27.5.21

مردەوەژیی ئاوی سیان و زێرابەکان



چەند ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکی ئیسراییل لە بۆنەیەکی گرنگدا کە گرێدراو بوو بە رەوشی ئاو و شێوازی سوود لێوەرگرتنی؛ گوتی جیاوازیی ئێمە لەگەڵ خەڵکانی تر لەمەدایە کە ئێمە دەبێ یەک دڵۆپ ئاو بکەین بە پێنج دڵۆپ! ئەم ووتەیە تەنیا دروشم نەبوو بەڵکوو ئیسراییلیەکان بە کردەوە جێبەجێیان کردووە و لە ووڵاتێکی ووشک و بێ ئاو و بێ خاکی کشتوکاڵیدا چەندین دارستان و لێڕەواریان ساز کردووە و بیابانی ووشک و بێ ئاویان کردووەتە گۆل و دەریاچە و باغ و بێستان و سەوزەزار.


ئێستا رۆژهەڵاتی ناوین بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت.  وەک پێشتر زانایان پێشبینییان کردبوو، سەدەی بیست و یەک سەدەیەک دەبێت کە تیایدا بەتایبەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین ئاو لە نەوت گرنگتر دەبێت.  چوونە سەری ژمارەی دانیشتووان و گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا، هەرکامە بە نۆرەی خۆی هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی رێژەی ئاو.  بێگومان ئاو کە مایەی ژیانە، هەرکاتێک رێژەکەی کەم بێتەوە، بایەخ و گرنگییەکەی بەرز دەبێتەوە.  هەربۆیە گەلانی هۆشیار و بەمشوور ساڵانێکە کەوتوونەتە خۆ؛ و تێدەکۆشن سەرچاوەی جیاواز و هەرزان و مشێ بۆ دابینکردنی ئاو بدۆزنەوە؛ و هەروەها لە بەکارهێنانیدا زێدەڕۆیی نەکرێت.  یەکێک لەو رێگایانە سوود وەرگرتنە لە ئاوی بەکارهاتوو واتە ئاوی زێرابەکان و سیانەکان.  ئەو ئاوەی کە لە ووڵاتی ئێمە هێشتا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە و لە زۆر شار و شارۆچکەدا تەنانەت زێرابیشی بۆ دروست نەکراوە و بەسەر  شەقام و شوێنە گشتییەکاندا تێدەپەڕێت.


وەک هەمووان دەزانن لە کوردستان دەریامان نییە، هەرچەندە ئاوی دەریا بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ نابێت.  ژمارەیەک چەم و رووباری هەمیشەیی و وەرزیمان هەیە.   لە هەمان کاتدا،  وێڕای ئەوە کە ئاوێکی زۆری سەر زەوی و ژێر زەویمان هەیە، و رێژەیەکی زۆری بە فیڕۆ دەڕوات، بەشێکیش لە ئاوی رووبار و چەمەکان بە هۆی زبڵ و پاشماوەی ماڵان و پاشماوەی کارگە و کارخانەکانەوە پیس و ئالوودە دەکرێن.  بەهۆی خەمساردی و نەبوونی پلان و بەرنامەوە، لە هەندێک شوێن ئاوی زێراب و سیاناوەکانیش تێکەڵ بە ئاوی چەم و رووبارەکان دەبێتەوە.  بە واتەیەکی تر ئاوی زێراب و سیاناوەکان نەک هەر پاک ناکرێنەوە و بەکارناهێنرێنەوە، بەڵکوو دەبنە هۆکارێکیش بۆ پیسکردنی ئاوە پاکەکان و پەرەپێدانی زیاتری ژینگەدژوونی.  ئەم ئاوانە لە زۆر شوێن رەوش و دیمەنی زۆر ناشیرین و نەخوازرواو و بێزراویان ئافراندووە و بوون بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی بۆگەنی و میکرۆب و نەخۆشی.  خۆ ئەگەر بەخاتری نەهێشتنی هۆکارەکانی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگەیشەوە بێت، گەرەکە حکومەت ئاوڕێک لەمانە بداتەوە و رێگا چارەیەکی زانستیانە و سەردەمیانە بۆ ئاوی زێرابەکان بدۆزێتەوە.


هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کرا لە زۆر ووڵاتان دەستکراوە بە کۆکردنەوەی ئاوە بەکارهاتووەکان و پاککردنەوەیان.  ئەم کارە کە پێیدەگوترێت چنینەوەی بەرهەمی ئاوی بەکارهاتوو، هەرچەندە سەخت و قورسیش بێت شایستەی بایەخ پێدانە.  لەم کارەدا سەرکەوتنی باش بەدەسهاتووە؛ و یەک لەم ووڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناڤین ئیسراییلە کە ئاوی مردەوەژیی کردووەتە سەرچاوەیەک بۆ ئاودانی زەویوزار.  کاری پاککردنەوەی ئاوە بەکارهاتووەکان، کارێک نییە کە هاووڵات بتوانێت شانی بداتە ژێری و جێبەجێی بکات.  ئەمە ئەرکێکی قورسە و پێویستە حکومەت خەمی لێ بخوات و بەرنامە و گەڵاڵەی تۆکمە و درێژخایەنی بۆ دابنێت.  دیارە بە بەراورد لەگەڵ سوود و قازانجەکەی، تێچووەکەی زۆر نییە.  بۆ ئەم مەبەستە حکومەت دەتوانێت لە نزیک دەرچەی زێرابەکانی هەرکام لە شارەکان بنکەی تایبەت بە پاککردنەوەی ئاوی زێراب و سیاناوەکان دابمەزرێنێت؛ و دوواتر ئاوەکە لەجیاتی ئاوی خواردنەوە و پاک، لە رێگەی بۆڕی یا کەناڵ و شاجۆی تایبەتەوە یا لە رێگەی دروسکردنی دەریاچەوە بدات بە جووتیار و وەرزێڕان. 


بەم کارە لە لایەکەوە ژینگە لەم ئاوە پیسە پاک دەکرێتەوە و هۆکارەکانی نەخۆشی کەمدەکرێنەوە؛  لە لایەکی ترەوە لەبری ئەوە کە ئاوەکە بەفیڕۆ بڕوات، بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری بەکاردەهێنرێت و بەشێک لە پێداویستیی جووتیار و وەرزێران دابین دەکرێت.  واتە ئەو ئاوەی کە جارێک بەکارهاتووە و لەدەست دەرچووە، بە کۆشش و هیممەتی حکومەت و کەسانی شارەزا و پسپۆر، بە جۆرێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا دەهێنرێت کە ببێتە هاوکار لە شکستهێنان بە تەنگژەی ووشکەساڵی و کەمئاویدا.


 


No comments:

Post a Comment