20.11.21

کوارگەکانی کوێستانەکانی کوردستان



لە کوردەواریدا ناسراوترین و بەناوبانگترین قارچک ئەو قارچکانەن کە وەرزی بەهار و لە کوێستانەکان دەڕوێن.   ئەم کوارگانە هەموویان بە ناوی ئەو رووەکەوە ناسراون کە قارچکەکە لە پاڵیدا روواوە.  دیارە بە گوێرەی ناوچەکان و زار و زمانەکان ناوەکانیش دەگۆڕێن.  هەندێک جار جیاوازییەکان کەمن و هەندێک جاریش ئەوەندە زۆرن  رەنگە لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ بکرێت.  بەشێک لە ناوی ئەم کوارگانە بەم جۆرەیە: کەما، کەموون، کەمیر، هەڵز،  هەڵیز، هێلیز، هەلیزان، هەنوان، بۆڕ، لۆ، کەرکۆڵ، کەرکووڵ، کەرکۆر، تاڵیتۆز، چەڤر، چەورە، خوون، خوێڕک، رەس، چاکشوور، چەقەلۆ، رەزیانکا مەزن، رەزیانە کێویلە، سیابۆ، هەبۆسان، چاڤەشیر، جاخ، جاقسوور، چاخشوور، جاشیر و تاد…. لە راستیدا لیزگەی ناوەکان لەمە درێژترە و ئەگەر بە دواداچوونی تایبەتی بۆ بکرێت زانیاریی ووردتر و زیاتر لەم بارەیەوە لە لادێکان و لای خەڵکی کوێستان و بەرزەوارەکان هەیە.  


ئەم رووەکانەی لە سەرەوە ناویان بردرا، هەموویان سەر بە خێزانی ئاپیاسی یا چەترییەکاننبە ووتەیەکی تر هەموویان لە تیرەی کەلووس (کەرەوز) و زورک و شویت و رازیانەنئەم رووەکانە گەڵادەرزیلەیی یا پەنجەیین و هەموویان بۆندارنهەندێکیان خۆراکی مرۆڤن و هەندێکیشیان ئالیک و لەوەڕی ئاژەڵنلەبەرئەوەی ژمارەی ئاژەڵ و مرۆڤ زۆر بووە و هەوای کوێستانەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەم رووەکانە کەمتر لە پێشوو گەشە دەکەن و تەنانەت هەندێکیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە  خراونەتە لیزگەی ئەو رووەکانەی بەرەو نەمان دەچنهەر بەم هۆیەشەوە ئەو قارچکانەی لەپاڵ ئەم رووەکانەیشدا دەڕوێن، وێڕای رووەکەکان بەرەو نەمان دەچن.



ئەو کوارگانەی لە پاڵ ئەم رووەکە چەترییانەدا دەڕوێن، قەدیان زۆر کورتە و قەبارەی جیاوازیسان هەیە؛ زۆر جار قەبارەیان دەگاتە نزیکەی سی سانتیمەتر.  بە هێشوو دەڕوێن؛ و کڵاو و شیپەڕە و قەدیان سپییە؛ و قەدەکەیان دەکەوێتە لایەکی کڵاوەکەوە نەک ناوەڕاستی.  لەگەڵ چونەسەری تەمەنیان سەر کڵاوەکەیان لۆچی لێ پەیدا دەبێت.  هەرچەندە لە رووی بۆهێڵەوە لە یەکتری جیان، بەڵام بەگشتی لەو جۆرە قارچکانەن کە پێیان دەگوترێت چەشناڵۆز یا (species-complex) و ناوی زانستییەکەیان بریتییە لە (Pleurotus eryngii species-complex).  ئەمانە لە کوردستان لە خۆشترین و بەتامترین قارچکەکان هەژمار دەکرێن.   لێ، بەداخەوە هێشتا لە کوردستان توێژینەوەی ووردیان لەسەر نەکراوە؛ و ئامار و هەژمارێکی وورد سەربارەت بە جۆر و چەشنەکانیان و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان لەدەستدا نییە.


Giya y Res, Çiya Gare
بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەمانە کارگی هاوژینن لەگەڵ رووەکەکانواتە ئەگەر رووەکەکان نەڕوێن کوارگەکانیش ناڕوێنئەم جۆرە قارچکانە لە رێگەی رایەڵکەکانیانەوە پەیوەندیی دەگرن لەگەڵ رەگ و ریشەی رووەکەکان.   خۆراکی پێویست لە رووەکەکان وەردەگرن و لە بەرامبەریش رووەکەکان هەرچی پێویستیان بێت لە قارچکەکانی وەردەگرن و درێژە بە ژیانیان دەدەنلە زانستی کەڕووزانی و ژیانزانیدا بەم جۆرە پەیوەندییە دەگوترێت هاوژینی یا (سیمبایۆتیک).   ئەم خەسڵەتی هاوژینییە دەبێتە هۆی ئەوە کە نەتوانرێت ئەم جۆرە قارچکانە لە شوێنی تر بڕوێندرێن.   واتە ئەگەر گەرەکت بێت کارگی کەما یا هاوچەشنەکانی بڕوێنیت، پێویستە سەرەتا رووەکی کەما بڕوێنیت؛ و پاشان  هاگی کوارگەکە لەسەر رەگی رووەکی کەما هەوێن بدەیت.  ئەمەیش ئاسان نییە؛ چونکە رووەکی کەما و هاوچەشنەکانی، ژینگەی سارد و کوێستانییان دەوێت و رووەکی وەرزین.  لەلایەکی ترەوە تاکە رێگایەک بۆ پێشگیری لە نەمانی ئەم جۆرە کوارگانە، بریتییە لە هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی تۆوەکانیان.  گەرەکە بە هەموو شێوەیەک رێگە بگیرێت لە مەڕو ماڵات و رێگەنەدرێت ئەم رووەکانە ریشەکێش بکەن.  لانیکەم دوو ساڵ جارێک رێگە بگیرێت لە چوونی مەڕ و ماڵات بۆ نێو کەماجاڕ و شوێنە هاوشێوەکانی.

 



No comments:

Post a Comment