21.11.21

بۆتۆکسین

 




ژەهری بۆتولینوم.  ئەم ماددەیە کە بۆ نەهێشتنی چرچ و لۆچی روخسار بەتایبەتی هەنیە و گۆشەی چاوەکان و دەوروبەری دەم بەکاردەهێنرێت، لە رێگەی کفکاندن(ترشاندن)ی جۆرێک بەکتریای بێهەواژی بەرهەمدەهێنرێت کە پێیدەگوترێت (کڵۆستریدیوم بۆتولینوم).  ئەم ماددەیە هەر ئەو ژەهرەیە کە لەسەر خۆراکی کۆن دروستدەبێت و کاتێک کەسێک دەیخوات، پێی نەخۆش دەبێت و  دەڵێن تووشی بۆتولیزم (ژەهراویبوون بە بۆتولینوم) بووە.  دیارە ژەهرەکەی زۆر کوشندەیە و زۆربەی جاران کەسەکە دەکوژێت.

هەر ئەم مادددەیە وەک ماددەیەکی ژەهرناک لە سازکردنی چەکی بایۆلۆژیدا بەکاردەهێنرێت؛ و یەک گرام لەم ماددەیە بکرێتە نێو ئاوەوە دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا میلیۆنان مرۆڤ بکوژێت.  پزیشکەکان بڕێکی زۆر کەم لەم ژەهرە بەکاردەهێنن بۆ چارەسەری گیروگرفتە تەندروستییەکان.  بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گنج و چرچ و لۆچی روخسار ناهێڵێت.  ئەم ماددەیە لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەندکراوە بۆ نەهێشتنی چرچ و لۆچی پێست؛ و نەهێشتنی ئارەقی زۆری بنهەنگڵ و لەپی دەست.


بۆتۆکس لە رێگەی دەرزییەوە و  لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە بەکاردەهێنرێت؛ و پێش بەکارهێنانیش گەرەکە پزیشک لەوە دڵنیا بێت کە لەشی نەخۆشەکە ئەم ماددەیە دەپەژرێنێت و پێی هەستەوەر نییە.  هەروەها ئەگەر نەخۆشەکە رۆژانە دەرمانی وەک ئاسپرین،  بروفین، ئەمینۆگلایکۆساید، ڤیتامین ئی، رۆنی ماسی و شەرابی سوور دەخوات پێویستە بیانوەستێنێت.  پێواژۆی ئەم کارە تەنیا ١٥ خولەک دەخایەنێت و لەم ماوەیەدا پزیشک سەرەتا شوێنەکە بە ئاڵکۆڵ\سپرتۆ پاک دەکاتەوە و ئینجا بە هێواشی بۆتۆکسەکە لە رێگەی دەرزییەوە دەزێنێتە ژێر پێست یا ماسوولکەکانی نەخۆشەوە.


شایانی باسە کە کاری بۆتۆکس، پڕکردنەوەی چاڵ و قووڵیەکانی پێست نییە؛ بەڵکوو لە راستیدا ووردە دەمارەکانی ئەو شوێنانە بە جۆرێک سڕ دەکات یا بۆ ماوەیەکی کاتی لاوازیان دەکات و پەکیان دەخات.  بۆ وێنە ئەگەر نەخۆشەکە هەنیە\ناوچاوانی چارەسەر کرابێت، کاتێک دەیەوێت ناوچاوانی گرژ بکات و برۆکانی بەرز دەکاتەوە،  لەبەرئەوەی دەمارەکانی پەکخراون، چەندی هەوڵی گرژکردنی ناوچەوانی بدات ناتوانێت، هەر بۆیە چرچ و لۆچییەکە دروست نابێت؛ و وا دەردەکەوێت کە لۆچەکان پڕکراونەتەوە.


بەشێوەی ئاسایی نیشانەکانی نەمانی چرچییەکە دوای دوو رۆژ دەردەکەوێت؛ و لە ماوەی دوو هەفتەدا بە تەواوی کاری خۆی دەکات.  ئەم پێواژۆیە سێ تا چوار مانگ جارێک گەرەکە دووبارە بکرێتەوە.  شایانی باسە کە ژەهری بۆتولینوم بۆ چارەکردنی نەخۆشینی تریش بەکاردەهێنرێت وەک گرژبوونی ماسوولکەکانی شان و مل، لەدەستدانی کۆنترۆڵی چاوەترووکە، خێلی، مایگرێنی درێژخایەن و لەدەسدانی کۆنترۆڵی میز.




سەرچاوە:


مێدڵاین پڵاس

سکین سایت

دیستۆنیا فاوندەیشن

No comments:

Post a Comment