوزەی سوور و بەکتریا و ریزەندامەکان کە لەسەر کڵێڵە و رنووە بەفر دەژیێن.   زانکۆی دەوڵەتیی واشنگتۆن پشتڕاستی کردووەتەوە کە کرمی بەفر لە پلەی خوار سفری سەدیدا دەمرێت؛ و هەروەها دەڵێن لە هەر رنوویەکدا نزیکەی پێنج میلیارد کرمی بەفر هەیە.  ئەم کرمە لە رنوو و کڵێڵە بەفرەکاندا دەژیێت و جۆرە پرۆتینێکی تێدایە کە دژی یەخبوون و شەختانە، هەربۆیە بە ئاسانی دەتوانێت لە بەفر دا بژیێت و بە ناویدا هاتوچۆ بکات.





سەرچاوە


نیکۆڵس

ئایس وۆرم فێستیڤاڵ

نەیچەر وۆرڵد نیوز



No comments:

Post a Comment